شاندێکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی سەردانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) کرد

ھەولێر-KDP.info- لەلایەن هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەوە پێشوازی لە شاندێکی باڵای کۆنفیدراسیۆنی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی کرا، لە دیدارەکەدا پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) پیرۆزبایی سەرکەوتنی دووەمین کۆنگرەی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی ئاراستەی سەرۆک و جێگری سەرۆک و ئەندامانی شاندەکە و کۆمیتەکانی کارگێڕ و گشتی کۆنفیدراسیۆن کرد.
لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیمۆکراتی کوردستان پێشوازیکرا لە شاندێکی باڵای کۆنفیدراسیۆنی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان دکتۆر ئیسماعیل کامل، سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات، شوکری بەرواری جێگری سەرۆک و بەرپرسی دارایی، خاتوو شەرمین بۆزئەرسەلان، بەرپرسی ڕێکخستن، رەحیم رەشیدی، بەرپرسی پەیوەندییەکان، خاتوو نۆژین مشۆ، بەرپرسی پەروەردە، وەزیرێ کنیاز، بەرپرسی کوردانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو، زازا کلاشۆڤ بەرپرسی کوردانی جۆرجیا و خاتوو هەرمن ئەحمەد، بەرپرسی ڕاگەیاندن.
شاندەکە لەلایەن بەڕێز هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە و بەرپرسی دێسکەکانی ئەورووپا و وڵاتانی عەرەبی و ئاسیایی و چەند یۆنیتێکی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە گەرمی پێشوازیکران، لە دیدارەکەدا پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) پیرۆزبایی سەرکەوتنی دووەمین کۆنگرەی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە دەرەوەی وڵاتی ئاراستەی سەرۆک و جێگری سەرۆک و ئەندامانی شاندەکە و کۆمیتەکانی کارگێڕ و گشتی کۆنفیدراسیۆن کرد و دەستخۆشی لە گەشەپێدان و فراوانکردنی چالاکییەکانی دەرەوەی وڵاتی لێکردن و هەموو پشتگیری و کارئاسانی و هاوکاریی و هاوئاهەنگییەکی بۆ سەرخستن و گەشەپێدان و بووژاندنەوە و خۆ ڕێکخستنەوە و برەودان بە چالاکییەکانی کوردستانیانی دیاسپۆرا و تاراوگە خستەڕوو، و هەردوو لا جەختیان لە بەهێزکردن و بەرەوپێشەوەبردنی پەیوەندییەکان کردەوە بە ئاراستەی خزمەتکردن بە پرسەکانی نیشتیمانی و نەتەوەیی و جۆشدانی خەباتی کوردستانیانی دیاسپۆرا بەرەو یەکگرتن و نوێبوونەوە و ڕێکخستنەوە و کاری پێکەوەیی و خەباتی ئاشتیانە بۆ لۆبیکردن و ناساندنی کوردستان و دۆزی ڕەوای نەتەوەی کورد بە کۆمەڵگای وڵاتانی تر و ڕێزگرتن لە یاسا و ڕێساکانی وڵاتان کە ڕەوەندی کوردستانی لە نێو کۆمەڵگای ئەو وڵاتانەدا چالاکن و خاوەن ڕێز و پێگەیەکی گرنگن و دەتوانن بە شێوازێکی شایستە نوێنەرایەتی دۆزی رەوای نەتەوەکەیان بکەن و بە شێوەیەکی ئاستبەرز لە دامەزراوەکانی حکومی، حزبی، پەرلەمانی و زانستی و... ئەم وڵاتانەدا ڕۆڵ و بەرپرسیاریەتییان هەبێت بۆ خزمەتی نیشتیمان و نەتەوەکەیان.
دکتۆر ئیسماعیل کامل، سەرۆکی کۆنفیدراسیۆن بە فراوانی شیکردنەوەی دۆخی کوردستانیانی دەرەوەی وڵات و خەبات و چالاکییەکانی ناوەندەکانی کۆنفیدراسیۆنی کرد و ڕایگەیاند تا دێت ئەم دامەزراوە کوردستانییە لە دیاسپۆرا فراوانتر و یەکگرتووتر و باشتر خۆی ڕێک دەخاتەوە و لە ئێستادا بیست فیدراسیۆن لەسەر ئاستی وڵاتانی دەرەوە و زیاتر لە سەد ناوەند ئەندامی چالاکی کۆنفیدراسیۆنن و بەردەوام فیدراسیۆن و ناوەندی تازەش لە وڵاتانی تر دادەمەزرێن کە فاکتەری بووژاندنەوە و گەشەپێدانی کۆنفیدراسیۆنە بە چالاکییەکانی دەرەوەی وڵات و لە ئایندەشدا کاریگەری دەبێت بەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی کورد لە بواری لۆبیگەری.




