٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڤیان دەخیل بۆ KDP: تیرۆریستەكان بە ھۆی ئەو یاسایەوە ئازاد ناکرێن

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی، دوای پەسەندکردنی یاسای لێبووردنی گشتی، ترسمان ھەبوو ئەو یاسایە ئەو تیرۆریستانەش بگرێتەوە کە تاوانیان دژی کوردانی ئێزدی ئەنجام داوە، بەڵام دوای بەدواداچووونمان لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەریی عێراق، دڵنیاییان بە ئێمە دا یەک داعش و تیرۆریست ئازاد ناکرێت کە تاوانیان بەرامبەر کوردانی ئێزدی ئەنجام داوە.

ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی یاسای لێبووردنی گشتی لە پەرلەمانی عێراق پەسەند کرا، ترسی ئێمە ئەوە بوو کە ئەو یاسایە لێبووردن بۆ ئەو کەسانە دەربکات کە داعشن و تاوانیان دژی کوردانی ئێزدی ئەنجام داوە، بۆ ئەو مەبەستە سەردانی (فایق زێدان)مان کرد کە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییە و گەورەترین دەسەڵاتی دادوەریی عێراقە و دانیشتنێکمان لەگەڵ ئەنجام دا و باسی لەوە کرد، کە نامەیەکی دڵنیایی لە منەوە بۆ سەرجەم کوردانی ئێزدی، یەک داعش و تیرۆریست بە ھۆی ئەو یاسایەوە لە زیندان ئازاد ناکرێت و رزگاری نابێت، بۆیە یاسای لێبووردنی گشتی ھەبێت یاخود نا ئەوەی تەعەدای لە کوردێکی ئێزدی یاخود کچێکی ئێزدی کردبێت، ئەو یاسایە ئەوان ناگرێتەوە و بە ھیچ شێوەیەک ئازاد ناکرێن، بۆیە ئەوە نامەیەکی دڵنیایی بوو بۆ ئێمە و ئێمەش بە خەڵکی خۆمان گەیاند کە ئەو ترسەیان ھەبوو ئەو داعشانەی تەعەدایان لە کوردی ئێزدی کردووە، ئازاد بکرێن.

گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی، بۆ دڵنیابوونی زیاتر سەردانی دادوەری دادگای تێھەڵچوونەوەی موسڵمان کرد، کە سەرجەم کارەکان ئەو بەڕێوەیان دەبات، کە سزای بۆ زیاتر لە ٢ ھەزار داعش دەرکردووە، کە سزای لەسێدارەدانن، بۆیە ئەویش باسی لەوە کرد، دڵنیاتان دەکەینەوە ئەوەی تاوانی دژی ھەر کوردێکی ئێزدی ئەنجام دابێت، بە ھیچ جۆرێک ئازاد ناکرێت، بۆیە ئەوەی گرنگ بوو لای ئێمە یاسای لێبووردنی گشتی ئەو تیرۆریستانە نەگرێتەوە کە تەعەدایان لە کوردانی ئێزدی کردووە، ئەمەش بۆ ھەموو عێراق باشە نەک تەنیا کوردانی ئێزدی، لەبەر ئەوەی ئەوانەی ئەو کارەیان بەرامبەر کوردانی ئێزدی کرد، سبەی بەرامبەر پێکھاتەکانی دیکەش ئەنجامی دەدەن، بۆیە ئەو ترسەی ھەمانبوو ئێستا لێی دڵنیا بووینەوە کە ئەو کارە ناکرێت و داعشەکان ئازاد ناکرێن.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار