٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەبدولڕەحمان سدیق بۆ KDP"دوای بڕیاری حکوومەت خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی کارەبایی زیادی کردووە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، دوای بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، خواست لەسەر بەکارھێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی زۆر بووە، ھاوکات دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە داوای لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە ئەو ئۆتۆمبێلانە لە پارەی تابلۆش ببەخشرێن." 

ئەندازیار عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەسمی گومرگی لەسەر ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی تەواو کارەبایی بە ڕێژەی (١٠٠%) ھەڵگرت، ئەمەش دوای نووسراوی دەستەی ژینگە بە ژمارە (٢٠٢) لە ٢٩-١١-٢٠٢٤، سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانیش وەک ھەمیشە بۆ بەرژەوەندیی ھاووڵاتییان نووسراوی ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێم کرد بۆ ئەو مەبەستە، ھەروەھا لە ڕێکەوتی ١٦-٢-٢٠٢٥ حکوومەت بڕیاری دا پارەی یەکەم تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی تەواو کارەبایی وەرنەگرێت و لە پارەی ژینگەش خۆش بێت، ئەم ھەنگاوەش بۆ پاکڕاگرتنی ژینگە لەو ڕێکەوتەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە." 

سەرۆکی دەستەی ژینگە باس لەوەش دەکات، "خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە ھەرێمی کوردستان زیادی کردووە، چونکە سێ ساڵ لەمەوپێش لە ھەرێم ژمارەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی کەم بوون، بەڵام ئێستا ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان زیاتر بوون و خواستیان لەسەر زۆرە، بەتایبەت دوای بڕیارەکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ لێخۆشبوون لە باجی ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان." 

سدیق ڕوونیشی کردەوە، "چاوەڕێ دەکرێت ساڵانی داھاتوو ژمارەیەکی زیاتری ئەو ئۆتۆمبێلە کارەباییانە ھاوردەی ھەرێمی کوردستان بکرێن، بەتایبەت کە دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە داوای لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە ئەو ئۆتۆمبێلانە لە پارەی تابلۆش ببەخشرێن، ئەم ڕێنوێنییە لە چوارچێوەی بایەخی بەردەوام و ڕێنوێنییەکانی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانییە بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی پیسبوونی ژینگە و ھاندانی ھاونیشتمانییان بۆ بەکارھێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی." 

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار