٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كاكەیی: سوورین لەسەر یاسای گەڕاندنەوەی زەوی بۆ جووتیاران

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info- نەجوە كاکەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دەبێ وەك خۆی یاسای هەڵوەشاندنەوەی زەوتكردنی زەویی جووتیارانی كورد جێبەجێ بكرێت و فڕاكسیۆنە كوردییەكان یەكدەنگین، نابێت سوپا دەستدرێژی بكاتە سەر هاووڵاتییان و دەشڵێ، ئەو سەربازەی ملپێچی جووتیارەكەی ڕاكێشا، سزا دەدرێت.

نەجووە كاكەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: بڕیارەكانی قیادە سەورەی سەردەمی ڕژێمی ڕووخاوی پێشووی عێراق تایبەت بە زەویی جووتیاران، کە لێیان زەوت كراوە و بە عەرەبی هاوردە دراوە، پاش بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەران بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارانە و گەڕاندنەوەی خاوەنداریەتی بۆ جووتیارانی كورد، دەستێوەردانی سوپای عێراق نایاساییە.

کاكەیی گوتیشی، فراكسیۆنە كوردییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەردەوامین لەسەر ئەوەی یاساكە وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، یاساكە بەناوی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری قیادە سەورە، لە ڕۆژنامەی فەرمیی عێراق بڵاو كراوەتەوە.

دەشڵێ، لێرە بەدواوە و پاش جێبەجێ كردنی یاساكە، جووتیاران دەتوانن بە ئازادی كاری خۆیان بکەن و زەوییەكانیان بکێڵن، دەستدرێژیی سوپای عێراقیش بۆ سەر جووتیارەكان، پێمان دەڵێ هێشتا بڕیارەكانی قیادە سەورە لە كەركووك كاریان بێدەكرێت، بەڵام ئیدی نابێت كاریان پێبكرێت، چونكە هەڵوەشاونەتەوە.

ناوبراو ئاماژەش دەدات، ئەوەی دەستدرێژی بكاتە سەر هەر هاووڵاتییەك، سزای خۆی وەردەگرێت، ئەو سەربازەش کە دەستدرێژیی کردە سەر هاووڵاتییەکی کورد، سزا دەدرێت، جووتیارەكەش دەتوانێت سكاڵا لە دژی تۆمار بكات، ئەو سەربازە دان بەوەدا بنێت کە كەسی تری لە پشت بووە، ئەویش سزا دەدرێت.

 

عەزیز ڕەسووڵ

هەواڵی پەیوەندیدار