ده‌قى چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانی، لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی لەندەنی

تا كاتێكی نزكیش كورده‌كان له هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌یان بۆ نێچیرڤان بارزانی ده‌كرد به سیفه‌تی سه‌رۆكی وه‌زیران، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئه‌م وه‌سفه‌یان گۆڕی و به"كاكه نێچیر" وه‌سفی ده‌كه‌ن، واته برا نێچیرڤان و چاكه‌ی ده‌ستكه‌وته‌كانی بیناسازی و گه‌شه‌كردنی ئابووری و سه‌ركه‌وتنی له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆسیه‌ی نه‌وت و به‌رقه‌راربوونی ئاسایشی؛ بۆ ده‌گه‌ڕێننه‌وه.
بارزانی ده‌ڵێت" به ڕاشكاوی به ناوی خۆم با‌نگم بكه‌ن باشتره له ئاماژه‌كردن بۆم وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌مه به‌ڵگه‌ی خۆشه‌ویستییه و شه‌ره‌فێكی گه‌وره‌یه بۆ من كه به‌شێك له‌و خزمهتگوزارییانهم دابین كردووه و ئه‌و هه‌موو بونیادنانه به ماندووبوونی پیكهوهى یه‌كێتیی نیشتمانی و پارتی دیموكرات و دڵسۆزان بۆ بونیادنان و به‌دیهێنانی ئه‌م پێشكه‌وتنه به‌دی هاتووه".
له هه‌ولێر پایته‌ختی هه‌رێمی كوردی كه پڕه له عێراقییه‌كانی سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی ووڵات و بیانییه‌كانیش؛ ژیان به ته‌واوی جیاوازه له هه‌موو ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق و سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم له‌مباره‌یه‌وه بۆ شه‌رقولئه‌وست له یه‌كه‌مین وتوێژیدا بۆ ده‌زگایه‌كی ڕاگه‌یاندن له‌وه‌ته‌ى پێكهێنانی حكوومه‌تی سێیه‌مى خۆى به‌ر له نزیكه‌ى ساڵێك؛ ده‌ڵێت" ئێمه بیر له پێشكه‌وتن و به‌رقه‌راربوونی پایته‌ختمان به‌غدا ده‌كه‌ینه‌وه ته‌واو وه‌ك چۆن بیر له هه‌ولێر ده‌كه‌ینه‌وه، به داخیشه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له ناوچه‌كانی دیكه‌ى عێراق ڕوو ده‌دات له نابهرقهراربوونی ئاسایش و ئابووری"، به توندیش هه‌ر هه‌وڵێكی جیابوونه‌وه له عێراق ڕه‌ت ده‌كاته‌وه. ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ش ده‌قی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یه:
* كاتێك هاتینه هه‌ولێر له ڕێگه‌ی فڕۆكه‌خانه نوێیه‌كه‌ی؛ هه‌ستمان كرد له ووڵاتێكی دیكه‌ین، ئێوه به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی ده‌چن وه‌ك ده‌وڵه‌تێك؟
- ئێمه پێش ساڵی 2003 سه‌ربه‌خۆ بووین، حكوومه‌ت و ده‌زگای حكوومیی خۆمان هه‌بوو، ته‌نانه‌ت ئه‌و دراوهشی كه به‌كارمان ده‌هێنا جیاواز بوو له‌وه‌ی ئه‌و كات له ناوچه‌كانی دیكه‌ى عێراق به كار ده‌هێنرا، به‌ڵام پاش ڕووخانی ڕژێم به ئاره‌زووی خۆمان گه‌ڕاینه‌وه بۆ به‌غدا له‌سه‌ر بنچینه‌ی كاركردن به پێی ئه‌و ده‌ستووره‌ی كه زیاتر له 80%ی گه‌لی عێراق ده‌نگی بۆ داوه، عێراقمان له‌سه‌ر سێ پڕنسیپی سه‌ره‌كی بونیاد نایه‌وه: یه‌كه‌میان هاوبه‌شی، پڕنسیپی دووه‌میش ته‌وافوق، سێهه‌میش به‌شداری له بڕیاردانی سیاسی، له‌و كاته‌شه‌وه ئه‌وه‌ی له تواناماندا بوو كردمان بۆ پاراستنی یه‌كێتیی عێراق، عێراقی نوێمان بونیاد نایه‌وه و ئێمه هاوبه‌شین له‌م بونیادنانه‌وه‌یه. ئێمه له ده‌ره‌وه‌ی ڕێرهوهكه نیین، با نموونه‌یه‌كت له‌سه‌ر ئه‌وه بده‌مێ، كاتێك بارودۆخی ئه‌منی له به‌غدا خراپ بوو؛ هێزه ئه‌منییه‌كان و پێشمه‌رگه‌مان نارد بۆ دابینكردنی ئاسایش و پاراستنی به‌غدا. ده‌توانم به هه‌موو متمانه‌یه‌كه‌وه بڵێم ئێمه ئه‌وه‌ی له تواناماندا بوو كردمان بۆ پاراستنی یه‌كێتیی عێراق.
* چۆن گه‌یشتنه ئه‌م ئه‌نجامه له پێشكه‌وتن و بونیادنان؟
- ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌یبینن له پێشكه‌وتنی هه‌رێمی كوردستان ده‌رئه‌نجامی ئازادییه‌ك دێت كه له هه‌رێمدا هه‌یه، ئێمه باوه‌ڕمان به‌وه هه‌یه گه‌لی عێراق زۆر ناخۆشی بینیوه و شایانی ئه‌وه‌یه دۆخێكی باشتری له‌وه‌ی ئێستا هه‌بێت، ئه‌مڕۆ هه‌رێمی كوردستان وه‌ك به‌شێك له عێراق گه‌شه‌كردن و پێشكه‌وتنێكی گه‌وره‌ی به‌خۆوه بینیوه، به‌ڵام زۆر شت هه‌یه ده‌بێت بیكه‌ین، مه‌سه‌له گرنگه‌كه له عێراقدا ئه‌وه‌یه سیاسه‌تمه‌داره‌كان تێڕوانینێكی ڕوونیان هه‌بێت بۆ چۆنیه‌تیی خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان له ته‌واوی عێراق، ئێمه‌ش به ئاره‌زووی خۆمان و له‌سه‌ر بنچینه‌ی ده‌ستوور بڕیارمان داوه به‌شێك بین له‌م عێراقه دیموكراسی و فره‌ییه.
* به شێوه‌یه‌كی كورت، هۆكاره‌كانی قه‌یرانه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر چین؟
- كامه قه‌یران؟، به‌رده‌وام قه‌یرانه‌كان هه‌ن.
* مه‌به‌ستم قه‌یرانی ئه‌م دواییه‌یه؟
- ده‌زانیت قه‌یرانه‌كه له شێوازی بیركردنه‌وه له به‌غداوه سه‌رهه‌ڵده‌دات، گوتمان ئێمه ده‌ستمان به بونیادنانه‌وه‌ی عێراق كرد به پێی ئه‌و سێ پڕنسیپه سه‌ره‌كییه‌ی باسم كردن، به داخه‌وه له به‌غدا ڕۆژانه ئه‌م بنچینانه پێشێل ده‌كرێن و پرسیارمان له به‌غدا ئه‌وه‌یه ئایا ئێمه هاوبه‌شین له حوكم و دروستكردنی بڕیاری سیاسی یان نا؟، به‌ڵام به داخه‌وه سیاسه‌تی سه‌رۆك وه‌زیران نووری مالیكی و به‌رپرسان له به‌غدا سیاسه‌تی لێكگه‌یشتن نییه، به‌ڵكوو سیاسه‌تی كۆنترۆڵكردن و زاڵبوونه، ئه‌مه‌ش بۆ ئێمه قبووڵكراو نییه، هه‌روه‌ها ده‌ستوورییش نییه، ئێمه عێراقی نوێمان له‌سه‌ر ئه‌وه بونیاد نه‌نا و له‌سه‌ر ئه‌و بنچینه‌یه ڕێكنه‌كه‌وتین دیكتاتۆرێك بڕوات و یه‌كێكی دیكه جێگه‌ی بگرێته‌وه، كێشه‌شمان له چۆنیه‌تیى بیركردنه‌وه‌ی حكوومه‌ته له به‌غدا له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان. قه‌یرانه‌كه له بونیادنانی متمانه‌یه له نێوانماندا و به پێی ئه‌م پڕنسیپه كار بكه‌ین، به‌غدا وه‌ك هاوبه‌ش مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵدا بكات، ئێمه هاوبه‌شین له بونیادنانی ئه‌م عێراقه، ئه‌مه به كورتی ناوه‌ڕۆكی كێشه‌كه‌یه. به ڕاشكاوی ده‌ڵێم هیچ هیوایه‌ك بۆ بونیادنانی ووڵاتێكی مه‌ده‌نی نییه تا به‌غدا پاڵپشتیی بیری به‌سه‌ربازكردنی شه‌قامی عێراقی بكات، گه‌لی عێراقی زۆری ده‌ست سته‌م و چه‌وسانه‌وه و ده‌ئه‌نجامی به‌سه‌ربازكردن؛ چه‌شت.
* كێشه‌كه دارایی نییه؟
- كێشه‌ی دارایی نییه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌كی له‌و جۆره‌ش هه‌بێت كه له بنچینه‌دا نییه، ئه‌وا نابێت ببێته قه‌یرانێك له نێوان به‌غدا و هه‌رێمی كوردستان، چونكه عێراق ووڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌نده و حكوومه‌تی فیدراڵی ده‌توانێت ئه‌م جۆره كێشانه چاره‌سه‌ر بكات.
* مه‌به‌ستتان ئه‌وه‌یه كێشه‌كه په‌یوه‌ندی به بودجه‌ی گشتی و بڕی ئه‌و 4 ملیاره‌ی مافی كۆمپانیا نه‌وتییه بیانییه‌كانه‌وه نییه كه له هه‌رێمدا كار ده‌كه‌ن؟
- هه‌رگیز.. هه‌رگیز.. ئه‌گه‌ر سه‌یری یاسای بودجه بكه‌ی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به‌هه‌رێمی كوردستانه‌وه من ناوی نانێم یاسای بودجه‌ی ته‌رخانكراو بۆ هه‌رێمی كوردستان؛ به‌ڵكوو ناوی ده‌نێم یاسای سزادانی هه‌رێمی كوردستان، بهعهقڵدا ده‌چێت له بری ئه‌وه‌ی هاوبه‌ش بین له بونیادنانی ئه‌م ووڵاته؛ یاسای سزادان هه‌بێت؟! یاساكه ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان ئه‌مه نه‌كات و ئه‌وه نه‌كات ئه‌وا ئه‌وه ده‌كه‌ین، بۆیه من ناوى ده‌نێم یاسای سزادان، وه‌ك نموونه‌یه‌ك ئه‌وان له‌باره‌ی كێبڵه‌كانی په‌یوه‌ندیكردنه‌وه ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر ئێمه ئه‌وه نه‌كه‌ین كه ئه‌وان ده‌یانه‌وێت، ئه‌وا مافی حكوومه‌تی فیدراڵییه كێبڵه‌كان له‌سه‌ر هه‌رێم بپچڕێنێت، ئه‌مه چۆن هاوبه‌شی ده‌بێت له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێم به ڕقه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌رێمدا بكات؟ كاتێك باسی مافی ئه‌و كۆمپانیا نه‌وتییه بیانییانه ده‌كه‌ین كه له هه‌رێمدا كار ده‌كه‌ن؛ ئه‌وا من به‌راشكاوی ده‌ڵێم: یه‌كه‌م ئێمه پابه‌ندین به‌و پڕنسیپهی ده‌ڵێت نه‌وت موڵكی گه‌لی عێراقه، دووه‌م ئه‌وه‌ی داوای ده‌كه‌ین مافی ئه‌م كۆمپانیا بیانییانه‌یه و په‌یوه‌ندی به هه‌رێمی كوردستانه‌وه نییه، به‌ڵكوو ئه‌م كۆمپانیایانه له هه‌رێمدا كار ده‌كه‌ن. سێیه‌م ئه‌وه‌ی هه‌نارده ده‌كرێت له نه‌وت بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه و تا ئێستا 76 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتمان هه‌نارده كردووه و داهاته‌كانی ئه‌م نه‌وته ده‌چێته خه‌زێنه‌ی عێراق؛ واته بۆ حكوومه‌تی فیدراڵی و ئێمه وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێم هیچ شتێكمان له‌م داهاتانه نه‌بردووه، ڕاسته ئه‌و نه‌وته له هه‌رێمه‌وه ده‌رده‌چێت، به‌ڵام داهاته‌كانی بۆ هه‌مووان بووه، لێكنهگهیشتنێكی سانا هه‌یه و له‌سه‌ر به‌غدا پێویسته ئه‌م كێشه‌یه چاره‌سه‌ر بكات، پێویسته مافی ئه‌و كۆمپانیایانه به پێی به‌رنامه‌یه‌كی شه‌فاف و به شێوه‌یه‌كی ڕێك‌وپێك بدات، سیاسه‌تی به‌غدا چییه؟، سیاسه‌ته‌كه‌ی ئه‌وه‌یه حكوومه‌تی فیدراڵی نایه‌وێت مافی ئه‌و كۆمپانیایانه بدات له‌پێناو شكستپێهێنانی سیاسه‌تی نه‌وتیی حكوومه‌تی كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی به هه‌مووان بڵێت حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له سیاسه‌تی نه‌وتیدا شكستی هێنا و ئه‌م سیاسه‌ته بۆ ئه‌وه‌یه تا بیسه‌لمێنێت كوردستان هیچ ڕێگه‌یه‌كی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی نییه.
* ئه‌ی ئه‌و بۆرییه نه‌وته‌ی هه‌رێمی كوردستان و توركیا ده‌به‌ستێته‌وه؟
- ئه‌وه‌ی هه‌یه ئێستا ئه‌و بۆرییه‌یه كه له كه‌ركووكه‌وه دێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ناو خاكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه بچێته به‌نده‌ری جیهانی توركی، ئه‌مه‌مان هه‌یه ئێستا.
* باسی سه‌ربه‌خۆیی ئابووریی هه‌رێمی كوردستانتان كرد، مه‌به‌ستتان له‌وه چییه ؟
- وه‌ك گوتم؛ یاسای بودجه‌ی هه‌رێم یاسای سزادانه، بۆیه ئێمه ده‌مانه‌وێت بودجه‌ی هه‌رێم به شێوه‌یه‌كی شه‌فاف و دوور له هه‌موو جۆره هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بێت و وه‌ك به‌خشینێك بێت وه‌ك چۆن له هه‌موو ووڵاته فیدراڵییه‌كانی جیهان هه‌یه، به‌غداش به‌م شێوه‌یه مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵدا ناكات، وێڕاى ئه‌وه‌ى كه ئێمه به پێی ده‌ستووری عێراقی؛ هه‌رێمێكی فیدراڵین، پێناسه‌ى عێراقى نوێش به پێی ده‌ستوور؛ ووڵاتێكی فره‌یی دیموكراسیی فیدراڵییه، به‌ڵام به‌غدا وه‌ك چۆن له‌گه‌ڵ پارێزگایه‌كی بچووكی سه‌ر به حكوومه‌تی فیدراڵی مامه‌ڵه ده‌كاتـ به هه‌مان شێوه مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵدا ده‌كات، له كاتێكدا ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ده‌ستوورییه و ئێمه له حكوومه‌تی فیدراڵی داوا ده‌كه‌ین به پێی ده‌ستوور مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵدا بكات و له‌سه‌ر به‌غدا پێویسته له‌سه‌ر بنه‌ماى فیدرالى مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵدا بكات، نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كى ناوه‌ندیی به‌هێز؛ به چه‌شنێك هه‌موو شتێك كۆنترۆڵ بكات، ده‌مانه‌وێت ئه‌م بۆچوون و ئه‌م تێڕوانینه‌ى كه به‌غدا له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵدا ده‌كات، بگۆڕین.
* به‌ڵام ئه‌م كێشه‌یه سه‌رباری كێشه و قه‌یرانه‌كانی دیكه له دامه‌زراندنی حكوومه‌ته‌كه‌ی پێشووی مالیكییه‌وه هه‌یه، بۆچی بۆ جاری دووه‌م به پێی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم مه‌سعوود بارزانی، یان ئه‌وه‌ی به ڕێككه‌وتننامه‌ی هه‌ولێر ناسراوه، كارتان بۆ دانانه‌وه‌ی كرد؟
- بۆ ئێمه جاران و ئێستاش مه‌سه‌له‌ی به‌رقه‌راربوونی سیاسی له عێراق له سه‌رووی ئه‌وله‌ویه‌ت و بیركردنهوهماندایه بووه، بڕوایهكیش هه‌یه به‌وه‌ی ئێمه به بوونی ده‌وڵه‌تمه‌دار سه‌رۆك وه‌زیران نووری مالیكی ده‌توانین ئه‌و كێشانه چاره‌سه‌ر بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌و نیگه‌رانییه‌ی هه‌یه له سیاسه‌ته‌كانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی فیدراڵی به ته‌نها له لایه‌ن كورده‌وه نییه، به‌ڵكوو له لایه‌ن عه‌ره‌به سونه و شیعه‌كانیشه‌وه هه‌یه، هه‌موو ئه‌وانه ئه‌مڕۆ كێشه‌یان له‌گه‌ڵدا هه‌یه و كێشه سه‌ره‌كییه‌كه ئه‌وه‌یه مالیكی نه‌یتوانیوه وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌موو عێراق مامه‌ڵه بكات و گرنگی به هه‌موو ناوچه‌كانی عێراق بدات.
* به‌ڵام پێشتر سیاسه‌تی سه‌رۆك وه‌زیران نووری مالیكیتان تاقی كرده‌وه و سكاڵاتان لێ ده‌كرد؟
- سروشتی بارودۆخ له‌عێراقدا هه‌ندێك جار وامان لێ ده‌كات وه‌ك چۆن ئاره‌زوو ده‌كه‌ین؛ وا مامه‌ڵه نه‌كه‌ین و دۆخه‌كه وایكرد هه‌ندێك لایه‌ن ده‌رفه‌تی دووه‌می پێ بده‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕوو ده‌دات، پێشبینیكراو نه‌بوو.
* پێتانوایه سیاسه‌ته‌كانی حكوومه‌ته‌كه‌ی مالیكی هانتان ده‌دات بۆ سه‌ربه‌خۆیی و جیابوونه‌وه له عێراق؟
- ئه‌وه‌ی ئاشكرایه ئه‌وه‌یه مانه‌وه‌مان له چوارچێوه‌ی عێراق به ئاره‌زووی خۆمان بووه و هێشتاش وایه، ئومێد ده‌كه‌م ئه‌وه نه‌بێت ده‌رئه‌نجامی سیاسه‌ته‌كانی، به ڕاشكاوی ده‌ڵێم: ئێمه عه‌ره‌ب نیین، ئێمه كوردین، كلتوور و زمان و مێژووی خۆمان هه‌یه كه جیاوازه له نه‌ته‌وه‌ى عه‌ره‌ب، ئێمه نه‌ته‌وه‌ى كوردین، به‌ڵام به ئیراده‌ی خۆمان ئه‌وه‌مان هه‌ڵبژارد له چوارچێوه‌ی عێراقی یه‌كگرتوودا بین، به‌ڵام به پێی ده‌ستوور پێشمان وایه له به‌رژه‌وه‌ندیی كورددایه له چوارچێوه‌ی عێراقێكی یه‌كگرتوودا بمێنینه‌وه؛ ئه‌مه سیاسه‌تێكی ئاشكرایه، چی له لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، یان سه‌ركردایه‌تیی كوردستانی بێت و ئێمه پابه‌ندین به‌م پڕنسیپهوه، پێشبینیش ناكه‌م مالیكی هانی جیابوونه‌وه‌مان بدات، ئه‌گه‌ر ڕه‌فتاره‌كانی بۆ ئه‌وه‌یه هانمان بدات بۆ جیابوونه‌وه؛ چۆن دۆخه‌كه له‌گه‌ڵ سونه شی بكه‌ینه‌وه؟، كێشه‌كه ئه‌وه‌یه مالیكی وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق مامه‌ڵه ناكات، كوردیش بیر له جیابوونه‌وه ناكاته‌وه، عێراق ووڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌نده و گه‌لى كورد ده‌یه‌وێت مافه‌كانی له چوارچێوه‌ی عێراقێكی یه‌كگرتوودا و به پێی ده‌ستوور وه‌ربگرێت ، بێگومان هیچ شتێك پرۆژه‌كان و سیاسه‌ته‌كان مینڕێژ ناكات، ئه‌و تاكڕه‌ویی بیركردنه‌وه‌یه نه‌بێت ئه‌وه‌ی كه سه‌رۆكی حكوومه‌ت له به‌غدا جێبه‌جێی ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی له ئه‌وی دیكه؛ كه له‌گه‌ڵ ئه‌ودا جیاوازه؛ كه‌م بكاته‌وه. بانگهشهكردنیشی به‌وه‌ى كه كلیله‌كانی چاره‌سه‌ری و ئهلیفوبێى نیشتمانی له ده‌ستى ئه‌ودایه، كێشه‌یه و مینێكه چاوه‌ڕوانی كاژێری ته‌قینه‌وه ده‌كات و به زیان بۆ خۆی و بۆ هه‌موو عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه.
* به‌ڵام یه‌كێك له په‌رله‌مانتاره‌كانی ده‌وڵه‌تی یاسا كه مالیكی سه‌ركردایه‌تی ده‌كات داوای له كورد كرد جیا ببنه‌وه؟
- عێراق بۆ هیچ توێژ، یان ئه‌م كه‌س، یان ئه‌وی دیكه نییه، عێراق عێراقی هه‌مووانه، وه‌ك چۆن خۆیان به به‌رپرس ده‌زانن له بارودۆخی عێراق، ئێمه‌ش به‌رپرسین له عێراق، به پێچه‌وانه‌وه ئێمه زیاتر سوورین له‌سه‌ر ئاسایش و پێشكه‌وتنی عێراق و عێراقییه‌كان، ئه‌وان به قسه باس له یه‌كێتیی عێراق ده‌كه‌ن، ئێمه به ڕه‌فتارمان سه‌لماندمان و سوورین له‌سه‌ر ئه‌م یه‌كێتییه، ئه‌وه‌ی له توانماندا بووه كردوومانه و ده‌شیكه‌ین بۆ پارێزگاریكردن له یه‌كێتیی عێراق و ئه‌مڕۆ هیچ كه‌سێك ناتوانێت لۆمه‌ی كورد بكات له‌سه‌ر تێچكوونی بارودۆخه‌كه له ووڵات، له ڕووی سیاسییه‌وه سه‌رۆكی كۆماری عێراق كورده و هه‌موو هه‌وڵێكی داوه بۆ كۆكردنه‌وه‌ی سوننه و شیعه و كورد له‌سه‌ر مێزێك، ئه‌و ئێستا له به‌غدا نییه و ئومێدی گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌كه‌ین بۆ نیشتمان به سه‌لامه‌تی، نه‌بوونیشی وای كرد لایه‌نه سیاسییه‌كان كۆ نه‌بنه‌وه و وتوێژ له‌گه‌ڵ یه‌كتر نه‌كه‌ن. له ڕووی ئه‌منیشه‌وه هه‌موو پاڵپشتی و هاوكارییه‌كی به‌غدامان كردووه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌قامگیر بێت، ئێمه ئه‌مه‌مان به شێوه‌یه‌كی كرده‌یی كردووه، زۆریش به‌لامانه‌وه گرنگ نییه؛ ئه‌م كه‌س یان ئه‌وی دیكه قسه‌یه‌كمان له‌سه‌ر بكه‌ن.
* حزبی ده‌عوه، له‌سه‌ر زاری سه‌ركرده‌یه‌كی باڵایه‌وه كه (عه‌لی ئه‌دیب)ـه، بۆ ڕۆژنامه‌كه‌مان لێدوانی دابوو كه هه‌رێمی كوردستان ده‌یه‌وێت زیاده‌ڕه‌وی له دهستهڵاتهكانیدا بكات؟
- ئه‌وه هیچ بنه‌مایه‌كی ڕاستی نییه. ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌مانه‌وێت هه‌ر ئه‌وه‌یه كه له ده‌ستووردا بۆمان دیاری كراوه، ئه‌گه‌ر ئه‌وانیش مه‌به‌ستیان مه‌سه‌له‌ی نه‌وت بێت، ئه‌وا ئێمه مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا به ڕه‌چاوكردنی ئه‌وه بووه كه موڵكی هه‌موو عێراقییه‌كانه و له چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا بووه. بابه‌ته‌كه ده‌گۆڕم و با بڵێین كه‌ركووك،كوردستانییه؛ ئه‌مه‌یش له ڕووی مێژوویی و جوگرافییه‌وه ناسراوه، له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی پێشوودا نه‌وتیان له هه‌رێمی كوردستان ده‌رهێناوه و به پاره‌كه‌ی چه‌كیان بۆ لێدانی كورد و عێراقییه‌كان پێ كڕیوه. برینه‌كانمان زۆر له‌وه قووڵترن كه پێشبینی بكرێن و (عه‌لی ئه‌دیب) و ئه‌وانی دیكه‌یش هه‌ستی پێ بكه‌ن، برینه‌كانمان به دروشم و باسكردن له دیموكراسی و شتی دیكه ساڕ‌ێژ نابن، ئێمه باش ده‌زانین كه ئه‌م دروشمه كۆن و هه‌ڵبه‌ستراوانه هیچ بنه‌مایه‌كی ڕاستییان تێدا نییه. ده‌ره‌نجامی پێداگریمان له مانه‌وه‌مان و ژیانمان له‌م ووڵاته‌دا، باجه‌كه‌ی زیاتر له 182 هه‌زار شه‌هید بووه، هه‌ر به هه‌مان هۆ پێنج هه‌زار گوند وێران كران و هه‌وڵی سڕینه‌وه‌یان له نه‌خشه‌دا درا، چه‌كی كیمیاییش له دژی گه‌له‌كه‌مان به كار هێنرا، گه‌لى كورد پێشبینی كرد كه ئه‌م كاره‌ساتانه له عێراقی تازه‌دا كۆتاییان پێ بێت؛ نه‌ك بیستنی ئه‌م جۆره لێدوانانه، به تایبه‌تی له لایه‌ن (عه‌لی ئه‌دیب)ـه‌وه كه هاوشانی پێشمه‌رگه شۆڕشی له دژی ڕژێمی پێشوو كردووه، بۆیه له‌سه‌ر سه‌ركرده سیاسییه‌كانی به‌غدا پێویسته بیر بكه‌نه‌وه و له‌سه‌ر بنه‌مای تێگه‌ییشتن له نه‌هامه‌تییه‌كانی كورد كار بكه‌ن، ئێمه پێشبینیمان له به‌غدا هه‌بوو كه پشتی ئه‌و دادگایانه بگرێت كه سه‌لماندی گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ و له‌ناوبردنی به‌كۆمه‌ڵی كورد هه‌بووه؛ ده‌بێ قه‌ره‌بووی زیانلێكه‌وتووانی ئه‌نفال و بۆردومانی كیمیایی و هه‌ر زیانلێكهوتوویهكی دیكه بكاته‌وه.
مه‌سه‌له‌ی نه‌وت نه‌بووه‌ته قه‌یران، ئێمه ده‌مانه‌وێت 250 هه‌زار به‌رمیل له ڕۆژێكدا بنێرینه ده‌ره‌وه، له دوای ساڵێكی دیكه ده‌توانین ڕۆژانه ملیۆنێك به‌رمیل بنێرینه ده‌ره‌وه به بێ كه‌ركووك، ئه‌م خێره بۆ هه‌موو عێراقه و ته‌نیا بۆ كورد نییه، نازانین بۆچی به‌غدا وا بیر ده‌كاته‌وه كه ئه‌م سیاسه‌ته‌ی ئێمه دژی ئه‌وانه.
* چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی حكوومی هه‌یه كه باس له مادده‌ی 140 ده‌كه‌ن وه‌ك ماددهیهیهك كه كاته‌كه‌ی به‌سه‌ر چووه؟
- مادده‌ی 140، مادده‌یه‌كی دستوورییه، تا ئێستایش ده‌ستوور كارپێكراوه و ده‌سته‌ڵاته‌كانی كۆتایی پێ نه‌هاتووه. با بپرسین: ئێمه ژیمان له عێراقی تازه‌دا ده‌وێت؟ ئایا سه‌قامگیریی سیاسی و ئاساییش و خۆشگوزه‌رانیمان بۆ گه‌لی عێراق ده‌وێت، یان ده‌مانه‌وێت یه‌ك له دوای یه‌ك قه‌یران دروست بكه‌ین؟ با بگه‌ڕێینه‌وه بۆ مادده‌ی 140، وه‌ك هه‌مووان ده‌زانن ئه‌مه مادده‌یه‌كی ده‌ستوورییه و بۆ چاره‌ی گرفتی كه‌ركووك دانراوه، به‌ڵام كێشه‌كه تا ئێستا چاره نه‌كراوه، سه‌یرمان لێهات كه بیستوومانه ده‌ڵێن ده‌سته‌ڵاته‌كانی ده‌ستوور و مادده‌كه كۆتایی هاتووه. گرنگ كۆتاییهاتنی ئه‌م كێشه‌یه‌یه، نه‌ك ئه‌و لێدوانانه ببیستین كه قه‌یران بۆ هه‌موو عێراق دروست ده‌كرێت، چاره‌ی ئه‌م كێشه‌یه‌ش ته‌نیا له ڕێگه‌ی دانوستاندنه‌وه ده‌بێت، له‌گه‌ڵ نواندنی نه‌رمى، ئێمه ئاماده‌ین ئه‌م نهرمیینواندنهمان هه‌بێت. با وا دابنێین ئه‌م كێشه‌یه له‌ناو خێزانێكدایه، كێشه‌كه به لۆژیكى به‌هێز و لاواز چاره ناكرێت، به‌وه‌یش نابێت هیچ لایه‌نێك خۆی وه‌ك به‌هێز بسه‌پێنێت و به‌رانبه‌ره‌كه‌ی به لاواز دابنێت، به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا هه‌رگیز كێشه چاره نابێت، به‌ڵكوو ده‌بێ بۆ گفتوگۆی له‌سه‌رخۆ هه‌نگاو بنێین.
كه‌ركووك ڕه‌مزی برایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیانه و به هه‌ڵواسراوی ماوه‌ته‌وه وه‌ك هه‌ر كێشه‌یه‌كی دیكه‌ی هه‌ڵواسراو، له‌سه‌رمانه هه‌ر كێشه‌یه‌ك وه‌ك خۆی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ین و چاره‌كردنی دوا نه‌خه‌ین و ئاڵۆزتریشی نه‌كه‌ین، به‌رپرسیاره‌تیی ئه‌وه‌یش ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، چاوه‌ڕێی چی ده‌كات بۆ چاره‌ی ئه‌م گرفتانه؟ ئایا ده‌یه‌وێت له ڕووی سه‌ربازییه‌وه به‌هێزتر ببێت و هه‌رێمی كوردستان داگیر بكات؟ پێكدادانه‌كه به هێزه و نه‌یشی توانیوه ئه‌وه بكات، بۆیه ته‌نیا ڕێگه‌یه‌كمان له به‌رده‌سته، ئه‌ویش گفتوگۆ و دانوستانده بۆ چاره‌ی كێشه‌كان و به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ری.
* پێتان وایه به‌غدا له ڕووی لۆژیكى "به‌هێزی" و "لاواز"ـییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كوردستاندا ده‌كات؟
- به دڵنیاییه‌وه، ئه‌وه هه‌ستی ئێمه‌یشه، من وای ده‌بینم كه سوننه‌كان ترسیان له داهاتوویان هه‌یه به هۆی ئه‌وه‌ی له ڕابردوودا به‌سه‌ریان هاتووه، شیعه‌كانیش ترسیان له ڕابردوویان هه‌یه، به‌ڵام كورد ترسی له ڕابردوو و ئێستا و داهاتوویش هه‌یه. ئه‌مه گرفتێكی گه‌وره‌یه، ئه‌گه‌ر نا سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق چاوه‌ڕێی چی ده‌كات؟ هه‌موومان ده‌زانین گرفته‌كان چین، به‌ڵام به ده‌وریاندا ده‌سووڕێینه‌وه، ناچینه ناوه‌ڕۆكیان تا یه‌كلایان بكه‌ینه‌وه. كۆمه‌ڵگه‌ی عێراق سه‌قامگیر نابێت تا شه‌راكه‌تێكی ڕاستینه له نێوان گشت پێكهاته‌كاندا وه‌دی نه‌یه‌ت.
* ئایا كه‌ركووك چه‌قی هه‌موو گرفت و قه‌یرانه‌كانه؟
- نه‌خێر .. هه‌رگیز، ئه‌وان ئه‌وه‌نده گه‌وره‌یان كردووه. پێش هه‌موو شتێك، ئه‌وان كاتێك كێشه‌ی كه‌ركووكیان ئه‌وه‌نده گه‌وره كرد كه هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له وێ بوون. ئه‌وان ده‌ڵێن بایه‌خی كه‌ركووك بۆ كورد ئه‌وه‌یه كه شارێكی نه‌وتییه، به‌ڵام ئێمه‌یش نه‌وتمان هه‌یه و به بێ كه‌ركووك ده‌توانین له ڕۆژێكدا ملیۆنێك به‌رمیل له نه‌وت هه‌نارده بكه‌ین، به بێ كه‌ركووك ده‌توانین گاز ڕه‌وانه بكه‌ین، بۆیه كه‌ركووك به لای ئێمه‌وه ناسنامه‌ی عێراقی نوێیه و نیشانه‌ی ده‌رچوونه له كێشه‌كانی ڕابردوو و به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌رییه له عێراقدا.
* دوودڵییه‌ك له شه‌قامی كوردیدا هه‌یه به هۆی قه‌یرانی نێوان هه‌رێم و به‌غداوه، ئه‌مه‌یش كاریگه‌ری له‌سه‌ر دۆخی ئابووریی هه‌رێم هه‌بووه، ترسێك هه‌یه كه به‌غدا هێرش بكاته سه‌ر هه‌رێم.. ئایا ئێوه‌یش ئه‌و دوودڵییهتان هه‌یه؟
- به بۆچوونی تایبه‌تیم، دوودڵی له‌و ڕووه‌وه نییه، ئه‌وه بۆچوونێكی كه‌سییه، به‌ڵام به هۆی هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی (مالیكی)ـیه‌وه ئه‌م جۆره بیركردنه‌وه‌یه له شه‌قامی كوردیدا هه‌یه كه به‌داخه‌وه ئێمه پێشبینیمان ده‌كرد ئه‌م قۆناغی ترسه له عێراقدا كۆتایی بێت. له‌سه‌ر هه‌موومان پێویسته ڕێگایه‌ك بۆ پێكه‌وه‌ژیانمان بدۆزینه‌وه ، ته‌ماشای دۆخه‌كان بكه‌ین له ڕوویه‌كی واقیعییه‌وه نه‌ك به خۆزگه‌خواستن، كاتێك به ده‌ربڕینه‌كانیان باس له یه‌كپارچه‌یی عێراق، گه‌ل و زه‌وییه‌كه‌ی ده‌كه‌ن، پێویسته ته‌ماشای واقیعی زه‌مینه‌كه‌ی بكه‌ین، بۆ نموونه له هه‌ڵبژاردندا چی ڕووی دا، شیعه ده‌نگی به شیعه دا، سوننه بۆ سوننه و كوردیش بۆ كورد ده‌نگی دا، ئه‌مه واقیعی پێكهاته‌ی عێراقه، ئه‌گه‌ر پێمان خۆش بێت یان نا. پێویسته به جۆرێك بیر بكه‌ینه‌وه كه ئه‌م ووڵاته به یه‌كپارچه‌یی جوگرافیایی بمێنێته‌وه و هه‌مووان پێكه‌وه بژین.
* دوا ده ساڵ له جه‌نگی عێراق - ئه‌مه‌ریكا، پێت وایه ئه‌وه‌ی به ده‌ستهاتووه شایانی عێراقییه‌كانه؟
- نه‌خێر.. به‌داخه‌وه. عێراق ووڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌نده له ڕووی سه‌رچاوه‌كانی سروشت و خاكه‌كه‌یه‌وه، هه‌موو قوتابییه‌ك، عێراقی بووایه یان نا، خه‌ونی بوو له كۆلێژی پزیشكیی زانكۆى به‌غدا بخوێنێت، ئه‌ویش به هۆی ئه‌و ئاسته زانستییه باڵایه‌ی كه زانكۆكانی عێراق پێی ناسرا بوون، په‌روه‌رده و ته‌ندروستی و خزمه‌تگوزارییه‌كان له هه‌موو بوارێكدا پێشكه‌توو بوون، ئایا مایه‌ی دڵته‌نگی نییه كه ئێستا عێراقییه‌كان له خزمه‌تگوزاری بێبه‌شن و ئیره‌یی به ووڵاتانی دیكه به‌رن كه سه‌رچاوه‌ی سروشتییان له هی ووڵاتی ئێمه كه‌متره! دوای ده ساڵ له گۆڕینی ڕژێم، سیاسییه‌كانی به‌غدا چی‌یان به گه‌لی عێراق به‌خشیوه؟ له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌ی عێراقدا، ته‌ماشای خزمه‌تگوزارییه‌كان و دۆخی ئه‌منیی بكه، له چه‌ند ڕۆژێكدا له شاشه‌كانی ته‌له‌ڤیزیۆنه‌وه بینیمان كه ته‌قینه‌وه‌كان له شوێنه جیاجیاكانی عێراقدا ڕوویان دا، خه‌ڵكی بێ‌تاوان كوژران، كه‌واته تاوانی ئه‌و بێتاوانانه چییه كه ژیانیان له ده‌ست ده‌ده‌ن؟! هیچ پێشكه‌وتنێك له ڕووی ئاساییش و سیاسه‌ت و ئابووری و خزمه‌تگوزارییه‌وه نییه، كه‌واته چۆن ووڵات به‌م شێوه‌یه به‌ڕێوه ده‌برێت؟ ئه‌گه‌ر شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی ووڵات به‌و جۆره بێت كه ئێستا له به‌غدا هه‌یه، ئه‌وا هه‌موو عێراقییه‌ك ده‌توانێت به‌و شێوه‌یه به‌ڕێوه‌ی به‌رێت.
* ئایا به‌غدا هیچ له ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستانه‌وه فێر بووه؟ یان پێت وایه هه‌وڵ هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زموون و ده‌ستكه‌وته‌كانتان تێك بدرێن؟
- به پێچه‌وانه‌وه، ئیرهییهك له لایه‌ن به‌رپرسانی به‌غداوه هه‌یه بۆ ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ی كه له هه‌رێمدا هه‌یه، خۆزگه ده‌خوازین هه‌موو عێراق وه‌ك هه‌رێم بێت، ئه‌وه‌ی بۆ هه‌ولێر ده‌یخوازین بۆ پایتهختهكهشمان (به‌غدا) ده‌یخوازین. پێمان وایه هیچ كه‌سێك ناتوانێت ئه‌زموون و ده‌ستكه‌وته‌كانمان تێك بدات، قۆناغی سه‌خت و درێژمان بڕیوه، بۆ دوواوه ناگه‌ڕێینه‌وه، كاتی گه‌ڕانه‌وه له‌م ده‌ستكه‌وته گه‌ورانه كۆتایی هاتووه، بۆیه پێویسته به‌غدا ژیانی ئاشتییانه و په‌سه‌ندكردنی ئه‌وانی دیكه قبووڵ بكات.
* پشتی خۆپێشاندانه‌كانی ڕۆژئاوا و باكووری عێراق ده‌گرن؟
- خۆپیشاندانی ئاشتییانه؛ مافێكی ده‌ستوورییه، له‌م ده‌رگایه‌وه پاڵپشتی لێ ده‌كه‌ین و داواكارییه ڕهواكانیش له چوارچێوه‌ی ده‌ستووردان. به گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ره‌تای خۆپیشاندانه‌كان، به‌و پێیه‌ی كه داواكاریی وه‌زیری ده‌ستله‌كاركێشاوه (ڕافیع ئه‌لعیساوی) بوو، گفتوگۆ بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌ى گرفته‌كان بكرێت؛ به‌ڵام ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌مه له لایه‌ن (نووری مالیكی)ـیه‌وه بوو، بۆیه خۆزگه ده‌خوازین خۆپیشاندانه‌كان به ئاشتییانه بمێننه‌وه.
* چۆن ڕێگای چاره‌كردنی گرفته‌كانی ئێستای عێراق ده‌دۆزینه‌وه؟
- عێراق پێویستی به گفتوگۆی واقیعی هه‌یه له نێوان گشت لایه‌نه‌كاندا نه‌ك له سه‌ر بنه‌مای خۆزگه‌كان، دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌چاره‌ی پێكه‌وه‌ژیان هه‌موو لایه‌نه‌كان ڕه‌زامه‌ند ده‌كات.
* ئه‌وه حكوومه‌تی سێیه‌مه كه له هه‌رێمی كوردستان پێكتان هێناوه، پێتان وایه بارگرانییه‌كانی ئه‌م كابینهیهتان زیاتره وه‌ك له‌وانه‌ی پێشتر؟
- به دڵنیاییه‌وه، گۆڕانكاری هه‌یه، پێداویستییه‌كانی ژیان گۆڕاون، كاتێك كابینه‌ی پێنجه‌ممان پێك هێنا، كاری سه‌ره‌كیمان دابینكردنی ئاساییش و ئارامی بوو و دوای ئه‌وه شتی دیكه ده‌هاتن، له‌م قۆناغه‌دا - سوپاس بۆ خوا- به هه‌وڵی هێزه ئه‌منییه‌كان و پێشمه‌رگه و گه‌له‌كه‌مان ئه‌م قۆناغه‌مان تێپه‌ڕاندووه، كێشه‌ی كاره‌بامان به ته‌واوی چاره نه‌كردووه، به‌ڵام خزمه‌تگوزارییه‌كان زۆر گه‌شه‌یان كردووه، به به‌رده‌وامی ژیان و پێداویستییه سه‌ره‌كییه‌كان گۆڕاون و ده‌شگۆڕێن و داخوازیی خه‌ڵك زیاتر ده‌بێت. دۆخی سیاسی گۆڕاوه و په‌رله‌مانی كوردستان له جاران چالاكتره و ئێستا ئۆپۆزیسیۆن به‌هێزه، ئه‌زموونی دیموكراسی به‌ره‌و پێش چووه، دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌ت به‌ره‌و پێش ڕۆییشتوون، ئێمه به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌چین، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه كهموكورتیش هه‌یه.
* له كابینه‌ی پێنجه‌مدا ئۆپۆزیسیۆن نه‌بوو؟
- هه‌بوو به‌ڵام ساده بوو، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر (یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان)ـدا هات و دابه‌ش بوو، ئۆپۆزیسیۆنی به‌هێز په‌یدا بوو.
* ناوی (یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان)ـت هێنا.. پێت وایه ڕێككه‌وتنی ستراتیژیتان كۆتایی دێت؛ ئه‌گه‌ر بێت‌و له هه‌ڵبژارندا به لیستی جیا به‌شدار ببن؟
- ئێمه‌یش له (پارتی دیموكراتی كوردستان) به لیستی جیا به‌شدار ده‌بین، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه له چوارچێوه‌ی ڕێككه‌وتنی ستراتیژیدا له‌گه‌ڵ (یه‌كێتی) به‌رده‌وام ده‌بین، له‌وانه‌یه گۆڕانكاری له (ته‌كتیك)ـدا هه‌بێت كه هه‌ر حزبه‌مان به لیستی جیا به‌شدار ده‌بین، به‌ڵام ئه‌مه كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌وه نابیت كه چی له نێوانماندایه، كه ئه‌ویش ڕێككه‌وتنی ستراتیژییه له نێوانماندا.
* ئایا ئاماده‌نه‌بوونی (سه‌رۆك تاڵه‌بانی) كاریگه‌ری له‌سه‌ر دۆخی هه‌رێم هه‌بووه؟
- به دڵنیاییه‌وه.. فه‌خامه‌تی (سه‌رۆك تاڵه‌بانی) له ماوه‌ی كاری سیاسییانه‌یدا شاره‌زایی و ئه‌زموونێكی قووڵی كۆ كردووه‌ته‌وه و ده‌ستكه‌وتی سیاسیی زۆری هه‌بووه، بۆیه وای ده‌بینین كه ئاماده‌نه‌بوونی كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر عێراق هه‌بووه، هه‌بوونی ئه‌و؛ هاوسه‌نگی له نێوان لایه‌نه‌كاندا دروست ده‌كرد، ئه‌مه‌یش ئه‌و بۆشاییه‌یه كه له ئاماده‌نه‌بوونی ئه‌ودا له گۆڕه‌پانی سیاسیی‌دا دروست بووه، هیوادارین به سه‌لامه‌تی بگه‌ڕێته‌وه.
* ئایا (یه‌كێتیی نیشتمانی) كه‌سێكی دیكه بۆ پۆستی سه‌رۆككۆمار هه‌ڵده‌بژێرێت به‌و پێیه‌ی ده‌ستكه‌وتی هه‌ڵبژاردنی خۆیانه؟
- ئێمه هیوای گه‌ڕانه‌وه‌ی (سه‌رۆك تاڵه‌بانی) ده‌خوازین به سه‌لامه‌تی، بۆیه تا ئێستا هیچ كه‌سێك بۆ پۆستی سه‌رۆككۆمار دیاری نه‌كراوه.
* به‌م دواییانه له توركیا بوویت، ئایا باسی مه‌سه‌له‌ی ئاشتیتان كرد له نێوان توركیا و په‌كه‌كه‌دا؟ هیچ بهشدارییهكتان له ده‌ستپێكی پرۆسه‌ی ئاشتی له توركیادا هه‌بووه؟
- بابه‌تی زۆرمان له توركیا باس كرد، كه تێیدا بوو پێوه‌ندی به به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌له‌كه‌مان و پێوه‌ندیی هاوبه‌شه‌وه هه‌بوو، باسی دۆخی ناوچه‌كه و سووریامان كرد، به‌ڵام پێوه‌ست به "په‌كه‌كه"ـوه ئێمه به‌شداریی كارامان هه‌بووه، ڕۆڵمان بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌ی سیاسی له نێوان حكوومه‌تی توركیا و په‌كه‌كه‌دا هه‌بووه؛ به بێ ئه‌وه‌ی ده‌ستوه‌ردان بێت له كاروباری ناوخۆی توركیا. ئاشتی بووه‌ته مه‌سه‌له‌ی توركیا و پێویسته له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تى توركیادا چاره‌سه‌ر بكرێت. هه‌وڵمان دا و گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی توركیا و پهكهكهیشدا كرد، هیوادارین چاره‌یه‌كی سیاسی و ئاشتییانه بدۆزریته‌وه.
* خوێندنه‌وه‌ی ئه‌رێنی بۆ ده‌ره‌نجامی هه‌وڵی چاره‌ی ئاشتییانه ده‌كه‌ن؟
- ده‌بینین ویستێكی به‌هێز له لایه‌ن هه‌ردوو لاوه هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، به دڵنیاییه‌وه دوژمنیش بۆ ئه‌م هه‌وڵه هه‌یه، چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشانه له شه‌و و ڕۆژێكدا نابن، هه‌رچه‌نده ڕێگاكه سه‌خت بێت، به‌ڵام هه‌نگاوی سه‌ره‌تا ده‌ستی پێكردووه، ئه‌وه هه‌نگاوی ده‌ستپێكه، مه‌سه‌له‌كه ئاڵۆزه و ئاسان نییه، به‌ڵام نابێ له‌وه‌ی تا ئێستا به‌ده‌ستهاتووه كه‌م بكرێته‌وه، ڕۆڵی سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا زۆر باش بووه و شایانی ڕێزلێگرتنه، وه‌ك چۆن ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی (عهبَدوڵڵا ئۆجه‌لان) گرنگه و له‌سه‌ر ئه‌نقه‌ره پێویسته له بایه‌خی كه‌م نه‌كاته‌وه، گرنگ ئه‌وه‌یه بڕوابوون هه‌بێت له لایه‌نی توركیایه‌وه كه ئه‌م كێشه‌یه سیاسییه و پێویسته چاره‌ی سیاسیی بۆ بدۆزرێته‌وه، ئێمه‌یش هه‌وڵمان له‌وه‌دا هه‌بووه، هیوادارین ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی هه‌ردوو گه‌لی تورك و كورد ڕازی بكات.
* تێبینیمان كرد كه په‌نابه‌رنی سووریایی، به كورد و عه‌ره‌به‌وه، له شاره‌كانی هه‌رێمدا له هۆتێل و چێشتخانه و شوێنه گشتییه‌كاندا كار ده‌كه‌ن و ئازادن؟
- ئه‌و برا سووریاییانه برامانن، عه‌ره‌ب بن یان كورد، گه‌لی سووریا و حكوومه‌تی سووریا یارمه‌تیی زۆری ئێمه‌یان داوه كاتێك پێویستمان به هاریكاری هه‌بووه، ئه‌مڕۆ ئه‌ركی ئێمه‌یه كه هه‌رچیمان پێ ده‌كرێت پێشكه‌شی بكه‌ین. ئه‌وه‌ی له ڕووداوه‌كانی سووریاوه ده‌یبینین، ئازارمان ده‌دات، هیوادارین ئه‌م ناخۆشییانه به زوویی كۆتاییان بێت.
* پێشبینیتان بۆ چاره‌ی كێشه‌ی سووریا چییه؟
- دۆخی سووریا زۆر ئاڵۆزه، ئێمه وای ده‌بینین دوو به‌ره‌ی هێز هه‌یه: یه‌كێكیان به‌رگری له پێناو مانه‌وه‌دا ده‌كات و لایه‌نی به‌رانبه‌ریش ده‌یه‌وێت ڕژێمه‌كه بڕووخێنێت و بیگۆڕێت، بۆچوونمان ئه‌وه‌یه دۆخه‌كه سیاسییانه چاره بكرێت.
* پێت وایه ڕژێمی سووریا ده‌مێنێته‌وه؟
- به پێی پێشبینیمان؛ گۆڕینی ڕژێمی سووریا ئاسان نییه، به ڕه‌چاوكردنی نه‌خشه‌ی بارودۆخه‌كه، تا ئێستایش سوپا و ئاساییش و حزبی به‌عس و لایه‌نی دیپلۆماسی و عه‌له‌وییه‌كان و هه‌ندێك له سوننه‌كان له‌گه‌ڵ ڕژێمدان. به كورتی 25% له‌گه‌ڵ ڕژێم و 15%ـیش دژی ڕژێمن، ئه‌وانی دیكه‌یش تا ئێستا نازانن چی بكه‌ن. ئایا بچنه پاڵ چ لایه‌نێك، تا ئێستا میانگیری به ده‌ستی ڕژێمه و پێویسته سیاسییانه چاره‌ی كێشه‌كه بكات له پێناو گه‌لی سووریادا.




