د.ئیدریس كۆچه‌ر: هه‌رێمی كوردستان به فه‌رمیی ناوی ده‌چێته سه‌ر نه‌خشه‌ی وزه‌ی جیهان

هه‌ولێر - KDP.info- شاره‌زایه‌كی ئابووری پێی وایه به هه‌نارده‌كردنەوەی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مجاره بە فەرمی ناوی هه‌رێم ده‌چێته سه‌ر نه‌خشه‌ی وزه‌ی جیهان.
د.ئیدریس كۆچه‌ر، شاره‌زای ئابووری به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند "ئه‌گه‌ر هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت كاریگه‌رییه‌كی زۆری له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت، چونكه ده‌بێته سه‌رچاوه‌یه‌كی داهات بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌ت و بۆ عێراق به گشتی، پرۆسه‌ی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و ڕاستییه ده‌سه‌لمێنێ، له‌ڕووی ده‌ستوورییه‌وه په‌سه‌نكردنێكی یاسایی و ده‌ستووری وه‌ر ده‌گرێت، كاتێك دادگای فیدراڵی بڕیاری له‌سه‌ر هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمیی ده‌ركرد، هۆكاره‌كه‌ی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕایه‌وه ڕاگرتنی نه‌وتی هه‌رێم كاریگه‌ری له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی داهاتی عێراق هه‌بوو."
ئه‌و شاره‌زایه‌ی ئابووری ده‌ڵێت "حكوومه‌تی فیدراڵ هه‌وڵ ده‌دات بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم تا ببێته سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه‌ی داهات بۆ عێراق، تا حكوومه‌تی عێراق بتوانێت پابه‌ندییه‌كانی خۆی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه جێبه‌جێ بكات."
د.ئیدریس كۆچه‌ر ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد "یه‌كێك له كاریگه‌رییه‌كانی دیكه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان كاریگه‌رییه‌كی ته‌واوی ده‌بێت له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی وزه له‌سه‌ر ئاستی جیهان، هه‌رێمی كوردستان لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان به شێوه‌یه‌كی فه‌رمیی هه‌ژمار ده‌كرێت، به‌تایبه‌تی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی داکاری نه‌وتیان هەیە، یانیش وڵاتانی خواستیان له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی وزه هه‌یه، من باوه‌ڕم وایە هه‌رێم ناوی ده‌كه‌وێته ناو وزه‌ی جیهانی، بێگومان ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری زۆری هه‌یه له‌سه‌ر پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان."
قائید میرۆ




