٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سکرتێری ئەنەکەسە بۆ KDP: دوای دەستپێشخەرییه‌كه‌ی سەرۆک بارزانی سەرقاڵی یەکگرتوویین

سەرچاوە: KDP.info

ڕۆژئاوای کوردستان-KDP.info- سکرتێری ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا گوتی، دوای دەستپێشخەریی سەرۆک بارزانی بۆ یەکگرتوویی کورد لە سووریا، ئێستا ئارامییەکی باش لە ڕۆژئاوای کوردستان دورست بووە و ئێستا کار دەکرێت بۆ ئەوەی بە بەشداریی ئەمەریکا و فەڕەنسا، شاندێکی ھاوبەش بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکوومەتی تازەی سووریا دروست بکرێت.

محەمەد ئیسماعیل، سکرتێری ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ئەو کۆنگرەیەی لە سووریا ئەنجام درا، کە کۆنگرەی نیشتیمانی بوو، ئێمە وەکو ئەنەکەسە تێیدا بەشدار نەبووین، چونکە ئێمە داوای پلە و پۆست ناکەین و داوای مافی میللەتێک دەکەین، ئەگەر ئێمە وەکو کورد میوانداری نەکرێین، ئێمە بەشدار نابین وەکو کەسایەتی، کە ژمارەیەک کەسایەتیی ئێمە داوا کرابوون بەشدار نەبوون، لەبەر ئەوەی ئێمە نوێنەرایەتیی میللەتێک دەکەین، بۆیە ئێمە دەمانەوێت ھەر کارێک لە سووریا بکرێت وەکو کورد بەشدار بین و داوەت بکرێین، ئەوکات ئێمە ھەڵوێستی خۆمان و چارەسەری پرسی کورد دەخەینە ڕوو.

سکرتێری ئەنەکەسە گوتیشی، کورد بەشێکی گرنگی سووریان و مێژوویەکی دوورودرێژیان ھەیە و پێویستە کێشەی کورد چارەسەر بکرێت، ئەگەرنا ئێمە ئەوە قبووڵ ناکەین، بەڵام ئێمە بۆ دیالۆگ ئامادەین لەگەڵ حکوومەتی تازەی سووریا بۆ مافی کورد و ھەموو پێکھاتەکان.

محەمەد ئیسماعیل ئاماژەشی دا، یەکگرتوویی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان زۆر گرنگە و ئێستا سەرقاڵی ئەوەین و دوای دەستپێشخەریی سەرۆک بارزانی بۆ یەکگرتوویی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئێمە ئامادەییمان دەربڕیوە و پابەندین بەو دەستپێشخەرییەوە، بۆ ئەوەی  ڕایەکی ھاوبەش دروست بێت بۆ مافی کورد لە سەرتاسەری سووریا و شاندێکی ھاوبەش دروست بکرێت، کە تا ئێستا زەمینەیەکی زۆر باش دروست بووە و ئارامی هاتووەتە کایەوە، بەڵام ھێشتا سەرقاڵین و ئەمەریکا و فەڕەنساش لەسەر هێڵن، کە خەریکن شاندێکی ھاوبەش لە نێوان ئێمە و پەیەدە دروست بکەن و ئێمەش چاوەڕێ دەکەین کە ئێمە ڕای خۆمان داوەتە ئەوان و پەیەدەش بە ھەمان شێوە، بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار