٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"لە ئێستاشدا هەمان وانە و پەند لە شێوازی خەباتی بارزانی نەمر وەردەگرین"

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info- لە ساڵیادی کۆچی دوایی بارزانی نەمردا مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیان پەیامێکیان بڵاوکردۆتەوەو دەڵێن، لە ئێستاشدا هەمان وانە و پەند لە شێوازی خەباتی بارزانی نەمر وەردەگرین، چونکە لەسەر ڕێبازەکەی بەردەوام دەبین.

دەقی پەیامی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیان.

لە یادی کۆچی دوایی سەرۆک و ڕابەری جوڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کوردستان نەمر (مستەفا بارزانی) سەری ڕێز و وەفا بۆ ڕابەر و تەواوی گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری وڵاتەکەماندا دادەنەوێنین.

بارزانی نەمر لە 14ی ئاداری 1903 لە گوندی بارزان لەدایک بوو و لە تەمەنی سێ ساڵاندا بەر ھەڵمەتێکی عوسمانییەکان کەوت و دوای بەدیلگرتنی شێخ عەبدولسەلام کە برای گەورەیەتی، لەگەڵ دایکیدا بۆ ماوەی نۆ مانگ زیندانی کرا، بۆیە کە گەورەبوو دژی زوڵم و زۆر و زڕەی زنجیری بەندیخانەکان وەستایەوە و خەباتی بۆ ئازادی میللەتێک درێژە پێدا، کە وەک میراتێک لە باوک و باپیرانیەوە بۆی بەجێمابوو.

جڵەوی شۆڕشی ئەیلوولی سەر سەختی خوێناوی گرتەدەست، بەڵام هەرگیز وتووێژ و گفتوگۆی ڕەت نەکردەوە، چونکە دژی شەڕ بوو، هەربۆیەش بەردەوام دوژمنی میللەتەکەی ناچار دەکرد بۆ وتووێژ ئەوان بێن بۆ لای سەرکردایەتی شۆڕش.

شەڕ و جەنگ لای بارزانی ڕەوایەتیەکەی لە بەرگریکردندابوو لەمافە ڕەواکانی نەتەوەکەی، نەک داگیرکاری و کاولکاری و پێکەوە سوتاندنی تەڕ و وشک.

بارزانی نەمر دژی شەڕی نەتەوەکان بوو، ئەو تەنها بەرەنگاری هێزە سەرکوتکارەکان دەبۆوە نەک میللەتان!

‏‎هەربۆیەش باشترین پەیوەندی دۆستانەی لەگەڵ سەرۆک هۆز و ڕۆشنبیران و چینو توێژی نەتەوە و پێکهاتەکانی گەلی عێراقدا هەبوو، لە ناویشیاندا مەرجەعە ئایینی و مەزهەبی و هۆزگەراییەکانیان.

لە ئێستاشدا هەمان وانە و پەند لە شێوازی خەباتی بارزانی نەمر وەردەگرین، چونکە لەسەر ڕێبازەکەی بەردەوام دەبین.

دەربارەی (کەرکووک)یش هەرگیز دەست لە بستێک لە خاکی کوردستان هەڵناگرین. هەر بۆیەش لە ڕێگای دەستووری عێراقەوە پێداگرین لەسەر جێبەجێکردنی ماددەی ۱٤٠ بە هەموو وردەکاریەکانیەوە.

لەهەمان کاتدا کەرکووک بە شاری پێکەوەژیان دەزانین و دەمانەوێ هەموومان بەیەکەوە، بەهەموو پێکهاتەکانیەوە ئیدارەی شارەکە بەڕێوەبەرین، دەمانەوێ پەیوەندیمان بەهێز بکەین و خۆشەویستی و پێکەویی قووڵ بکەینەوە بۆ ناو تاکی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان.

نەمری بۆ شەهیدانی ڕێگای ئازادی و بەرخۆدان، سەروەریان بارزانی نەمر و کاکە ئیدریسی جوانە مەرگ.

 

‎مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیان.

هەواڵی پەیوەندیدار