ھیوا گەیلانی بۆ KDP: پێویستیمان بە گەڕانەوە بۆ ڕوحییەتی سەردەمی ڕاپەڕین ھەیە

ڕانـیـە-KDP.info- ئەمڕۆ ٣٤ ساڵ بەسەر ڕاپەڕینی شاری ڕانیەدا تێدەپەڕێ کە لە ڕێککەوتی ٥-٣-١٩٩١ سەری ھەڵدا و دواتر ھەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستانی گرتەوە، بەرپرسی لقی ١١ی پارتی دەڵێت، نھێنیی سەرکەوتنی ڕاپەڕین، یەکگرتوویی و یەکڕیزیی ھێزەکانی کوردستان بوو، بە تایبەت وردبینی و گەورەیی جەنابی سەرۆک یەکێک بوو لە نھێنیەکانی سەرکەوتنی ڕاپەرین.
ھیوا گەیلانی، بەرپرسی لقی ١١ی پارتی لە ڕانیە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بەبۆنەی ٣٤ ساڵەی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان بە ڕێبەرایەتی سەرۆک بارزانی، پیرۆزبایی لە خانەوادەی شەھیدان و سەرۆک بارزانی دەکەین و ھێزەکانی پێشمەرگە و ھەموو تاکێکی کورد دەکەین، ڕاپەڕین بۆ گەلی کوردی ژێردەستە و چەوساوە خاڵێکی وەچەرخانی مێژووی بوو، گەلی کوردی بردە قۆناخی ئازادی و ڕزگاری بە نێودەوڵەتیکردنی دۆزەکەمان.
بەرپرسی لقی ١١ دەڵێت: سەرۆک بارزانی سەرۆکی بەرەی کوردستانی بوو، سەرپەرشتی ڕاپەڕینی دەکرد، واتا وردبینی و گەورەیی جەنابی سەرۆک یەکێک بوو لە نھێنیەکانی سەرکەوتنی ڕاپەرین، بۆیە ھاووڵاتییانی ڕانیە و بیتوێن و پشدەر و مهرگه و خۆشناوەتی مافی خۆیانە شانازی بەوە بکەن دەڤەرەکەی ئەوان بووەتە دەروازەی ڕاپەڕین.
ھاوکات باس لەوەش دەکات، ساڵانە لە ئیدارەی ڕاپەڕین یادی ڕاپەڕین بەرز ڕادەگیرێت، ئەمساڵیش مەڕاسیمی تایبەت ھەیە ئێمە وەک لقی ١١ و ھەڤاڵانمان لە لیژنەی ناوچەکان، بەشداری ئەو یادە مەزنە دەکەن، دەبێت وەک تاک و کۆمەڵ و خانەوادەکان یادی ڕاپەڕین ساڵانە بەرز ڕابگرین.
ھیوا گەیلانی باس لەوەدەکات کە ڕاپەڕین زادەی زوڵم و زۆری سەدەیەکی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی ڕژێمەکانی بەغدا بوو، بەرھەمی یەکگرتوویی کوردستانیان و بەرەی کوردستانی بوو، لە مێژووی دوور و نزیکی ئێمە گرینگترین ڕووداوە، بەرھەمەکەی ٣٤ ساڵ حکومڕانی کوردییە، کاری زۆرباش کراوە لە تەمەنی حکومڕانی خۆمان، بەراوردی بیکەین لەگەڵ پێش ڕاپەرین و پاش ڕاپەڕین قەت بەراورد ناکرێت، چونکە کوردستان پێشککەوتنی باشی بەخۆیەوە بینیووە، مافیش بە خەڵک دەدەین گلەییان ھەبێت و داواکاریشیان ھەبێت وە پێویستە کەموکوڕیەکان دیاری بکەن، بۆ ئەوەی بتوانین وەڵامگۆی داخوازی خەڵکبین و دەبێت بەرپرسیارانە مامەڵە بکەین.
ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئێمە لە پارتی ھەرگیز لە بەرپرسیارەتی ڕاناکەین، چۆن لە شانازییەکان بەشی شێرمان بەردەکەوێت ئەوە لە کەموکوڕییەکانیش خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین، پەیامی ئێمە پەیامی ئاشتی و برایەتی بووە، لە ھەمووکات زیاتر پێویستییمان بە گەڕانەوە ھەیە بۆ ڕوحییەتی سەردەمی ڕاپەڕین، بەھێزکردنی ئینتییمای نەتەوەی و نیشتییمانی ھەمووان بە یەکەوە دەست لەناو دەست بکەین بۆ چارەسەر كردنی ھەموو گرفتەکان، دەبێت خۆشمان بەرپرسیار بزانین بەرامبەر ئەم کیانەی ھەمانە، دوژمنی زۆرمان ھەیە داگیرکەران و شۆڤێنییەکان ڕانەھاتوون کورد خاوەنی پەرلەمان و حکوومەت و ئاڵای خۆی بێت، دەبێت پێکەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگەکان ببینەوە و خزمەتی گەلی خۆمان بکەین.
ھاوکات پێشی وایە، لای ئێمە پارتی ئامرازێکە بۆ خزمەتی خەڵک، دەڤەری ڕاپەڕین مێژووی ھەیە لە سەروەری و قوربانیدان، ئەرکی ئێمەیە وەک پارتی خزمەتی ئەم خەڵکە بکەین، پارتی و دەڤەری ڕاپەڕین دوانەیەکی لێک دانەبڕاون، لە ڕابردوو ئەوەی توانیبێتمان کردوومانە، بەڵێنیشبێت درێغی ناکەین بەتایبەتی لە کابینەی ١٠ی حکوومەت، پڕۆژەی گرنگی کابینەی نوێ لەم دەڤەرەدا بێت، ھەروەھا دۆزینەوە و دەستەبەرکردنی ھەلیکار بۆ لاوان.
عەزیز ڕەسووڵ




