٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان جه‌خت له‌ پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یى ده‌كاته‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- نیوەڕۆی ئه‌مڕۆ دووشەممە 2025/2/24 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی ڕەوەندی عێراقی لە ئه‌مەریکا به‌ سه‌رۆكایه‌تیى بەڕێز مارتن مەننا، سەرۆکی ژووری بازرگانیی كلدانى ـ ئه‌مەریکی کرد.

لە دیدارێکدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ستایشی ڕۆڵی ڕەوەندی عێراقی لە دەرەوە کرد لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتى و پشتگیرییان له‌ پێشخستنى ئابووری و گەشەپێدان، هەروەها جەختی لەسەر گرنگیی پاراستنی ناسنامەی نیشتمانی و فرەییی کولتووری و ئایینیی عێراقییەکان و بەهێزکردنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەنێوان هەموو پێکهاتەکاندا کردەوە.

لای خۆیانەوە، شاندەکە پێزانینیان بۆ كولتوورى‌ یه‌كترقبووڵكردن و پێکەوەژیانی ئاشتییانە و لێبوردەیی لەنێوان پێکهاتە جیاكاندا له‌ هەرێمی کوردستان ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها داكۆكییان لە بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ هەرێمى كوردستان به‌تایبه‌تى لە بوارى ئابووری و وەبەرهێناندا کرد بە جۆرێک کە پشتگیریی گەشەپێدان بکات و دەرفەتی نوێ بۆ پەیوەندی لەنێوان ڕەوەندی عێراقی لە دەرەوە و کوردستاندا بڕەخسێنێت. له‌مباره‌یه‌وه‌ چه‌ند بیرۆكه‌یه‌كیان ده‌رباره‌ى كار و پرۆژه‌ى وه‌به‌رهێنان له‌ ده‌شتى نه‌ینه‌وا و هه‌رێمى كوردستان خسته‌ ڕوو.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر پابەندیی هەرێمی کوردستان بە پێکەوەژیانی ئاشتییانە و لێبوردەیی لەنێوان هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەدا کردەوە و دڵنیایى دا كه‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌میشه‌ وەک نموونەیەک بۆ ئاشتی و فرەیی و کرانەوە ده‌مێنێته‌وه‌، هەروەها بەهێزکردنی پەیوەندیى نێوان عێراقییەکانى ناوەوە و دەرەوەی وڵات و هاوکاریی هاوبەشیان لەپێناو داهاتوویەکی باشتردا بۆ هه‌مووان به‌ گرنگ زانى. هه‌ر له‌و میانه‌دا هه‌موو ئاسانكارییه‌كى بۆ ڕه‌خساندنى زه‌مینه‌ى له‌بارى وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمى كوردستان بۆ شانده‌كه‌ ده‌ربڕى.

هەواڵی پەیوەندیدار