پەیامەکەی ئۆجەلان: پەکەکە چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە

ھەولێر-KDP.info- شاندی ئیمراڵی دەم پارتی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانیدا نێوەڕۆکی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی بڵاوکردەوە.
ئەحمەد تورک پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی بە کوردی خوێندەوە و لە پەیامەکەدا ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد کە چەکدابنێن و خۆیان ھەڵوەشێننەوە.
دەقی پەیامەکەی ئۆجەلان:
"بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"
پەکەکە لە سەدەی بیستەمدا، لە سەدەیەکی ھەرە توندوتیژی مێژوودا دامەزرا. ئەو زەمینەیەی پەکەکەی تێدا دامەزرا، زەمینەی دوو جەنگی جیھانی بوو. سەردەمی سۆسیالیزمی بونیاتنراو و جەنگی سارد بوو لە جیھاندا. لەم زەمینەیەدا نکۆڵیکردن لە ڕاستینەی کوردان، قەدەغەکردنی ئازادییەکان، بە تایبەتیش قەدەغەکردنی ئازادی بیرکردنەوە ھەبوو.
لەو سەدەیەدا لە ڕووی تیۆری و بەرنامە و ستراتیژ و تاکتیکەوە، کاریگەریی ڕاستی سۆسیالیزمی بنیاتنراو، لەسەر ئەم دامەزراندنە ھەبوو. لە ساڵانی ١٩٩٠ـدا، ھەڵوەشانەوەی سۆسیالیزمی بنیاتنراو بە ھۆکاری ناوخۆیی، شکستی نکۆڵیکردن لە ناسنامە لە وڵاتەکە و پێشکەوتنی ئازادی بیرکردنەوە، وایکرد پەکەکە واتای خۆی لەدەست بدات و زیاد لە پێویست خۆی دووبارە بکاتەوە. بۆیە وەک ئەوانی تر، پەکەکەش لە دوادواییەکانی خۆیدا دەژی و پێویستی بە خۆھەڵوەشاندنەوەیە.
پەیوەندییەکانی کورد و تورک؛ لە مێژووی ھەزاران ساڵەدا تورک و کورد بۆ مانەوەی خۆیان و خۆپاراستن بەرامبەر ھێزە ھەژموونگەراکان، ھەردەم بە پێویستیان زانیوە لەنێو ھاوپەیمانییەکی دڵخوازانەدا بن.
لەم دوو سەدەیەی کۆتاییدا، مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی شکاندنی ئەم ھاوپەیمانێتییەی کردە ئامانجی خۆی. ئەو ھێزانەی کەوتبوونە ژێر کاریگەرییەکەیەوە، ھاوشانی بنکە چینایەتییەکەیان، خزمەتیان بەم ئامانجە کرد. بە شرۆڤە تاکڕەھەندەکانی کۆمار، ئەم پرۆسەیە خێراتر بوو. ئەرکی سەرەکی ئەوەیە، ئەو پەیوەندییە مێژووییەی ئەمڕۆ شکستی ھێناوە، بە ڕۆحی برایەتی و یەکێتی، بەبێ پشتگوێخستنی باوەڕەکان، سەرلەنوێ ڕێک بخرێتەوە.
کۆمەڵگەی دیموکراتیک، پێویستییەکی حاشاھەڵنەگرە. پەکەکە، درێژترین و بەرفراوانترین بزووتنەوەی سەرھەڵدان و توندوتیژییە لە مێژووی کۆماردا. لەبەرئەوەی ڕێگەی سیاسەتی دیموکراتیک داخرابوو، پەکەکە ھێز و پشتیوانی وەرگرت.
دەوڵەت و نەتەوە جیاجیاکان، فیدراسیۆن، خۆبەڕێوەبەریی ئیداری و چارەسەرە کەلتوورییەکان کە دەرئەنجامی پێویستی نەتەوەپەرستیی توندن، ناتوانن ببنە وەڵامگۆی سۆسیۆلۆژیای کۆمەڵگەیەکی مێژوویی.
ڕێزگرتن لە ناسنامەکان، ئازادیی بیرکردنەوە، ڕێکخستنی دیموکراتیک، بنیاتنانی کۆمەڵایەتی-ئابووری و سیاسی ھەموو پێکھاتەکان، تەنھا بە ھەبوونی کۆمەڵگە و کایەیەکی سیاسیی دیموکراتیک دێتە ئاراوە.
سەدەی دووەمی کۆمار، تەنھا ئەوکاتەی دیموکراتیزە دەکرێت، دەتوانێت ببێتە خاوەنی یەکێتی و مانەوەیەکی ھەمیشەیی. جگە لە دیموکراسی، ھیچ ڕێگەیەکی تر بۆ بەدیھێنان و جێبەجێکردنی سیستەمەکان، لە گۆڕێ نییە و ڕێ تێناچێت. ڕێککەوتنی دیموکراتیک، ڕێوڕێبازێکی سەرەکی و بنەڕەتییە.
پێویستە زمانی سەردەمی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بەپێی ئەم ڕاستییە پێش بخرێت.
ئەو بانگەوازەی بەڕێز باخچەلی کردی، ئەو ئیرادەیەی کە بەڕێز سەرۆککۆمار نیشانی دا، ھەڵوێستی ئەرێنی پارتەکانی تر، ئەم پڕۆسەیەی بنیاتنا، منیش لەم پرۆسەیەدا بانگەوازی چەکدانان دەکەم و بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم بانگەوازە دەگرمە ئەستۆ.
تا وەک ئەو کۆمەڵگە و پارتە ھاوچەرخانەی بەزۆرەملێ کۆتاییان پێ نەھێنراوە، ئێوەش دڵخوازانە کۆنگرەیەک ببەستن و بڕیار بدەن؛ پێویستە ھەمووتان کۆببنەوە و چەکەکانتان دابنێن و پەکەکە خۆی ھەڵبوەشێنێتەوە. سڵاو لە ھەموو ئەو کەسانە دەکەم کە باوەڕیان بە پێکەوەژیانە و گوێ لە بانگەوازەکەم دەگرن.




