سەرۆکوەزیرانی عێراق: لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ ھەرێم دەکەینەوە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، کار دەکرێت بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی ھەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیھان و کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی لە ھەرێمی کوردستان کار دەکەن، بە جۆرێک کە بەشداری بکەن لە بنیاتنانی ئابووریی عێراق و مافی ھاوڵاتییانی ھەرێمی کوردستانیش پارێزراو بێت.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوا دەکات، لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە بکەنەوە کە لە ھەرێمی کوردستان کار دەکەن، "بە جۆرێک کە بەشدار بێت لە بنیاتنانی ئابووریی عێراق و مافی ھاونیشتیمانیی ھەرێمی کوردستانیش مسۆگەر بکات، ئەوەش لە ڕێگەی گەرەنتیکردنی ئەوەی کە مافی خۆیان بەبێ ھیچ کەموکوڕییەک لە مووچە و شایستە داراییەکانی دیکەیان وەرگرن."
کابینەی ئێستای حکوومەتی عێراق ھەوڵ دەدات کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و ھەولێر چارەسەر بکات؛ حکوومەت ھەوڵ دەدات کێشەکان لە چوارچێوەی سیاسی دەربھێنێت و بیانخاتە چوارچێوەی یاساییەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق وای گوت.
سەبارەت بە سووریاش، سوودانی ئاماژەی بەوە کرد، حکوومەتی عێراق جەخت لە پشتیوانیی خۆی بۆ سەقامگیریی ناوچەکە دەکاتەوە و پشتیوانی لە گەلی سووریا و مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی دەکات، پشتگیری لە ھەموو ئەو دەستپێشخەرییانەش دەکەن کە ھاوکار دەبن لە گێڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ سووریا، ئەمەش لە چوارچێوەی باوەڕبوون بە ھاوچارەنووسی و بەھێزکردنی ھاوپشتیی عەرەبی و ھەرێمایەتی.




