ماموستایەکی ئایینیی: ئەرکێکی پیرۆزە کە نەتەوەکان پارێزگاری لە نیشتمانی خۆیان بکەن

دھۆک -KDP.info- پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی دھۆک و سەرۆکی لقی یەکێتی زانایانی کوردستان لە دھۆک دەڵێت"خۆشویستنی خاک و نیشتمان ئەرکێکی ئاینییە و پێویستە ھەموومان خاکی خۆمان خوشبوێت و پارێزگاری لێ بکەین، بۆ ئەمەش چاو لەپێغەمبەری ئیسلام (د.خ) بکەین."
مەلا جیھاد حەسەن، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی دھۆک و سەرۆکی لقی دھۆکی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلام لە کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "سروشتی مرۆڤ وایە کە مەیلی بۆ وڵاتی خۆی ھەبێت، خودا مرۆڤی وا ئافراندووە، بۆیە ڕزقی کەوتۆتە سەر خاکێک کە پێویستە چاویشی لە خاکی خۆی ھەبێت و پارێزگاری لێ بکات، پێویستە چۆن ئاگای لەخۆی دەبێت ئاوا ئاگای لە خاک و نیشتمانی خۆیشی بێت، چۆن مرۆڤ لە ماڵەوە وەکو خێزان لە کۆمەڵێک کەس پێکدێت و پارێزگاری لە خێزانی خۆیان دەکەن، بەو شێوەیە پێویستە مرۆڤ پارێزگاری لە خاکەکەشی بکات، بەپێی سەرجەم ئاینەکان ئەرکێکی پیرۆزە کە نەتەوەکان پارێزگاری لە نیشتمانی خۆیان بکەن و خۆشیان بوێت، چونکە ھەر خاکێک داگیرکرا نوێژیشی لەسەر دروست نییە، بۆیە پێویستە وەکو چاوی خۆمان پارێزگاری لە خاک و نیشتمانی خۆمان بکەین و خۆشمان بوێت."
مەلا جیھاد حەسەن گوتیشی "پێغەمبەری خودا دروودی خوای لەسەر بێت نموونەیەکی باش بووە بۆ ئێمە، کاتێک لە مەککە دەریان کرد بە دڵێکی شکاو ڕووی لە مەککە کرد و فەرموویی "تۆ خۆشەویستترین شوێنی لای من، ئەگەر منیان دەرنەکردبووایە ھەرگیرز تۆم بەجێ نەدەھێشت"، کەواتە دەبێ چاو لە پێغەمبەری ئیسلام بکەین، بۆیە پێویستە ھەموومان وڵاتی خۆمان خۆش بوێت و ئەرکێکی ئاینییە، ھەر پارچەیەک لە وڵاتی ئێمە زیانی بەربکەوێت زیان بە ھەر تاکێکی ئێمە دەکەوێت، بۆیە برایەتی و پێکەوەژیان و خۆشویستنی یەکتری، لە ئاین بە ئەرک حیساب کراوە و ئەرکی ھەموومانە وڵات و خاکی خۆمان خۆشبوێت و پارێزگاری لێ بکەین."
بڵند ئیبراھیم




