ناوهڕۆكی دیداری شاندی پارتی و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی هەرێمی ئانهۆی چین

ھەولێر-KDP.info- له كۆبوونهوهی شاندی پارتی و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی هەرێمی ئانهۆی چین، یانگ گوانگرۆنگ گوتی، چین پێگەی پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕۆڵی لە ناوچەکە بەرز دەنرخێندرێت و داواشی کرد پەیوەندییەکان لەهەموو ئاستەکان زیاتر بەرەو پێشەوە بچن.
لە درێژەی دیدار و کۆبوونەوە و سەردانەکانی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ چین، پاشنیوەڕۆی ڕۆژی ۷ی ۳ی ۲٠۲٥ دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ یانگ گوانگرۆنگ جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی هەرێمی ئانهۆی لەگەڵ بەرپرسی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنەکە و بەرپرسانی پارتی کۆمۆنیستی چین لەو هەرێمە، ئەنجامدا.
سەرەتا بەڕێز یانگ گوانگرۆنگ پوختەیەکی لەسەر هەرێمەکەیان خستەڕوو بەوەی کە ٦۲ ملیۆن کەسن و یانزەیەمین هەرێمی چینن لە ڕووی ئابووری و پیشەسازییەوە و جەختی لەوە کردەوە کە چین بایەخی تایبەتی بە عێراق و هەرێمی کوردستان دەدات و پێگەی پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕۆڵی لە ناوچەکە بەرز دەنرخێندرێت و داوای کرد پەیوەندییەکان لەهەموو ئاستەکان زیاتر بەرەو پێشەوە بچن.
لەلای شاندی پارتییەوە د. هێمن هەورامی سەرۆکی شاند بە ناوی شاندی پارتییەوە وێڕای سوپاس و پێزانینی زۆر بۆ ئەم دیدارە و پێشوازی گەرمیان، سڵاو و رێزی سەرۆک بارزانییان لەڕێگهی بەڕێزیانەوە بۆ سەرۆکی چین بەڕێز شی جینپینگ نارد. پوختەیەکیان لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان و سیاسەتەکانی پارتی بۆ حوکمڕانی و دۆخی سیاسی ناوخۆو عێراق و سوریا و پرسی کورد لە ناوچەکە و هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نێودەوڵهتی خستەڕوو.
دواتر لە لایەن بەڕێزیانەوە ئێوارە خوانێکی فەرمی فراوانی بۆشاندی پارتی ڕێکخستبوو.






