"بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەت سەرۆکی زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان داندرا"

ئاکرێ -KDP.info- بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەرۆکی زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان بە فەرمیی دیاری کرا، سەرۆکی زانکۆش دەڵێت "ئەم فەرمانەی سەرۆکی حکوومەت دەبێتە ھاندانێک زیاتر خزمەتی دەڤەرەکە بکەین."
دکتۆر مەنھەل عەبدال ئیلھام، سەرۆکی زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "دوای دەرچوونی فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، من بە شێوەیەکی فەرمیی وەکو سەرۆکی زانکۆی ئاکرێ دیاری کرام، ھەر چەندە دوای دامەزرانی، زانکۆی ئاکرێ لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە زۆر خزمەت کراوە، بەڵام لەمەودوا زیاتر ھەوڵ دەدەین کار و خزمەتی زیاتر پێشکەشی ھەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش بکەین، چونکە ئەم فەرمانەی سەرۆکی حکوومەت زیاتر ئێمە ھاندەدات بۆ خزمەتکردن."
دکتۆر مەنھەل عەبدال ئیلھام گوتیشی "زانکۆ سەرەتا ٢١ بەشی ھەبوو، ئێمەش بەشێکی پزیشکی، بەشێکی ئەندازیاری، بەشێکی ئایتی و بەشی ژمێریاریمان کردووەتەوە، ئێستا بووەتە ٢٥ بەش، ئەمساڵیش پروپۆزەلی کۆلێژی یاسا لە ئاکرێ و کشتوکاڵیش لە بەردەڕەش پێشکەش کراوە، وەزارەتی خوێندنی باڵاش پشتگیریمان دەکات کە سێ کۆلێژ و دوو پەیمانگا لەخۆ دەگرێت، دوای بوونە زانکۆ، قۆناغی یەک و دوو نزیکەی ٣ھەزار قوتابیمان ھەیە، بە گشتیش نزیکەی ھەشت ھەزار و ٥٠٠ قوتابی دەبێت، ئەوانیش سەر بە زانکۆی ئاکرێن."
بە فەرمانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دکتۆر مەنھەل عەبدال ئیلھام بە فەرمیی وەکو سەرۆکی زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کرداریەکان بە پلەی بریکاری وەزیر لەسەر میلاکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دانرا."
بڵند ئیبراھیم




