مەحموود مەشھەدانی: ھەولێر پێشکەوتووە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەم خولەی پەرلەمان لە خراپترین خولەکانی پەرلەمانە و بابەتی زۆر ھەن کە چارەسەری نەکردوون.
مەحموود مەشھەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆڕبەندی ھەولێر ٢٠٢٥ ڕایگەیاند، عێراق ڕێگەی بێلایەنی ھەڵبژاردووە و "کاتمان دەوێت تاوەکو وڵاتەکەمان بنیات دەنێینەوە".
مەحموود مەشھەدانی لەبارەی عێراقی نوێوە باسی لەوە کرد، "بۆ ماوەی ٨٠ ساڵ وڵاتێکمان بنیاتنا و بە چاوترووکاندنێک لە ٢٠٠٣ ڕووخێندرا، دواتر لە سەرەتاوە دەستمان پێکردەوە".
لەبارەی بارودۆخی ناوچەکەوە، مەشھەدانی ئاماژەی بەوە کرد، "دەبێ پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمەریکا و وڵاتانی زلھێز ئارام بێت، ئەوەی لە ناوچەکە ڕوودەدات داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاستە".
سەرۆکی پەرلەمان باسیشی لە ھەولێر کرد و گوتی، "کە دێمە ھەولێر، دەبینم پێشکەوتووە، دڵخۆشم چونکە بەشێکە لە وڵاتی من".
لەبارەی ڕەوتی سەدرەوە، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، "لە زۆرێک لەو پرسانەی لە عێراق ھەن، بۆچوونی ڕەوتی سەدر وەرنەگیراوە، پێویستە وەربگیرێت".




