نێچیرڤان بارزانی: پڕۆژهی ڕێگهی گهشهپێدان، دهبێ كۆكهرهوهی ههموو عێراقییهكان بێت

ھەولێر-KDP.info- سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە ٢٢-٢-٢٠٢٥، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە شاری بەغدا بەشداریی لە کۆنفرانسی گفتوگۆی نێودەوڵەتیی بەغدا کرد کە ھەریەک لە بەڕێزان محەممەد شیاع ئەلسوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و محەممەد ئەلحەسسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای عێراق و باڵیۆز و دیپلۆماتکارانی وڵاتانی بیانی تێیدا ئامادە بوون.
لە کۆنفرانسەکەدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی وتەیەکی پێشکەش کرد، ئەمە دەقەکەیەتی:
جەنابی سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی،
ئامادەبووانی بەڕێز،
سڵاوی خواتان لێ بێت..
خۆشحاڵم بەشداریی کۆنفرانسی حەوتەمی گفتوگۆی نێودەوڵەتیی بەغدا دەکەم. ئەم کۆنفرانسە دیدگای عێراق بۆ کرانەوە و یەکترتەواوکردنی ھەرێمی، ھەروەھا پابەندیی عێراق بە کاری ھاوبەش بۆ سەقامگیری و گەشەپێدانی بەردەوام، دەردەخات.
بەڕێزان،
عێراق و ناوچەکە بە قۆناغێکی گۆڕانکاریی ستراتیژیی قووڵدا تێدەپەڕن کە پێویستی بە ھاوکاری و ھاوبەشییە، نەک ململانێ و ئاڵۆزیی زیاتر. لەم ڕوانگەیەوە، پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان وەک دەستپێشخەری و ھەنگاوێکی مێژوویی دێت بۆ بنیاتنانی عێراقێکی سەقامگیرتر و گەشاوەتر، لەسەر بنەمای ئابووریی ھەمەجۆر، کرانەوەی ھەرێمی و یەکترتەواوکردن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا.
ئێمە لە ھەرێمی کوردستان، ھەمیشە باوەڕمان وابووە کە سەقامگیریی سیاسی و ئابووریی ھەموو عێراق، بەرژەوەندییەکی نیشتمانیی ھاوبەشە و گەشەپێدانی ڕاستەقینە بەدی نایەت ئەگەر لەنێوان بەغدا و ھەولێر، ھەروەھا لەنێوان عێراق و دەوروبەریدا لە وڵاتانی ناوچەکە و جیھان، یەکترتەواوکردن نەبێت.
لەم ڕوانگەیەوە، پشتگیریی تەواوی خۆمان بۆ ئەم پرۆژە گەورەیە دووپات دەکەینەوە و پەرۆشین کە لە زاخۆوە تا فاو ببێتە نموونەیەک بۆ ھاوکارییەکی بنیاتنەرانەی نێوان ھەموو ناوچە و پێکھاتەکانی وڵات، ھەروەھا عێراق و ھاوبەشە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی.
عێراق بە پێگەی جوگرافیی ستراتیژی و سامانی دەوڵەمەندی سروشتی و مرۆیی، دەرفەتێکی گەورەی ھەیە ببێتە ناوەندێکی ئابووریی چالاک و گەورە لە ناوچەکەدا، ھەروەھا ببێتە پردێکی گرنگی بەستنەوەی کەنداو و ئەورووپا و ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا، بەڵام سەرکەوتن لەمەدا، پێویستی بە ھەبوونی چەند بنەمایەکی سەرەکی ھەیە، لەوانە:
ـ چوارچێوەیەکی تۆکمەی یاسایی و ئابووریی بەردەوام کە ھەمیشە ھانی وەبەرھێنانی ناوخۆیی و دەرەکی بدات و زەمینەیەکی ھاندەر و سەرنجڕاکێش بۆ وەبەرھێنان بڕەخسێنێت.
ـ گفتوگۆیەکی سیاسیی بەرپرسیارانەی لایەنە سیاسییەکان و پێکھاتەکانی عێراق لەسەر بنەمای ھاوبەشیی ڕاستەقینە و لێکتێگەییشتن و ڕێککەوتن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵات بە گیان و دیدگای نیشتمانییانە، ھەروەھا بەھێزکردنی دامەزراوە دەستوورییەکان و چەسپاندنی تەواوی سیستمی فیدراڵی.
ـ ستراتیژتێکی ئەمنیی پتەو، تاکوو سەقامگیرییەکی بەردەوام مسۆگەر بکات کە جێی دڵنیایی و متمانەی وەبەرھێنەران بێت و بتوانێت پرۆژەی گەورە لە بوارە جیاکانی ژێرخان لە ھەموو کەرتەکاندا، جێبەجێ بکات.
ھەرەوھا زۆر گرنگ و پێویستە پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان ببێتە پرۆژەیەکی نیشتمانیی عێراقی کە ھەموو ناوچە و شوێن و پێکھاتەکانی عێراق پێکەوە ببەستێتەوە. ببێتە کۆکەرەوەی ھەمووان بێ جیاوازی. نموونەی ھاوبەشیی ڕاستەقینەی عێراقییەکان بێت لە ھەر نەتەوە و ئایین و مەزھەبێک و لە ھەر شوێنێکی وڵات بن. ببێتە ھۆی گەشەپێدانی ئابووریی تەواوی عێراق.
فرەڕەنگیی کۆمەڵگەی عێراق، ھێز و دەوڵەمەندییە. عێراق دەتوانێت ئەم پرۆژەیە بکاتە دەرفەتێک بۆ تێپەڕاندنی ھەموو جیاوازییەکی نەتەوەیی، ئایینی و مەزھەبی، بکاتە ھێزێکی گەورە بۆ ھەموو عێراق کە پێگەی وڵات لەڕووی ئابووری و سیاسی و ستراتیژییەوە بەھێز بکات. ھەروەھا ھەنگاوێکی دروستە بەرەو بنیاتنانی داھاتوویەکی گەشتر بۆ ھەموو عێراقییەکان.
بۆیە پشتگیریی ئێمە لە ھەرێمی کوردستان بۆ ئەم پرۆژەیە، تەنھا لە ڕوانگەی ئابوورییەوە نییە، بەڵکوو لە ڕوانگەی ستراتیژییەوەیە، چونکە بە لای ئێمەوە ھەنگاوێکە بەرەو بەھێزکردنی چەمکی (عێراق وەک دەوڵەتێکی کارا) لە ئاسایش و سەقامگیریی ناوخۆیی و ناوچەیی و ھێزێکی ئابووریی کاریگەر لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا. ھەروەھا دەکرێ لە داھاتوودا ببێتە یەکێک لە ھێزە ئابوورییەکانی جیھان.
ئامادەبووانی بەڕێز..
ڕابردووی عێراق فێری کردووین کە گەشەسەندن و پێشکەوتن لە ژینگەیەکی سەقامگیردا بەدی دێت. سەقامگیریی عێراق لە سەقامگیریی ناوچەکە جیا ناکرێتەوە، بۆیە دەبێت مامەڵە و ڕوانگەمان بۆ گۆڕانکارییە جیۆسیاسییەکان، لەسەر بنەمای ھاوسەنگی، میانڕەوی، ھاوکاری و بەرژەوەندیی ھاوبەش بێت.
بۆیە جەخت لەسەر گرنگیی بەردەوامیی ڕێبازی دیپلۆماسیی کارا دەکەینەوە کە حکوومەتی عێراق بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی، پەیڕەوی دەکات. ھەر لێرەوە بە پێویستی دەزانم دووبارە دەستخۆشی لە جەنابی سەرۆکوەزیران سوودانی بکەم بۆ ھەوڵ و ھەنگاوەکانی لەم پێناوەدا. ئەمە سەلماندی کە عێراق دەتوانێت پردێک بێت بۆ گفتوگۆ، نەک گۆڕەپانێک بێت بۆ ململانێ.
ڕاستە، ئاڵنگاری ھەن، بەڵام لە ھەمان کاتدا عێراق بە دەوڵەمەندیی سامانی مرۆیی و سروشتیی خۆی، پڕە لە دەرفەتیش. سەرکەوتنمان پەیوەستە بە توانامان لە بەڕێوەبردنی فرەیی، جیاوازیی ناوخۆمان، بەھێزکردنی گیانی ھاوبەشی، دانانی بنەماکانی حوکمڕانیی باش و چەسپاندنی سەقامگیریی سیاسی و ئابووری بۆ عێراق. پێویستمان بە پلانی بەردەوام، ئیرادەی سیاسیی جددی و ھاوبەشیی ستراتیژیی ژیرانە ھەیە، ئەم کۆنفرانسەش ھەنگاوێکی گرنگە بەو ئاراستەیەدا.
زۆر سوپاسی پەیمانگای عێراقی دەکەم بۆ ڕێکخستنی ئەم کۆنفرانسە و سەرکەوتن دەخوازم بۆ کارەکانیان. ھیوادارم ڕاسپاردەی بەرھەمداری لێ بکەوێتەوە کە یارمەتیدەر بن لە دانانی نەخشەڕێگەیەکی ڕوون بۆ داھاتوویەکی گەشاوەتر بۆ عێراق.
زۆر سوپاستان دەکەم.
ھیوای ڕۆژێکی خۆش بۆ ھەمووتان دەخوازم..





