٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نانەکەلی بۆ KDP: لە دوای ڕەمەزانیش بەردەوام دەبین لە خزمەتی خەڵک

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی لقی١٦ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەوروبەری ھەولێر دەڵێ، پارتی دیموکراتی کوردستان ھەمیشە ھاوکاری خەڵکی ھەژاری کردووە لە ڕابردوو و ئێستا و لە داھاتووش بەردەوام دەبێت، جگە لە مانگی ڕەمەزان لە دوای مانگی ڕەمەزانیش بە پڕۆژەی دیکە ھاوکاری خەڵکی خۆمان دەکەین، بۆیە لە ھەموو ناوچەکان خزمەتی خەڵک دەکرێت بەبێ جیاوازی.

ئاری نانەکەلی، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەوروبەری ھەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ئەو پڕۆژەیەی ڕاگەیەندراوە پڕۆژەیەکی خێرخوازییە  بۆ مانگی پیرۆزی ڕەمەزان لە سنووری ھەموو لقەکانه‌ و بریتییە لە دابینکردنی نان بۆ خەڵکی ھەژار لە ھەموو ناوچەکان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک، ھاوکات بۆ بەربانگ پێداویستی بۆ مزگەوتەکان دابین دەکرێت و کاری خێرخوازی بە شێوازی جۆراوجۆر بەردەوام دەبێت تا مانگی ڕەمەزان کۆتایی دێت، لە دوای مانگی ڕەمەزانیش پڕۆژەی دیکەی خێرخوازی بە شێوەی دیکە پێشکەشی خەڵکی ھەولێر و دەوروبەری دەکرێت.

ئاری نانەکەلی جەخت لەوەدەکاتەوە کە ئامانج لەو پڕۆژەیە خستنەڕووی ھەڵوێستی پارتییە کە بەپێی مێژوو ھەمیشە لەگەڵ خەڵکی ھەژار بووە، بە تایبەت دوای ڕاپەڕین و دروستبوونی دەزگای خێرخوازی بارزانی، بە پڕۆژەی گەورە خزمەتی خەڵکی ھەژار و ھاووڵاتییانی کردووە، بۆیە ئەو بەرنامەیەش تەواوکەری ئەو پڕۆژە خێرخوازییەیە و پێشکەشی خەڵکی ھەژار دەکرێت.

نانەکەلی ڕوونیشیکردەوە، جگە لەوە سەردانی چینوتوێژەکانیش دەکەین بە تایبەت خانەوادەی شەھیدان و زیندانیانی سیاسی و کەمئەندامانی سەنگەر و ھەژاران، خۆمان بە خاوەنی خه‌م و گرفته‌كانیان دەزانین و خزمەتیان دەکەین.

 

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار