سەرۆککۆماری عێراق: ھەماھەنگی نێوان حکوومەتی فیدڕاڵ و ھەرێم لە بەرژەوەندیی ھەمووانە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆککۆماری عێراق لە کۆڕبەندی ھەولێردا گوتارێکی پێشکەش کردوو، تیشکی خستە سەر پێشھاتە نوێیەکانی ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاست و ھەڵوێستی عێراق لە ئاست ئەو پێشھاتانەی کاریگەرییان لەسەر وڵاتەکە ھەیە.
لە سەرەتای گوتارەکەیدا د. عەبدولـلەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق ئاماژەی بەوە دا، ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاست زیاتر لە ساڵێکە لە جووڵەی بەردەوامی سیاسی و ئەمنی و سەربازیدایە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر نەخشەی سیاسیی ھەندێک وڵات دروستکردووە و ھۆشداریی ئەمنی و کۆمەڵایەتی بە وڵاتانی دیکە دەدات، عێراقیش لەوە بەدەر نییە ئەگەر ڕێکاری پێویست نەگیرێنەبەر.
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا سەرۆککۆمار باسی لە دۆخی فەلەستین کرد و ئاماژەی بەوە دا، نزیکەی ساڵ و نیوێکە گەلی فەلەستین ڕووبەڕووی پەلامار بووەتەوە و زۆربەی وڵاتانی جیھان لێی بێدەنگن، "ئەمەش کارەساتێکی مرۆیی سامناکی لێکەوتووەتەوە." جەختیشی کردەوە لە پێویستیی بەردەوامبوونی ئاگربەست، فریاکەوتنی زیانلێکەوتووان، مافی گەلی فەلەستین لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ.
ھەروەھا د. لەتیف رەشید پێشوازیی لە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی سووریا کرد و ھیوای خواست، ئەو گۆڕانکارییانە خواستەکانی گەلی سووریا بە ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکانەوە دەستەبەر بکات، ئامادەیی عێراقیشی نیشاندا بۆ یارمەتیدان لە سەقامگیرکردنی سووریا و بەدیھێنانی خواستەکانی خەڵکی ئەو وڵاتە.
سەرۆککۆمار باسی لەوەش کرد، سیاسەتی ئێستای عێراق لەسەر بنەمای ھاوکاری و تەواوکاری لەگەڵ وڵاتانی دیکە و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتان و ڕێزگرتن لە بژاردەکانی گەلان دامەزراوە. ھەروەھا جەختی کردەوە لەوەی، عێراقییەکان دوای ساڵی ٢٠٠٣ سیستەمێکی سیاسیی نوێیان بۆ خۆیان ھەڵبژاردووە لەسەر بنەماکانی دیموکراسی، دادپەروەری و یەکسانیی کۆمەڵایەتی.
لە کۆتایی گوتارەکەیدا د. لەتیف ڕەشید گوتی، چڕکردنی ھاوکاری و ھاوئاھەنگیی نێوان حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو بوارەکان دا لە بەرژەوەندیی ھەمووانە و، عێراق بە گەلەکەی و فرەجۆریی پێکھاتە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی و ئیتنییەکانیەوە دەوڵەمەندە. ھەروەھا بە سامان و سەرچاوە سرووشتییەکانیشی دەوڵەمەندە، پێویستە ھەموو ئەمانە بۆ باشترکردنی ئابووری، خێراکردنی گەشە، ئاراستەکردنی سامانی عێراق بەرەو بنیادنان، پەرەپێدان و خزمەتکردنی ھەموو پارێزگاکان بەکاربھێندرێن.




