بە فەرمانی سەرۆک بارزانی پڕۆژەی بەخشینی ملیۆنێک نان لە هەڵەبجە ڕاگەیەندرا

هەڵەبجە-KDP.info- بە فەرمانی سەرۆک بارزانی و بە سەرپەرشتیی فەرماندە مەنسوور بارزانی، بۆ ڕێزگرتن لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، لە سنووری لقی 12 پڕۆژەی بەخشینی ملیۆنێک نان بە هاووڵاتیان ڕاگەیەندرا.
دلێر حەمەکەریم، بەرپرسی لقی 12ـی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، بە فەرمانی بەڕێز جەنابی (سەرۆک بارزانی) و بە سەرپەرشتیی فەرماندە (مەنسوور بارزانی)، بۆ ڕێزگرتن لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، لە سنووری لقی 12 پڕۆژەی بەخشینی ملیۆنێک نان بە هاووڵاتیان ڕاگەیەندرا.
دلێر حەمەکەریم دەڵێ، لە ئەمڕۆوە کە دەکاتە سێیەم ڕۆژی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، لە ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە و قەزاکانی خورماڵ و سەیدسادق و شارەزوور و پێنجوێن و ناحیەکانی بیارە و سیروان و گەرمک و زەڕایەن، 15 نانەوا بۆ بەخشینی یەک ملیۆن نان لە هەموو ڕۆژەکانی مانگی ڕەمەزان تا ڕۆژی جەژن بێ بەرامبەر دەخاتە خزمەتی هاووڵاتیانی سنوورەکەمان بێ جیاوازی.
بەرپرسی لقی 12 گوتیشی، دەمانەوێت بە خەڵکی خۆشەویستی سنوورەکەمان بڵێین، پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئایندەدا پڕۆژەی گەورەتری بۆ ئێوە هەیە و ئەم خزمەتەش دەخەینە سەر خەرمانی خزمەتەکانی ڕابردوو و پەنا بە خوا بۆ ئایندە لە ئاستی گشت داوا ڕەواکانی ئێوە و بەڵێنەکانی خۆماندا دەبین و دەستی خزمەت و ئارامی و ئاوەدانیی پارتی دەگەیەنینە بەڕێزتان و لە خزمەتتاندا دەبین، تا ڕەزامەندیی خوا و خەڵکی سنوورەکەمان پێکەوە بەدی دەهێنین.
عەزیز ڕەسووڵ




