سهید سدیق كهپرانی بۆ KDP: بیرهێنانەوەی مێژوو ئەركی پیاوانی ئایینی و ڕۆشنبیرانە

ههولێر-KDP.info- لە ڕابردوودا شێخ و مەلا و دەرچووانی حوجرە و مزگەوتەكان، سەرقافڵەی ڕێبازی كوردایەتی و ئەدەبیی كوردستان بوون، هەر بۆیە مامۆستایەكی ئایینی دەڵێت، پێویسته مامۆستایان مێژوو به بیری نهوهی ئێستا بهێننهوه، چونكە ئهوه ئیسلامه فێری كردووین ئهگهر وڵات و نیشتمانمان نهبێت، ژیان و دینداریشمان نابێت.
سهید سدیق كهپرانی، گوتاربێژ و مامۆستای ئایینی، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپهڕی فهرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، كۆڕەوەكەی بەهاری 1991 بیر دەهێنێتەوە و دەڵێت، پێش ٣٤ ساڵ، ئاوارەیی و کۆڕەوەکەی میللەتەکەمان بوو لە وڵات و زێدی باب و باپیرانمان بۆ وڵاتانی دراوسێ لەلایەن ڕژێمی ڕووخاوی بەعسەوە، تەنیا لەسەر ئەوەی کە کورد بووین و داوای مافی ژیان و ئازادیی خۆمان دەکرد.
بەلای سەید سدیق كەپرانییەوە، بیرهێنانەوەی مێژوو و باسكردنی بۆ نەوەی نوێ، ئەركی پیاوانی ئایینی و ڕۆشنبیرانە تا ئەم مێژووە تاڵەی کە لە ڕابردوودا هەمانبووە بۆ نەوەی ئێستای میللەتەکەمان باس بکەن، هەر لە ئاوارەیی، کیمیاییباران، زیندەبەچاڵکردن، ڕووخانی هەزاران دێهاتی وڵاتەکەمان کە ئەوەی ئێستا هاتووەتە کایەوە، بە ئاسانی دروست نەبووە، بەڵکو بە هەوڵ و کۆشش و خوێنی هەزاران ڕۆڵەی میللەتەکەمان هاتووەتە کایەوە و دەبێت پارێزگاری لێ بکەین و دەرفەت نەڕەخسێنین بۆ دوژمنان جارێکی تر ئەم ناخۆشی و مەرگەساتەی ڕابردوو بەسەر میللەتەکەماندا بهێننەوە.
ناوبراو لە درێژەی لێدوانەكەیدا دەڵێت، ئەوە ئایینی پیرۆزی ئیسلامە فێرمان دەکات ئەگەر وڵات و نیشتمانمان نەبێت، ژیان و دینداریشمان نابێت و شەڕەف و کەڕامەتمان پارێزراو نابێت، دەشڵێ، ئەوانەی لە ژیانی ئاوارەیی و دوورەوڵاتی دەژین، زیاتر هەست بە پیرۆزی و خۆشەویستی و گرنگیی وڵات دەکەن.
سهید سدیق كهپرانی هەروەها ئاماژەش دەدات، ئەوە پێغەمبەرە (د.خ) فێرمان دەکات ئەگەر پێویست بکات ڕوح و گیانی خۆمان فیدا بکەین لە پێناو پارێزگاری لە خاک و وڵات و نیشتمان و شەڕەف و کەڕامەتمان.
قائید میرۆ




