سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق كۆبووهوه

بەغدا-KDP.info- پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ٢٠٢٥/٢/٢٢، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە بەغدا لەگەڵ محەممەد شیاع ئەلسوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ، کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا گرنگترین پرس و بابەتەکان لەسەر ئاستی نیشتمانی، گرنگیی بەردەوامیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە ھاوبەشەکان و بەرنامەی حکوومەت لە ھەموو کەرت و بوارەکاندا تاوتوێ کران، بەتایبەتی پاش پەسەندکردنی دوایین ھەموارکردنەوەی یاسای بوودجەی گشتیی فیدڕاڵی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بە جۆرێک خزمەتی بەرژەوەندیی نیشتمانی بکات، ئابووریی وڵات بەھێزتر و پێداویستییەکانی دابین بکات.
ھەر لەو میانەدا ھەردوولا داکۆکییان لەسەر پێویستیی خێراکردنی دەستپێکردنەوەی بەرھەمھێنانی نەوت لەلایەن کۆمپانیا نەوتییەکانەوە لە ھەرێمی کوردستان و ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیھانی تورکییەوە کرد کە بە خێری تەواوی عێراق دەگەڕێتەوە.
نێچیرڤان بارزانی جەختی لە خواستی ھەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی ھەموو پرسەکان لەگەڵ بەغدا و بەردەوامیی پەیوەندی و ھەماھەنگی و ھاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ لە ھەموو ئاستەکاندا کردەوە کە خزمەت بە گەشەپێدان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و چەسپاندنی سەقامگیری لە تەواوی وڵاتدا بکات.
دۆخی عێراق و ھەرێمی کوردستان و پێشھاتەکانی ناوچەکە بەگشتی، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.




