سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و فەرەنسا وەرەقەیەکی لێکتێگەیشتن واژوو دەکەن

فەرەنسا-KDP.info- نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەڵێت، وەکو شاندێکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان سەردانی پاریسمان کردووە و بڕیارە وەرەقەیەکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی فەرەنسا واژوو بکەین و بۆ یادی ڕۆژنامەگەری کوردیش داوەتی ھەرێمی کوردستانیان بکەین و سبەش سەردانی برۆکسل دەکەین.
نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، حاکم ئازاد حەمەدەمین، لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: شاندێکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان سەردانی پاریسمان کردووە و ئێوارەی ئەمڕۆ لەگەڵ سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی فەرەنسا کۆدەبینەوە بۆ ئەوەی پەیوەندییان لەگەڵ بکەین بێن بەشداری لەیادی ڕۆژنامەگەری ھەرێمی کوردستان بکەن و بەتایبەت ئەنجوومەنێک باڵای نیشتیمانی ھەیە ئەوانیش داوەت بکەین، ھاوکات سبەی سەردانی برۆکسلیش دەکەین و لەوێ یەکێتیەک دروست بووە بەناوی ڕۆژئاوای ئاسیا و ئۆقیانوسی ھێمن و گفتووگۆ دەکەین کە ئێمەش ئەندامین و کاروباری ئەوان لەداھاتوو چۆن ڕێکدەخرێت و ڕۆڵی ئێمە لەناوی چۆن دەبێت.
حاکم ئازاد حەمەدەمین باس لەوەش دەکات و دەڵێ، دەمانەوێت وەرەقەیەکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ سەندیکای فەرەنسا واژوو بکەین و داوەتیان بکەین بۆ کوردستان و سوود لە ئەزموونی ئەوان وەرگرین لە ئەنجوومەنی نیشتیمانی میدیا و زیرەکی دەستکرد، ئێمە ھەردوولامان ئەندامی فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسانی جیھانین و ھەماھەنگی لە نێوان ئۆرگانەکان کارێکی باشە، بۆیە ئێمەش دەمانەوێت بێن لەیادی ڕۆژنامەگەری کوردی بەشداربن و قسە بکەین لەسەر زیرەکی دەستکرد و ئالنگاریەکانی داھاتوو و ئەزموونی ئەوان، بۆیە سەردانەکەمان ماوەی حەوت ڕۆژ دەخایەنێت.
بڵند ئیبراھیم




