٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسی لقی ١٠: پارتی ئامانجیەتی زۆرترین خزمەت بە خەڵکی کوردستان بکات

سەرچاوە: KDP.info

سۆران -KDP.info- بەرپرسی لقی ١٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سۆران گوتی "بەھۆی ئەوەی خەڵکی ئێمە ھەمیشە پاڵپشتی لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات، پارتیش دەیەوێت بەردەوام خزمەتی خەڵک بکات، بۆیە لە مانگی ڕەمەزان لە سنووری ھەموو لقەکان پڕۆژەی خێرخوازی ڕاگەیەندراوە، لە داھاتوو پڕۆژەی دیکەشمان دەبێت."

د.ڕێبوار بابکەیی، بەرپرسی لقی ١٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "پڕۆژەی ئێمە بۆ مانگی ڕەمەزان پڕۆژەیەکی گەورەی خێرخوازییە، لە سنووری لقی ١٠ی پارتی زۆرینەی نانەواخانە و سەموونخانە و مزگەوتەکان دەگرێتەوە، ئەو پڕۆژەیەمان ڕۆژی دووشەممە ڕاگەیاند، ئەوە دووەم ڕۆژە کاری لەسەر دەکرێت کە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی و بە پاڵپشتی فەرماندە مەنسور بارزانی لە سنووری هەموو لقەکان بەڕێوە دەچێت، تا ئێستا لە سنووری ئێمە زۆر بە جوانی بەڕێوە دەچێت و خەڵک پێشوازییەکی زۆر باشی لێ دەکات و سوپاسی پارتی دەکەن.
لە ھەڵبژاردنی ٢٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ بە پاڵپشتی جەماوەری لقی ١٠ سەرووی ٩٦ ھەزار دەنگمان بەدەست ھێنا، چونکە بە درێژایی دامەزراندنی لقی١٠ ئەو ژمارە زۆرەی نەھێناوە، بەڵام پاڵپشت بە جەماوەری خۆمان و پشتیوانی مەلا مستەفا بارزانی کە لە ھەڵبژاردن لەگەڵ ئێمە بوو توانیمان ئەم ئەنجامە بەدەست بێنین."
دکتۆر ڕێبوار بابکەیی گوتیشی "دەمانەوێت لەڕێگەی ئەو پڕۆژەیە پەیامی بەدەنگوەھاتنی خەڵکی خۆمان بگەیەنین و خزمەتیان بکەین، ئەمە پەیام و پەرۆشیی پارتییە بۆ خەڵک، مانگی ڕەمەزان مانگی عیبادەتە و خەڵکی پێویستی بە هاوکاری هەیە، ئێمەش ھاوکارییەکانمان جۆراوجۆرە و بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەی زۆرتین خزمەت بە خەڵکی خۆمان بکەین."
بابکەیی باسی لەوەش کرد "تەنیا ئەو پڕۆژەیە نابێت و پڕۆژەی دیکەشمان دەبێت، بەردەوامیش لەناو خەڵک دەبین و سەردانی خانەوادەی شەھیدان و پێشمەرگە و خەڵکی ھەژار دەکەین، خۆشمان چاودێری پرۆسەکە دەکەین بۆ ئەوەی وەکو خۆی بەڕێوە بچێت."


بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار