٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە هادی عامری دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٥/٢/٢٦، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ھادی عامری، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر کرد.

لە دیدارێکدا باسیان لە دوایین پێشھاتە سیاسییەکان و ڕەوشی گشتیی وڵات کرد، ھەروەھا پرسە ھاوبەشەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و ھەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانیان بە جۆرێک کە بەرژەوەندیی نیشتمانی دەستەبەر بکات، خستە بەر باس.

ھەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەھێزکردنی دیالۆگ و لێکگەیشتن لەنێوان ھەموو لایەنە عێراقییەکاندا و کاری ھاوبەش بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی وڵات و چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان بە ڕۆحی ھاوکاری و ھاوبەشیی نیشتمانی کردەوە. ھەروەھا ھەردوولا باسیان لە دۆخی وڵات و گرنگیی پارێزگاریکردن لە یەکڕیزیی نیشتمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان کرد.

نێچیرڤان بارزانی گرنگیدانی ھەرێمی کوردستانی بۆ بەردەوامیی ھەماھەنگی و ھاوکاری لەگەڵ ھەموو ھێزە نیشتمانییەکان لە عێراق دووپات کردەوە، ھەروەھا جەختی لەسەر گرنگیی پشتگیریکردنی ھەوڵەکانی حکوومەتی فیدراڵ کرد لە بەدیھێنانی ئاسایش و سەقامگیری و بەھێزکردنی ھاوبەشیی نیشتمانی کە لە بەرژەوەندیی تەواوی وڵاتدایە.

هەواڵی پەیوەندیدار