وەزیری بازرگانی: بڕیارەکەمان لە کوردستان و عێراق جێبەجێ دەکرێت

ھەولێر-KDP.info- وەزیری بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، ئەو بڕیارەی دراوە بۆ ئەوەی کارتی نیشتیمانی مەرج بێت بۆ پێدانی بەشەخۆراک بە ھاووڵاتیان، تەنیا بۆ ھەرێمی کوردستان نییە و بۆ ھەموو عێراقە. دەشڵێ، فۆڕمی خۆراک دەبێتە ئەلکترۆنی.
کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ھۆکاری پێدانی بەشەخۆراکی ھاووڵاتیان کە کارتی نیشتیمانی کراوەتە مەرجێک بۆ ئەوەی بەشەخۆراکیان پێبدرێت، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە فۆڕمی خۆراک لە عێراق و ھەرێمی کوردستان دەبێتە ئەلکترۆنی.
موسلیم گوتیشی، ئەو بڕیارەی دراوە، بۆ ئەوەیە کە پێویستە ھەمووان کارتی نیشتیمانییان ھەبێت، ئەمە بۆ ھەموو عێراقە و تەنیا بۆ ھەرێمی کوردستان نییە، چونکە کە فۆڕمی خۆراک بووە ئەلکترۆنی، پێویستە کارتی نیشتیمانییان ھەبێت، بۆیە جارێ دیار نییە ئەو بڕیارە کەی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەبەر ئەوەی ئەمە بڕیارێکی گشتییە، ھەر بۆیە کارتی نیشتیمانی کراوەتە مەرج بۆ بەشەخۆراکی مانگانە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە عێراق بڕیار دراوە پێویستە ھەموو ھاووڵاتیان کارتی نیشتیمانییان ھەبێت، ئەگەرنا لە پێدانی بەشەخۆراکی مانگانە بێبەش دەبن.
بڵند ئیبراھیم




