وەزارەتی شارەوانی بۆ KDP: لەھەر شارەوانیەک زەوی ئامادەبێت دابەش دەکرێت

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی دەڵێ، ھێشتا ١٥٠ ھەزار فەرمانبەر ماون بۆ وەرگرتنی زەوی و لە ئایندەیەکی نزیکدا ٢٠ ھەزار پارچە زەوی لە ھەولێر دابەش دەکرێن.
سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "ئەو ٢٤٠ ھەزار فەرمانبەرەی ڕەزامەندی وەرگرتنی زەویان ھەیە ناوەکانیان ڕەوانەی سەرۆکایەتی شارەوانیەکان کراون، لەھەر شارەوانیەک زەوی ئامادەبێت دابەش دەکرێت، بۆ نموونە لە ئایندەیەکی نزیکدا ٢٠ ھەزار پارچە زەوی لە شاری ھەولێر دابەش دەکرێن.
بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی دەشڵێت، "تا ئێستا زیاتر لە ٢٤٠ ھەزار فەرمانبەر ڕەزامەندی وەرگرتنی زەویان بۆ دەرچووە و حەفتەی ڕابردووش لیستێکی دیکە ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە، بەڵام ھێشتا ١٥٠ ھەزار ناوی دیکەش ماون سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی پارچە زەوی.
لەبارەی ئەوانەی بەھەر ھۆکارێک بێت ناویان تۆمار نەکردووە، سەربەست مەولوود گوتی، "پڕۆسەکە بۆ ئەوەی ھەموو فەرمانبەران سوودمەندبن لە وەرگرتنی پارچەزەوی و بەکراوەش نامێنێت، بەڵام فەرمانبەرێک پێشتر باوەڕی بە پڕۆسەکە نەبووە یان بەھەر ھۆکارێک فۆڕمی وەرگرتنی زەوی پڕ نەکردووتەوە دەتوانێت لە ڕێگەی وەزارەتەکەی فۆڕم پڕبکاتەوە و ڕەوانەی شارەوانی بکرێت بۆ سوودمەندبوون.
قائید میرۆ




