وەزارەتی ناوخۆ بۆ KDP: ڕووداوەکانی ھاتوچۆ نزیکەی ٥٠% کەمیان کردووە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، بە ھۆی دانانی کامێرا لە شەقامەکان، ڕووداوەکانی ھاتوچۆ و مردن لە دوو ساڵی ڕابردوودا بەراورد بە ئێستا نزیکەی ٥٠% کەمیان کردووە.
دکتۆر ھێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، بە ھۆی دانانی کامێرای چاودێریی ھاتوچۆ لە شەقامەکان، بە لایەنی کەم بەراورد بە ڕابردوو ٥٠%ی ڕووداوەکانی ھاتوچۆ و گیانلەدەستدان کەمیان کردووە، کە ئەمە لە ماوەی دوو ساڵدا ئەو ڕێژەیە کەمی کردووە، ئەوەش دەریدەخات کە دانانی کامێراکان کاریگەریی زۆری ھەبووە، بۆیە لە پێناو سەلامەتیی گیانی خۆیان و زیانی ماددیش، پێویستە پابەندی سەلامەتیی لێخورینی ئۆتۆمبێل و سەرجەم ڕێنماییەکان بن.
میرانی گوتیشی، داھاتی ھاتوچۆ ١٠٠%ی وەکو داھاتی دەرھێنانی مۆڵەتی شوفێری و داھاتی نوێکردنەوەی ساڵیانە و داھاتی کامێراکان ھەمووی دەچێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و ڕۆژانە داھاتەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆکان دەچێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و وەزارەتی دارایی کۆتایی مانگ ڕێژەیەک لەو داھاتە ١٧ بۆ ٢٥%ی دەداتە وەزارەتی ناوخۆ، ئێمەش بەو داھاتە تەواوی پڕۆژەکانی خۆمان، کە پۆلیس و ئاگرکوژێنەوە و و تیمەکانی فریاکەوتن و ھەندێ پڕۆژەکانی پارێزگانیش لەسەر داھاتەکە خەرج دەکرێت و بەشێکی داھاتەکەش بۆ چاککردنەوەی کامێراکان تەرخان دەکرێت، چونکە ئەو کامێرایانە تێچووی زۆریان پێویستە.
بەڕێوەبەری گشتیی دیوان دەشڵێت، ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان لە باجی داخیلبوون و ژینگە لێیان خۆش دەبن و لە تابلۆش ھەروەھا لێیان خۆش دەبن، ئەمەش وەکو ھاندانە بۆ ئەوەی خەڵک بەکاریان بێنێت، بۆیە کارئاسانیی زۆریان بۆ کراوە تا خەڵک ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە بەکاربێنن.
بڵند ئیبراھیم




