٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مامۆستا حەبیب بۆ KDP: ئیسلام ھانمان دەدات پابەندی نەتەوە و نیشتمانی خۆمان بین

سەرچاوە: KDP.info

خورماڵ-KDP.info- لە بەردەوامیی ئەو زنجیرە لێدوانانەی مامۆستایانی ئایینی بە بۆنەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزانەوە تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدوێن، حاجی مامۆستا حەبیب سۆفی دەڵێ، ئایینی پیرۆزی ئیسلام ھانی موسڵمانان دەدات پابەندی نەتەوە و نیشتمانی خۆیان بن و بیبووژێننەوە، تەنانەت لە فەرموودەیەکدا پێغەمبەر (د.خ) دەفەرموێت، ئەگەر زانیت سبەی ڕۆژی دواییە و دارێکت بەدەستەوە بوو بیچێنیت، دارەکەت بچێنە و بەردەوام بە لە خزمەتی نیشتمانەکەتدا.

لە ژێر ھەمان ئەم بوارەدا، حاجی مامۆستا حەبیب سۆفی، گوتاربێژی مزگەوتی نەورەسی لە قەزای خورماڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: خاک و مرۆڤ، دروستکراوی خوای گەورەن، خوا زەوی بۆ خزمەتی خەڵک دروست کردووە، بۆیە لە قورئانی پیرۆزدا بە پێغەمبەری ئیسلام محەممەد (د.خ) دەفەرموێت: یادی موسڵمانان بھێنەرەوە، کائیناتی بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی دروست کردووە.

لەبارەی مافە نەتەوەیەکان لە چوارچێوەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا، مامۆستا حەبیب دەڵێت، گەلی کورد ستەملێکراوە، بەداخەوە لە مێژوودا ھەمووکات دەسەڵاتدارانی عەرەب و تورک و فارس، زوڵمیان لە کورد کردووە، لە بەرانبەردا ھەرگیز کورد زوڵمی لە نەتەوەی تر نەکردووە، لە کاتێکدا سەرانی ئەو نەتەوانە دژی کورد بوون، ھەرگیز کورد گەلانی لەگەڵ سەراندا تێکەڵ نەکردووە و گەلانی بە برای خۆی زانیووە.

گوتاربێژی مزگەوتی نەورەسی لە قەزای خورماڵ ئەوەش ناشارێتەوە، وێڕای ستەملێکراویی گەلی کورد و دۆزە ڕەواکەی، زۆر جار بەھۆی ناتەبایی و یەکنەگرتنەوە نەگەیشتووە بە زۆرێک لە مافەکانی.

عەزیز ڕەسووڵ

هەواڵی پەیوەندیدار