ڕاوەماسی لە 10ی 3ی 2025 قەدەغە دەكرێ

ھەولێر-KDP.info- بە نووسراوی فەرمی، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری وەزارەتی كشتوكاڵ، هەر یەك لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، ڕاپەڕین، زاخۆ، سۆران ئاگادار دەكاتەوە، كە ڕاوەماسی بۆ ماوەی زیاتر لە 3 مانگ قەدەغەیە.
ئەمڕۆ سێشەممە 4ی 3ی 2025، بە نووسراوی فەرمی، كە بە واژۆی ڕابەر محەممەد سەلیم، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بۆ هەر یەك لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، ڕاپەڕین، زاخۆ، سۆران و بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ئاژەڵ - هۆبەی سامانی ماسی نێردراوە، تێیدا ئاماژە بەوە دەكات، "بەپێی ئەو دەسەڵاتەی كە پێمان دراوە، لەپێناو پاراستنی سامانی ماسی، كە سامانێكی گرنگی نیشتمانییە لە هەرێمی كوردستان - عێراق، سەبارەت بە دیاریكردنی وەرزی قەدەغەكردنی ڕاوەماسی بۆ ساڵی 2025، بڕیار درا بە قەدەغەكردنی ڕاوەماسی لە هەرێمی كوردستان - عێراق لە 10ی 3ی 2025 تاوەكوو 20ی 6ی 2025 و لە 21ی 6ی 2025، ڕاوەماسی ئاسایی دەكرێتەوە."
ئەوەش دەخاتە ڕوو، كە "ڕاوكردن بە كارەبا، مادە ژەهراوییەكان، مادە تەقەمەنییەكان، تۆڕی كون ورد و..هتد كە ببێتە هۆكاری لەناوبردنی بە كۆمەڵی زیندەوەرەكانی ئاوی لە هەموو كاتێكدا قەدەغەیە و ڕێگەپێنەدراو دەبێت."




