وەزارەتی کارەبا: تا ئێستا ھیچ نرخێکی فەرمی بۆ کارەبای ٢٤ کاتژمێری دیاری نەکراوە

ھەولێر - KDP.info - گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، "تا ئێستا پڕۆژەی کارەبای رووناکی لە قۆناغی تێست دایە، ھێشتا ھیچ نرخێکی فەرمیی بۆ پارەی کارەبای ٢٤ کاتژمێری دیاری نەکراوە و دیراسە دەکرێت، ھەر کاتێک دیراسەکردنی تەواو بوو، نرخی دیاری دەکرێت، مەرج نییە پڕۆژەکە کۆتایی بێت ئەوجا بە فەرمی نرخی بۆ دیاری بکرێت."
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند:"پڕۆژەی رووناکی لە مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوو بەشێوەی ئەزموونی دەستی پێکردووە.
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە مانگی ١٠ی ساڵی ڕابردوو پڕۆژەکەی ڕاگەیاند، سەرەتا لە چەند گەرەکێکی ھەولێر دەستی پێکرد، تا ئێستا ھیچ بڕیارێکی حکوومەت بۆ تێچووی کارەبای ٢٤ کاتژمێری نەدراوە، بۆیە ھێشتا دیراسەی ئەوە دەکەین نرخەکەی چەند بێت، کار دەکەین بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری کارەبای ٢٤ کاتژمێری بە کەمترین نرخ بگاتە ھاووڵاتییان، بۆیە ئەوانەی لە سەرەتاوە کارەبای بەردەوامیان بۆ دابینکراوە لە پڕۆژەی رۆناکی، ئەزموونێکی باشیان وەرگرتووە لە خەرج کردنی کارەبا و دەزانن چۆن کارەبا بەکار بێنن، بۆ ئەوەی لە کۆتایی مانگ پارەیان بۆ بگەرێتەوە، بۆیە دوای کۆکردنەوەی تەواوی زانیاری نرخی جێگیر دیاری دەکرێت، ئەویش بە ڕەچاوکردنی بارودۆخی خەڵکی ھەژار."
ئومێد ئەحمەد گوتیشی "حکوومەت لەو نرخەی دیاریكراوه پاڵپشتی ھاووڵاتی دەکات و پارەی زیاتر بۆ ئەوانە دێتەوە کارەبای زیاتر بەکار دێنن نەک ئەوەی کەمترین کارەبا بەکار دێنێت، بۆیە ئەم پڕۆژەیە وا لە خەڵک دەکات بزانێت مانگانە چەند کارەبا بەکار بێنێت و چەند پارەی بۆ دەگەڕێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی نرخی فەرمیی دیاری دەکرێت.
پرۆسەکە بەردەوامە و بەردەوامین لە تێستکردنی تۆڕی کارەبا، بەھۆی ئەوەی پێداویستی و خەرجی زۆری دەوێت بۆ ئەوەی کارەبای بەردەوام بۆ ھاووڵاتییان دابین بکرێت، بۆیە ئەو پارەیەی لە ھاووڵاتییان وەردەگیرێت، جارێکی دیکە لە کارەبا دابین دەکرێت."
ئەحمەد باسی لەوەش کرد "موەلیدەکان تا کۆتایی پڕۆژەی رووناکی بەردەوام دەبن و کاری خۆیان دەکەن، ھەمیشە ھاوکاری ئێمە بوونە و داواش دەکەین ھاوکاری بەردەوام بن، بەڵام پڕۆژەی ڕۆناکی بەردەوام دەبێت تا کۆتایی پێدێت، بۆیە ھەر کاتێک دیراسەی ئێمە لەلایەن تیمێکی بەھێز تەواو بوو، نرخی کارەبای ڕۆناکی بە شێوەیەک لەخزمەتی هاووڵاتییان بێت دیاری دەکرێت و بە فەرمیی ڕایدەگەینین کە بڕیارە تا کۆتایی ساڵی داھاتوو تەواو بکرێت و کارەبا لە ھەرێمی کوردستان بکرێتە ٢٤ کاتژمێری، چونکە ئێستا زۆر بەخێرایی کار لە سەر ئەوپڕۆژەیە دەکرێت."
گوتیشی "تا کۆتایی ئەمساڵ لە سەنتەری ھەموو شارەکان دەستپێدەکات، دواتریش لە دەرەوەی شارەکان دەست بە ئەنجامدانی پڕۆژەی ڕۆناکی دەکرێت، بەردەوامیش دەبین تاوەکو ھەموو ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
بەپێی پلانی دانراو، تا کۆتایی ساڵی داھاتوو ھەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەن کارەبا ٢٤ کاتژمێری ئەگەر ھیچ گرفتێکمان بۆ دروست نەبێت."
بڵند ئیبراھیم




