نەقیبی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان 14 ساڵەی دامەزراندنی ماڵپەڕی KDP پیرۆز دەکات

ھەولێر-KDP.info- نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەڵێت، ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵانە کاریان کردووە و بوونەتە سەرچاوەیەکی گرنگی ڕووداوەکان و زۆر لایەنیش پشتیان پێ دەبەستن.
حاکم ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، لە ١٤یەمین ساڵیادی دامەزراندنی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، گەرمترین پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەر و سەرجەم کارمەندان و ھاوکارانم دەکەم لە ماڵپەڕەکە، بێگومان ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، ئۆرگانی ئەلیکترۆنیی سەرەکیی پارتی دیموکراتی کوردستانە و توانیویەتی لە ساڵانی ڕابردووەوە تا ئێستا پرۆفیشناڵانە کار بکات و گرنگی بە ھەموو ڕووداوەکان بدات، نەک تەنیا پارتی، بگرە ھەموو کورد و ئەوەی پەیوەندی بە دۆزی نیشتیمانییەوە ھەیە.
نەقیبی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان گوتیشی، ئەو ماڵپەڕە لە ماوەی ڕابردوودا رۆڵی گرنگی ھەبووە و بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگی ڕووداوەکان و زۆر لایەن پشتی پێ دەبەستن و سوپاسی ھاوکارانی خۆمان دەکەین لە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، کە گرنگییان بە ھەواڵەکانی سەندیکای رۆژنامەنووسانیش داوە وەکو لایەنێکی یاسایی و فەرمی لە ھەرێمی کوردستان.
حاکم ئازاد دەشڵێت، دەستخۆشی لە ستافی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەم، کە توانیویانە کەڵکی باش لە شێوازی نوێی تەکنەلۆژیا وەربگرن و پەرە بە ماڵپەڕەکە بدەن و شێوازەکە ڕۆژ بەڕۆژ باشتر دەبێت و جۆری نووسینی ھەواڵەکانیش، خەسڵەت و تایبەتمەندیی خۆی ھەیە و زۆر بەرپرسانە لەگەڵ ڕووداوەکاندا مامەڵەیان کردووە.
بڵند ئیبراھیم




