حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پلانی خۆی لە ھەموو کوردستان جێبەجێ دەکات

ھەولێر-KDP.info- وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: گوایە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی غازی ماڵان گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەک کردووە، بەڵام ئەو بابەتە ڕاست نییە و هیچ گرێبەستێکی لەو شێوەیە نەکراوە. لەبارەی پڕۆژەی ڕووناکییەوە، گوتی: پڕۆژەکە لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانە و ڕەچاوی دۆخی ژیانیان کراوە.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی وتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
لە چەند کەناڵێک وا بڵاوکراوەتەوە گوایە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی غازی ماڵان گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەک کردووە کە بەرپرسبێت لە دابەشکردنی غازی ماڵان، ئەم بابەتە ھیچ ڕاستییەکی نییە و ھیچ گرێبەست و ڕێککەوتنێک لەگەڵ کەس لە ئارادا نییە و شێوازی بەدەستگەیشتنی غاز بەھەمان سیستەمی ئێستا دەبێت کە بەنرخی پاڵپشتیکراوە لەلایەن حکوومەتەوە.
لە ھەمانکاتدا ئەوانەی (دژی ڕووناکین) ھەڵمەتێکی میدیایی مەبەستدارییان دەستپێکردووە! دژی پڕۆژەی ڕووناکی و دەیانەوێت لە گرنگی پڕۆژەکە بدەن، ئێمە لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دووپاتی دەکەینەوە بە ڕەچاوکردنی دۆخی ھاووڵاتییانمان و بەرژەوەندی ئەوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پلانی خۆی لە ھەموو کوردستان جێبەجێ دەکات و بۆ یەکەمین جار دوای چەندین ساڵ حوکمڕانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەبنە خاوەنی کارەبای ۲٤ کاتژمێری.
ئێستاش ژمارەی ھاوبەشانمان لە پڕۆژەی ڕووناکی بۆتە ۸٦ ھەزار خێزان و ھەموو خێزانەکانیش لە داھاتوو سوودمەند دەبن.
داواکارین میدیاکاران بە ئەمانەت و بە مەسئولییەتەوەو پیشەییانە زانیاری بگەیەننە وەرگرانییان و کارێک نەکەن پیشەیبوون و ڕاستگۆییان نیشانەی پرسیاری لەسەر دروستببێت کە بەداخەوە لەسەر بەشێکیان دروستبووەو بەپێچەوانەوە لەمەودوا داوای یاساییان لەسەر تۆماردەکرێت، لە ئەگەری بڵاوکردنەوەی ھەواڵی ناڕاست.
پێشەوا ھەورامانی
وتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان




