"یەکێتیی ئافرەتان کۆنفرانسێکی زانستی لە سلێمانی ئەنجام دەدات"

ھەولێر -KDP.info- سکرتێری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان گوتی "لە پارێزگای سلێمانی کۆنفرانسێکی زانستی لە ژێر ناوی ئابووریی سەربەخۆی ئافرەت لە پێناو یەکسانی و گەشەپێدان ئەنجام دەدەین، بۆ ئەوەی ئافرەتان کار بکەن و بەربەستەکان بشکێنن و پڕۆژەی تایبەت بە خۆیان ھەبێت و خۆیشیان لە بەڕێوەبردنی بژێویی خێزاندا بەشدار بن."
زیبا تەھا، سکرتێری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "لە ڕۆژانی داھاتوودا لە شاری سلێمانی کۆنفرانسێکی زانستی لە ژێر ناونیشانی (ئابووریی سەربەخۆی ئافرەت لە پێناو یەکسانی و گەشەپێدان) ئەنجام دەدەین، لە چەند پانێڵێکدا کەسانی شارەزا لە ڕوانگەی زانستییەوە ئەو پرسە گفتوگۆ دەکەن، وێڕای ئەوەش چەند ئافرەتێکی خاوەن کاری سەربەخۆ کە توانیویانە بەربەستەکان بشکێنن و پڕۆژەی تایبەتی خۆیان ھەیە و بەشدار بوونە لە دابینکردنی بژێویی خێزان و گەشەپێدانی ئابووری، لە کۆنفرانسەکەدا ئامادە دەبن، بێگومان ئەمەش وەک ڕێزلێنانێک و نرخاندنێک بۆ ئەو ئافرەتانەیە، ھاوکات وەک ھاندانێکیشە بۆ ئافرەتانی دیکە کە شوێنپێی ئەوان ھەڵگرن و ببن بە خاوەن کاری تایبەت بە خۆیان."
زیبا تەھا گوتیشی "بە شێوەیەکی گشتی مەبەستمان لەم کۆنفرانسە لێکۆڵینەوەیە لەم پرسە لەلایەن کەسانی تایبەتمەندەوە، ئێمە دەزانین ئابووری و بێکاری لە سەرانسەری یهاندا کێشەیەکی سەرەکییە، ئێمەش لە ھەرێمی کوردستان ئەم کێشەیەمان ھەیە و زیاتر لە ئافرەتدا ڕەنگی داوەتەوە، بەو پێیەی بەربەستی کۆمەڵایەتی و کولتووری ڕێگرن لە بەردەم کارکردنی ئافرەت، ئێمە دەمانەوێ ھانی ئافرەت بدەین تا کار بکەن و بەربەستەکان بشکێنن، دەمانەوێ لە گرینگیی ئابووریی سەربەخۆ تێبگەن و پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن و لە ڕووی بژێوییەوە خۆیان وابەستەی کەس نەکەن."
سکرتێری یەکێتیی ئافرەتان ئاماژەشی دا "ئەم پرسە پێویستی بە باشکردنی زەمینە و ڕەخساندنی ھەلی کار ھەیە، ئەوەش ئەرکی حکوومەت و کەرتی تایبەتە، ھاوکات دەمانەوێت پشتیوانی حکوومەتی ھەرێم بین لە چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئابوورییەکان، بەو پێیەی چەند ھاووڵاتیی ئافرەت یا پیاو کار بکات، ئەوە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەشدار دەبێت لە پرۆسەی گەشەسەندندا کە حکوومەت کاری بۆ دەکات، چەند ئافرەت کاری خۆی بکات و ببێت بە خاوەن داھاتی تایبەت کەمتر ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە، چونکە یەکێک لە ھۆکارەکانی توندوتیژی، هۆکاری ئابوورییە، کەمبوونەوەی توندوتیژیش یەکێکە لە پێوەرەکانی پێشکەوتن."
دەشڵێت "ھیوادارین ئەنجام و ڕاسپاردەکانی کۆنفرانسەکەمان لە خزمەت خۆمان بێت وەکو یەکێتیی ئافرەتان کە بیخەینە نێو بەرنامەی کارمان لە بواری گرینگیدان بە پرسی ئابووریی سەربەخۆی ئافرەت و چۆنیەتیی کارکردنمان بۆ ئەو مەبەستە و پشتیوانی و ھاوکاریی ئافرەتان، هاوکات وەکوو بیشیدەینە لایەنە پەیوەندیدارەکان."
بڵند ئیبراھیم




