٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. مزگین بۆ KDP: خەڵاتی زێڕینی هەژار موکریانی شایانی (ئاوڕەحمانی حاجی مارف) بوو

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- پسپۆر و مامۆستایەکی زانکۆی سەلاحەددین پێی وایە بەخشینی خەڵاتی زێڕینی هەژار موکریانی بە ئاوڕەحمانی حاجی مارف شایانە و ئەو زاتە مەزنە خزمەتەکانی بە زمان و وێژەی کوردی جێگای ڕێز و ستایشن.

پ.ی.د. مزگین عەبدولڕەحمان ئەحمەد چالی، پسپۆری زمانی کوردی و مامۆستای کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت لە زانکۆی سەلاحەدین، سەبارەت بە بەخشینی خەڵاتی زێڕینی هەژار موکریانی بە دکتۆر (ئاوڕەحمانی حاجی مارف) لە هەولێر و خزمەتەکانی بە زمان و وێژەی کوردی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی دیداری هەژار موکریانی دەکەم، بەڕاستی کارێکی ناوازە و بەسوودیان کرد و هەولێریان کردە مەنزڵگەی پێکەوەبەستنی هەرچوار پارچەی کوردستان، هەروەها جارێکی دی دەستخۆشییان لێدەکەم لە دەستنیشانکردنی مامۆستای گەورە، خوالێخۆشبوو (ئاوڕەحمانی حاجی مارف) بۆ خەڵاتی هەژار موکریانی، هەر بەڕاستی و بە تەواوەتی خەڵاتەکە شایستە بوو، لەبەر ئەوەی خوالێخۆشبوو خزمەتێکی زۆری زمانی کوردی کردووە، ناوبراو ١٢ ساڵ لە سۆڤیەتی جاران بووە و لە لینگراد بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرای وەرگرتووە، ناسیاوی و هاموشۆی کەسایەتییە کوردییەکانی سۆڤیەت و بە تایبەت ڕۆشنبیر و زمانناسی وەک کوردییفی کردووە. پاشخانێکی زمانەوانی و کەلچەری گەورەی لە زمانی کوردی بە هەموو زارەکان و زمانەکانی ڕووسی و ئینگلیزی و عەرەبی و فارسی و تورکی هەبووە.

دکتۆر مزگین هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، "ئاوڕەحمانی حاجی مارف باخەوانێک بووە کە تۆی زانست و ئەدەب و زمانی لە کێڵگەی وڵاتدا چاندووە و بەرهەمە زمانی و ئەدەبی و چالاکییە زانستیییەکانی بە شێوەیەک بڵاوکراوەتەوە دێوی جەهالەت و نەزانی لە خوێندەواری کوردی وەلاناوە.

ناوبراو گوتیشی، "ئاوڕەحمانی حاجی مارف زانایەکی گەورەی زمان بوو، ئەلف و بێی زمان و ڕێزمانی کوردی بۆ خوێنەرانی کورد دانا و بۆتە پاشای سەر تەختی یاسا و ڕێساکانی زمانی کوردی، سەرەڕای ئەوەی هێشتا خۆی بە خەجاڵەت و دەرماندە لەم بوارەدا زانیوە و دەڵێت (کۆڵەوارم و هەر هێندەم لە دەست دێت، خۆزگە کاری گەورەم لەباردا بوایە، خەجاڵەتی قاپیی دڵسۆزی میللەتەکەمم کە هێندە دڵپاک و لەخۆبووردوون دەست بە ڕوومەوە نانێن و ئەو جۆرە دیاریانەم لێوەردەگرن)، بۆیە ئەم خەڵاتە شایانی ئەم زاتە بوو کە نزیکەی نیو سەدە خزمەتی زمانی کوردی کردووە و بە دەیان بەرهەمی زانستی زمان و ئەدەبی بۆ کورد بەجێهێشتووە.

 

سەلاح جەلال

هەواڵی پەیوەندیدار