"ئەنجامی لیژنەی بەغدا لەبارەی ڕووداوەکەی کەرکووک"

بەغدا -KDP.info- نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق گوتی ئەو لیژنەیەی لە بەغدا پێکھاتبوو کاری خۆی تەواو کردووە و ڕاپۆرتی خۆی تا سەرەتای ھەفتەی داھاتوو تەواو دەکات.
نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق، لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "دوای ئەوەی لیژنەیەک لە بەغدا بۆ بەدواداچوونی ڕووداوەکانی کەرکووک پێکھات و سەردانی کەرکووکمان کرد، هەموو زانیاریێکی پێویستمان لەبارەی ڕووداوەکەوە بە وردی وەرگرتووە و دەکرێتە ڕاپۆرتێک و دەدرێتە سەرۆکوەزیرانی عێراق."
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت گوتیشی "تا ڕۆژی یەکشەممە ڕاپۆرتەکە تەواو دەبێت و ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکرێت، ئەنجامەکان باشن و لە بەرژوەندی جووتیارە کوردەکانی کەرکووک دایە، دوای دەرچوونی یاسای گەڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان لە کەرکووک کە لە ڕۆژنامەش بڵاوکراوەتەوە، تەنیا ئەوە ماوە ئالیەتێک دابنرێت بۆ گەڕاندنەوەی زەویەکان بۆ خاوەنەکانیان، چونکە بۆتە یاسا و تەواو بووە، زەویەکان بۆ خاوەنەکانیان دەگەڕێنەوە، تەنیا بەغدا دەیەوێت لەڕێگەی ئالیەتێکەوە زەویەکان بگەڕێنێتەوە."
بڵند ئیبراھیم




