ساسان عەونی: بەدواداچوونمان بۆ پرۆسەی دابەشكردنی زەوی لە سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین كرد

ھەولێر-KDP.info- وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەدواداچوون بۆ چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی لە سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین دەكات، جەختیش لەسەر چارەسەركردنی گرفتە هونەری و یاسایی و لۆجیستییەكان دەكاتەوە، تاوەكوو پرۆسەكە باشتر بەڕێوە بچێت.
بەپێی راگەیاندراوێكی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ئەمڕۆ یەكشەممە 9ی ئاداری 2025، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی تایبەتی بە پرۆسەی دابەشكردنی زەوی لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین كرد.
ئاماژە بەوە كراوە، كۆبوونەوەكە بە سەرپەرشتیی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە ئامادەبوونی ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی و كاروباری یاسایی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، هەروەها سەرۆكایەتییەكانی شارەوانیی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، ڕاپەڕین و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین و بەڕێوەبەرایەتییەكانی نەخشەدانانی ئاوەدانی ئەو سنوورانە بەڕێوە چوو.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، وەزیری شارەوانی بەدواداچوونی بۆ چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی پرۆسەكە كرد و لە كێشە و داواكاریی فەرمانگەكانی كۆڵییەوە، شارەوانییەكانیش بە داتا و لەسەر نەخشە، زانیارییان لەسەر پرۆسەكە خستە ڕوو، كارە ئەنجامدراوەكانیان بۆ دابینكردنی زەوی لەگەڵ كێشە یاسایی و هونەری و مرۆییەكانیان باس كرد.
ئەوەش راگەیاندراوە: "وەزیری شارەوانی جەختی لەسەر جدییەتی پرۆسەكە كردەوە و داوای لە شارەوانییەكان كرد، باشتر كار لەسەر ئەو پرۆسەیە بكەن، بۆ ئەوەی ئەو فەرمانبەرانەی مەرجەكان دەیانگرێتە سوودمەند بن لە وەرگرتنی زەوی، هەروەها جەختی لەسەر چارەسەركردنی داواكاری و كێشەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان لەسەر ئاستی پارێزگە و قەزا و ناحیە و بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵ و فەرمانگەكانی دیكەدا كردەوە."
ساسان عەونی ئاماژەی بەوەش كرد، پرۆسەی دابەشكردنی زەوی بۆ فەرمانبەرانی سەرجەم وەزارەتەكانە و پێویستە هەموو لایەك لەگەڵ شارەوانی هاوكار و هەماهەنگ بن، بۆ ئەوەی پرۆسەكە بە باشی بەڕێوە بچێت.
وەزیری شارەوانی، فەرمانگەكانی شارەوانی ڕاسپارد، بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی سنوورەكانیان كار لەسەر چارەسەركردنی هەر جۆرە گرفتێكی یاسایی و هونەری و پرۆسەی قەرەبووكردنەوە و دەستنیشانكردنی زەوی بكەن و هەوڵ بدرێت لە ماوەیەكی دیاریكراودا بە ڕاپۆرت كارەكانیان لەگەڵ گرفتەكانیان بخەنە ڕوو، ئەو شارەوانییانەی زەوییان نییە، زەوییان لە شوێنی دیكە بۆ بدۆزنەوە، هەروەها ڕووپێو و پێداویستیی پرۆسەكەش دابین بكرێت و كێشەكان چارەسەر بكرێن، جەختیشی كردەوە: ”دەبێت پرۆسەكە بە باشی بەڕێوە بچێت.




