ئاری هه‌رسین بۆ KDP: کەوتنی ئەمنە سوورەکە کەوتنی بەعسی مسۆگه‌رتر كرد

سلێمانی-KDP.info- ئەمڕۆ 34 ساڵ بەسەر ڕاپەڕینەکەی شاری سلێمانی تێپەڕ دەبێت و لەم یادەشدا، به‌رپرسی لقی چواری پارتی دەڵێ، به ڕووخاندنی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌منه سووره‌كه کەوتنی بەعسی لە كوردستان هێنده‌یتر مسۆگه‌ر كرد، هاوکات داواش دەکات، ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه بپارێزرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مانه‌وه‌ی ئێمه به‌نده به مانه‌وه‌ی ئه‌م قه‌واره.
ئاری هه‌رسین، به‌رپرسی لقی 4ی پارتی، وێرای پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنی ڕاپه‌ڕین له یادی 34 ساڵه‌ی ڕاپه‌ڕینی شاری سلێمانی دژی ڕژێمی به‌عس، له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "گرینگی ڕاپه‌ڕین له‌وه‌دایه له هه‌رێمی كوردستان ده‌سه‌ڵاتی داگیركه‌ر كۆتایی پێهات و ئه‌و شێوازه‌ی له تیرۆر كه هاووڵاتیانی كورد له لایه‌ن ڕژێمی سه‌دامه‌وه ڕووبه‌ڕووی ببوونه‌وه له‌ناوچوو و بۆ یه‌كه‌مجار كورد حووكمی به‌شێكی به‌رچاو له نیشتمانی خۆی كه‌وته ده‌ست.
هاوکات دەشڵێ، ڕاپه‌ڕین بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه هه‌ڵبژاردن بکرێت، بووینه خاوه‌نی په‌رله‌مان و حكوومه‌تی خۆمان، بۆیه ڕاپه‌ڕین له مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازیی كوردستاندا شوێنێكی تایبه‌تی هه‌یه و وه‌چه‌رخانی مێژووییه به واتای ته‌واوی خۆی.
هەر سه‌باره‌ت به یادی ڕاپه‌ڕینی شاری سلێمانی، به‌رپرسی لقی 4ی پارتی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، له سه‌رده‌می به‌عسدا گوشارێكی زۆر له‌سه‌ر شاری سلێمانی هه‌بوو، به دوو هۆی تایبه‌ت، یه‌كه‌م چونکە شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانییه، دووه‌م هه‌ڵكه‌وته و جوگرافیای شاری سلێمانی بۆ خه‌باتی پێشمه‌رگایەتی و پارتیزانی له‌باربوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له سێ لاوه به چیا ده‌وره دراوه و ئه‌مه‌ش ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی ڕه‌خساندبوو كه مه‌فره‌زه‌كانی پێشمه‌رگه ئاسانتر بتوانن بێنه ناو شاره‌كه‌وه‌و چالاكی بكه‌ن و دواتر بگه‌ڕێنه‌وه بۆ شوێنێكی ئه‌مان، هاوکات کەوتنی ئەمنە سوورەکە کەوتنی بەعسی لە كوردستان هێنده‌یتر مسۆگه‌ر كرد.
ناوبراو جەختیش دەکاتەوە کە پێویسته ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه وه‌ك بیلبیله‌ی چاوی خۆمان بپارێزین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مانه‌وه‌ی ئێمه به‌نده به مانه‌وه‌ی ئه‌م قه‌واره، چونکە ئێره نیشتمانی خۆمانه، بۆیه هه‌میشه دروشمی ئێمه ده‌بێت ئه‌وه بێت یا نیشتمان یا مردن، چونكه شوناس و بوونمان به‌نده به نیشتمان و كیانی كوردستانه‌وه.
سه‌لاح جه‌لال




