٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسی لقی ١٠ لە یادی ڕاپەڕینی سۆران و دەوروبەری باسی دەسكەوتەكانی ڕاپەڕین دەكات

سەرچاوە: KDP.info

سۆران-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە یادی ٣٤ ساڵەی ڕاپەڕینی کوردستان و ڕاماڵینی دەسەڵاتی بەعس لە ناوچەکانی سۆران و دەوروبەری لە ١٠ی ئاداری ١٩٩١ دەڵێ، ڕاپەڕین زۆر دەستکەوتی گرنگی ھەبوون‌ کە کیانی ئەمڕۆی کوردستان یەکێک لە بەرھەمەکانییەتی و پێویستە بە خەڵک و دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە بیپارێزین.

د. ڕێبوار بابکەیی، بەرپرسی لقی ١٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە یادی ٣٤ ساڵەی ڕاپەڕینی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوتی، "ڕاپەڕینی گەلی کوردستان بەرەنجامی خەباتی گەلی کوردستان بوو دژی ستەم و داگیرکاری و زۆرداری دەیان ساڵەی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق و خەباتی گەلی کوردستان، دواجار لە ساڵی ١٩٩١ بە ھەماھەنگیی بەرەی کوردستانی کە تیایدا سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی گەورەی گێڕاو بووە یەکێک لە گرینگرتین وێستگەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا و کوردی کردە خاوەنی قەوارەیەکی جوگرافی و سەلمێنراو کە لە ١٩٩٢ەوە یەکەم ھەڵبژاردنی کوردستان ئەنجامدرا کە ئەو ھەڵبژاردنە بەرھەمی ویستی خەڵکی کوردستان بوو بۆ شێوازی حکومڕانی خۆماڵی.

بابکەیی ھەروەھا ئاماژەی بەوەکرد، ھەموو ساڵێک لە ١٠ی ئاداردا لە سۆران و دەوروبەری یادی ئەم ڕاپەڕینە مەزنە دەکرێتەوە لەلایەن چین و توێژە جیاوازەکانەوە کە لەو ڕاپەڕینەدا پارتیمان و جەنابی سەرۆک بارزانی دەور و ڕۆڵی گەورەیان ھەبووە و دەکرێ بڵێین ئەندازیاری ئەو ڕاپەڕینە بوون، بۆیە لە ١٠ی ئاداردا سەرجەم چین و توێژەکانی سۆران و دەوروبەری ڕاپەڕین و ڕزگاربوون لە ڕژێمی بەعسی ڕووخا‌.

ھاوکات بە گرینگی دەزانێت پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین و دەڵێ، ئەرکێکی ئەخلاقی و سیاسی و نیشتمانییە و دەکەوێتە سەر شانی ھەموو چین و توێژ و لایەنەکان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە، چونکە ئەمە دەستکەوتێکی نیشتمانییە و بە خوێنی ھەزاران شەھید ھاتووەتە دی و دەبێ بیپارێزین و لە پاڵ پاراستنی دەستکەوتە بەدیھاتووەکانی ڕاپەڕیندا پێویستە ڕێز لە داموودەزگا نیشتمانییەکانی بەرھەمی ڕاپەڕین بگرین و ھەموو لایەنەکان پێکەوە تەبا بین لە بەرامبەر ھەر ھەڕەشە و تەحەدییەک کە بەرامبەر ئەم ھەرێمە ھەیە و بەتایبەتی لە ئێستادا کە بەغدا ھێشتا بەرامبەر خەڵکی ئێمە و کیانەکەمان ستەم و نادادی پەیڕەو دەکات بەتایبەتی پڕۆسەی سیستەماتیکی برسیکردنی خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی تر چین و توێژی مووچەخۆری ئەم کوردستانە، ئەمە پێویستی بە یەکھەڵوێستی گشت لایەکە بەبێ جیاوازی دژی ئەو نادادییەی پەیڕەو دەکرێت دژی کوردستانیان.

بابکەیی ھەروەھا گوتیشی، "بەشێک لە ئامانجەکانی ڕاپەڕین ھێشتا بەدی نەھاتوون، کە یەکێک لەوانە گێڕانەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمە بۆ ژێر سایەی دەسەڵاتی ھەرێم و ئاڵای کوردستان بەتایبەتی کەرکووکی دڵی کوردستان و گێڕانەوەی ئەو ناوچانە ئەرکی ھەموومانە بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتی گەلەکەمان لەسەرتاپای خاکی باشووری کوردستان بکەین و دەستی ئاوەدانی و خزمەت بگاتە ئەو ناوچانە و دواجار بگەین بە ئامانجە مەزنەکەی ڕاپەڕین کە سەربەخۆیی کوردستانە.

 

سەلاح جەلال

هەواڵی پەیوەندیدار