٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مامۆستا ئاوات نەقشبەندی بۆ KDP: ئایینەكان هانمان دەدەن نیشتمانی خۆمان خۆش بووێت

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- لەسەر تەریقەتی خانەقاكانی كوردستان كە بەردەوام ڕێی نیشتماندۆستی و ژیاندۆسییان پیشانی خەڵك داوە، د. ئاوات نەقشبەندی  ڕایدەگەیەنێت كە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و تەواوی ئایینەكانی دیكەش، هانی مرۆڤ دەدەن نیشتمان و خاكی خۆیان خۆش بوێت.

لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، د. ئاوات نەقشبەندی گوتارخوێنی خانەقای حاجی شێخ صاحب نەقشبەندی لە شارەزوور گوتی، "مرۆڤ لەسەر زەویەكی دیاریكراو ژیان دەكات، دەبێتە نیشتیمانی، ئیدی پێوەندی ڕاستەوخۆ لە نێوان مرۆڤ و نیشتمانەكەیدا دروست دەبێت، مرۆڤ لەو نیشتمانەی لەسەری لە دایك دەبێت، وابەستەیی لە نێوانیاندادروست دەبێت، قورئانی پیرۆز هانمان دەدات كە وەبەرهێنان لەسەر ئەو زەویەدا بكەین كە تێیداین بە كاری باشە، كاتێك مرۆڤ لەسەر زەوییەك دەژی، هەوڵ دەدات بە هەموو ئەو كارە باشانەی دەبێتە هۆكاری بووژانەوەی نیشتمانەكەی و سەقامگیریی ئاسایشی ئابووری، كۆمەڵایەتی و سیاسی، ئەوەش دەبێتە سوودگەیاندن بە تاكەكانی ئەو نیشتمانە.

هەمیشە مامۆستایانی ئایینیی كوردستان، بەشێكی دانەبڕاوی كۆمەڵگەی كوردی بوون و لە هەموو دۆخەكاندا لەگەڵیاندا بوون، پێش هەمووشی هاندەری بیری نەتەوەیی بوون و بگرە زۆربەی ڕابەرانی خەباتی نیشتمانیی كوردستان، پەروەردەی مەلایەتی بوون، سەروەریان بارزانیی نەمر، پێشەوا قازی محەمەد، شێخ سەعیدی پیران و لە پاڵیشیاندا شاعیرە مەزنە كلاسیكەكان كە هۆكارێكی ڕیشەیی زەنگینبوونی زمان و كولتوورەكەمان بوون و مونەوەری ڕێی پێكەوەژیانی ئاشتییانە بوون لەناو هەموو ئەو گەل و ئایینانەی لە كوردستاندا ژیاون.

مامۆستا ئاوات نەقشبەنی، بەڵگە بۆ خۆشەویستیی نیشتمان لە ڕوانگەی ئایینەوە دەهێنێتەوە و دەڵێت، "تەواوی ئایینەكان هانمان دەدەن، تاكەكانی كۆمەڵگه‌ نیشتمانی خۆیان خۆش بووێت، ئێمە وەك موسڵمان لە قورئانی پیرۆزدا، كاتێك باسی پێغەمبەرەكانی پێش پێغەمبەر محەمەد (د.خ)ـمان بۆ دەكات، هەموویان هاتوون چاكسازی لە كۆمەڵگه‌كەیان بكەن، ئەندامانی كۆمەڵگه‌كەیان بە برا ناو بردووە. لە ئایینی ئیسلامدا وای كردووە مرۆڤ وابەستەی هەبێت بە نیشتمانەكەیەوە، پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) لە كۆچی مەككەوە بۆ مەدینە، فەرمووی ئەی مەككە ئەگەر گەلەكەت دەریان نەكردمایە ئەوە بە هیچ شێوەیەك لێت جیا نەدەبوومەوە، چونكە نیشتمان و خاكی خۆی خۆش دەویست، كاتێكیش لە مەدینە ژیاوە و لە فەتحی مەككە، خەڵك گوتیان دەگەڕێتەوە بۆ مەككە، بەڵام پێغەمبەر (د.خ) فەرمووی 10 ساڵە لەگەڵ ئێوەدام، مەدینە بووەتە شاری من و خۆشم دەوێت، ئەوە نیشانەی ئەوەیە هانی داوین نیشتمانی خۆمان خۆشبوێت".

ئەو مامۆستا ئایینە، بەڵگەی مێژوویی ئایینی لەسەر تایبەتمەندیی خاكی كوردستان دەهێنێتەوە و دەڵێت، "ئێمەی كورد نیشتمانەكەمان پیرۆزە، پێی دەگوترێت دووەم لانكەی مرۆڤایەتی. پێغەمبەر نووح دروودی خوای لەسەر بێت، داوای لە خوای گەورە كرد لە باشترین جێگا كەشتییەكەی لەنگەر بگرێت، خوای گەورە فەرمانی بە كەشتییەكە كرد لە شاخی جوودی لەنگەر بگرێت، شاخێكی كوردستانییە لە زنجیرە چیاكانی زاگرۆس، خوای گەورە خۆی لە قورئاندا دەفەرموێت ئەمە شوێنێكی پیرۆزە. هەروەها پێغەمبەر نووح و ئیبراهیم لەسەر ئەم خاكەدا بوون.

مامۆستا ئاوات نەقشبەندی ئەوەش دەخاتە ڕوو كە ئێمە وەك تاكی كوردی موسڵمان، ئەركێكی گەورەمان لەسەر شانە، كوردانی باكوور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات چاویان لە دەستی ئێمەیە، گرنگە بە ئامانەت و دڵسۆزی و چاوكراوەییەوە، كار بكەین قەوارەكەمان بەهێز بێت و پێشكەوتن بەخۆیەوە ببینێت، تاك بەتاكمان بەپێ ئەو بەرپرسیارەتییەی لەسەر شانمانە هەوڵدان بۆ پشتگیری لە قەوارەكەمان مانەوەی ئەم قەوارە مانەوەی هەموو كوردە.

 

عەزیز ڕەسووڵ

هەواڵی پەیوەندیدار