زانایانی ئایینی له ڕێگهی KDPیهوه ئایین و خۆشەویستیی نیشتمان ئاوێتە دهكهن

هەڵەبجە-KDP.info- مامۆستایانی ئایینی كوردستان لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا، بەردەوام داینەمۆی گەشانەوەی بیری نەتەوەیی بوون لەناو خەڵكدا و بە شێوەیهک ئایین و خۆشەویستیی نیشتمانیان ئاوێتە كردووە كە ببێتە دوو ڕووی هەمان ئامانج. لەو ڕوانگەیەوە، گوتارخوێنی مزگەوتی پاشا لە شاری هەڵەبجە دەڵێت، گرنگە ئێمە تاكەكانمان بە بیری نەتەوەیی پەروەردە بكەین كە ئەمەش یەكانگیرە لەگەڵ هەڵگرتنی ڕێبازی پێغەمبەرمان (د.خ) كە نیشتمانی خۆی زۆر خۆش ویستووە.
مامۆستا جەمال محەمەد، گوتاربێژی مزگەوتی پاشا لە پارێزگای هەڵەبجە، لە لێدوانێكی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "ئایینی پیرۆزی ئیسلام جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، مرۆڤ شوێن و مەكانی هەبێت، نیشتمانی بۆ دیاری كردووە و گرنگی بە نیشتمانەكەی داوە، ئیسلام دژی نیشتمانپەروەری و خۆشەویستیی نیشتمان نییە، بە مەرجێ زوڵم و زۆرداری تێدا نەبێت بەرانبەر نیشتمانی خەڵكی تر.
گوتاربێژی مزگەوتی پاشای هەڵەبجە، نموونەی پێغەمبەری ئیسلام دەهێنێتەوە و دەڵێت، "كاتێك پێغەمبەر (د.خ) سرووشی بۆ دادەبەزێت، ڕۆشتووە بۆ لای وەرەقەی كوڕی نەوفل و بەسەرهاتەكەی بۆ گێڕاوەتەوە. ئەویش پێی دەڵێت ئەوە سرووشت لە خواوە هاتووە، دڵنیابە گەلەكەت دژایەتیت دەكەن و لە خاك و نیشتمانی خۆت دەرت دەكەن، بە سەرسوڕمانەوە دەفەرموێت: بۆ لە نیشتمانی خۆم دەردەكەن؟ چونكە ئەوەندە بەلایەوە ناخۆش بووە لە خاكی خۆیدا هەڵبكەندرێت، كاتێكیش كۆچ دەكات بۆ شاری مەدینە، ڕوو لە مەككە دەكات و دەفەرموێت: وەڵڵا وڵاتێكی خۆشەویستی لای خوا و ئێمەش، ئەگەر گەلەكەم ئێمەی دەر نەكردایە بەجێم نەدەهێشتی.
تەنانەت مامۆستا جەمال دەڵێت، "كەسێك نیشتمانی نەبێت، دینەكەشی بە ئاسانی و جوانی بۆ بەڕێوە نابرێت. چەند گەنجێك لە ئەورووپا دەژین و پێیان گوتووم، لێمان دەپرسن ئێوە خەڵكی كام وڵاتن، ئەگەر بڵێن عێراقیین ئەوە پێمان دەڵێن عەرەبین، ئەگەر بڵێین خەڵكی كوردستانین، پێمان دەڵێن كام كوردستان دەوڵەتە یان نا؟ تووشی شەرمندەیی دەبیت كاتێك دەوڵەت و نیشتمانت نەبێت.
گوتاربێژەكەی هەڵەبجە ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، "نیشتییمانپەروەری لە خێزانەوە دروست دەبێت، پێویستە باوكان و دایكان ئەو جۆرە خۆشەویستییە دروست بكەن، مامۆستایان لە ناوەندەكانی خوێندن تاكێك بەرهەم بهێنن ئینتییمای هەبێت بۆ نیشتمانەكەی، هەوڵ بدات بۆ باشتركردن و خۆشكردنی نیشتمانەكەی، دوور بكەوێتەوە لەو هۆكارانەی دەبنە هۆی تێكدانی ژینگەی نیشتیمان، وەك ماددەی هۆشبەر و گوێنەدان بە سەروەت و سامانی وڵات لە دارودرەخت و ئاژەڵی كێوی، دوور بكەونەوە لە بڕینەوەی دار و ڕاوكردنی ئاژەڵەكان، ئەمانە گرنگن بۆ ئەو نیشتمانەی خۆمانی تێدا دەژین و سوودی لێ دەبینین.
عەزیز ڕەسووڵ




