وەزیری تەندروستی: KDP سەكۆیەك بووە بۆ هۆشیاری و ڕۆشنبیریی تەندروستی

ھەولێر-KDP.info- د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ۱٤ ساڵەی دامەزراندنی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێوەبەر و ستاف و کارمەندانی ماڵپەڕی KDP دەکات.
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە پەیامەکەیدا بەبۆنەی ١٤ ساڵەی دامەزراندنی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەڵێت: ماڵپەڕی پارتی 14 ساڵە خزمەت دەكات، بەتایبەتی لەم ساڵانەدا سۆشیال میدیای ڕۆڵ و پێگەی خۆی لە كۆمەڵگادا كردووەتەوە، لە ماڵپەڕ و پەیجە هەرە سەركەوتووەكان بووە، بەگشتی نیشتمانییانە كاری لەسەر دروستكردنی خۆشەویستی و ئینتیما كردووە بۆ نیشتمان.
سامان بەرزنجی دەڵێ، لەمێژە لەناو سێكتەری تەندروستی كار دەكەم، بەردەوام ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، سەكۆیەك بووە بۆ هۆشیاری و ڕۆشنبیریی تەندروستی بۆ هاووڵاتیان، دەزگایەكە بەڕاستگۆیی و دوور لە دروستكردنی نائومێدی و ترساندن و فۆبیا هەواڵەکان دەگەیەنێت.
هاوکات بەرزنجی گوتیشی، شانازی بەوەوە دەكەم یەكێك لەو ماڵپەڕانە بووە، بە دەرگا و دەرەجەیەكمان زانیوە بۆ ئەوەی بگەین بە پەیوەندی نێوان هاووڵاتی و سێكتەری تەندروستی، دەستخۆشی لە دەستەی بەڕێوەبردن و كارمەند و پەیامنێرەكانی دەكەین، بەهیواین ئەم ماڵپەڕە زیاتر پەرە بە كارەكانی بدات، ئێمەش وەك وەزارەتی تەندروستی بەردەوام لەگەڵیان دەبین و پاڵپشتییان دەكەین، هیوادارین ماڵپەڕ و پەیجەكانی تریش لاسایی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی بكەنەوە، لە گەیاندنی ڕاستی هەواڵەكان و دروستكردنی ئینتیمای نیشتمانی و دروستكردنی متمانە بە سێكتەری تەندروستی و گەیاندنی ڕاستییەكان وەك خۆی.
عەزیز ڕەسووڵ




