٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە هەولێر بەردی بناغەی پڕۆژەیەكی گرنگی ئاوی خواردنەوە دانرا

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- لە ڕێوڕەسمێکدا لە شاری ھەولێر، بەردی بناغەی پڕۆژەی دانان و دابەشکردنی تۆڕی ئاوی ناوخۆ لە ھێڵە لاوەکییەکان بە ھێڵە سەرەکییەکانی پڕۆژەی خێرای گەیاندنی ئاوی ھەولێر دانرا.

پڕۆژەکە بریتییە لە تێکەڵکردنی بۆریی سەرەکیی پڕۆژەی خێرای گەیاندنی ئاوی ھەولێر بە بۆرییە لاوەکییەکانی گەڕەکەکانی شار بۆ ئەوەی لە ھیچ گەڕەک و شوێنێکی شاری ھەولێر گرفتی کەمئاوی نەمێنێت، بەپێی گوتەی سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکە تاوەکو ناوەڕاستی ئەمساڵ ئاوی پڕۆژەکە بە نیوەی گەڕەکەکانی شاری ھەولێر دەگات و گرفتی کەمئاوییان نامێنێت و تاوەکو کۆتایی ئەمساڵیش پڕۆژەکە کۆتایی دێت.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ساڵی ڕابردوو کاتێک بەردی بناغەی پڕۆژەی خێرای گەیاندنی ئاوی ھەولێر دانرا، سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی فەرمانی کرد کە ھەر زوو و ھاوتەریب لەگەڵ ئەو پڕۆژە گرنگە کار لەسەر تێکەڵکردنی ھێڵیی سەرەکی پرۆژەکە بە ھێڵە لاوەکییەکانی گەڕەکەکان بکرێت، ئەمڕۆش ھەر لەسەر فەرمانی ئەو بەردی بناغەی ئەو پڕۆژەیە دادەنێین بۆ ئەوەی ئەو ئاوەی کە دەگەیێنرێتە شاری ھەولێر، بگاتە ماڵان.

لەلایەکی دیکەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر ڕایگەیاند: ھەنگاوێکی دیکە لە چارەسەرکردنی گرفتی چەندین ساڵەی دانیشتووانی شاری ھەولێر دەچینە پێش کە گرفتی کەمئاوییە، ئەگەر ئیرادە و دیدگەی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی نەبووایە لەو دۆخەی کە ئێستا لە ھەرێمی کوردستان ھەیە لەڕووی ئابوورییەوە، نەدەتواندرا ئەو بڕیارە گرنگە بدرێت ئەویش ھەنگاونانە بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەمئاویی دانیشتووانی ھەولێر.

ڕۆژەی دانان و دابەشکردنی تۆڕی ئاوی ناوخۆ لە ھێڵە لاوەکییەکان بە ھێڵە سەرەکییەکانی پڕۆژەی خێرای گەیاندنی ئاوی ھەولێر ماوەی یەک ساڵ دەخایەنێت و تێچووی پڕۆژەکەش ٢٥ ملیار دینارە و لەلایەن کۆمپانیای کەی وەن جێبەجێ دەکرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار