ماڵپەڕی KDP ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی وەزیران دەخاتەڕوو

ھەولێر-KDP.info- سبەی چوارشەممە ١٩-٢-٢٠٢٥، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کۆدەبێتەوە و بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆ لەسەر سێ بابەت دەکرێت.
کۆبوونەوەکەی سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لەم سێ بڕگەی خوارەوە پێکھاتووە:
- خستنەڕووی وردەکاریی بەشداریی شاندی باڵای ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی لە لوتکەی جیھانیی حکوومەتەکان لە دوبەی و بابەتی نوێکردنەوەی یاداشتی لەیەکترگەیشتنی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئیمارات و ڕاسپاردنی وەزارەتەکان بۆ کاروباری پێویست سەبارەت بە ناوەڕۆکەکەی.
- خستنەڕووی ڕاپۆرتی لیژنەی ھاوبەشی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق تایبەت بە یەکخستنی ڕێکارەکانی کوالێتی کۆنتڕۆڵ و پۆلینکردنی بەڵێندەران کە یەکێک بووە لە ئەنجامەکانی کۆبوونەوەی ھاوبەشی ھەردوو ئەنجوومەنی وەزاری ھەولێر و بەغدا.
- خستنەڕووی دەرئەنجامەکانی کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی ھاوبەشی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراقی تایبەت بە پرسی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ لە شاری ھەولێر بەڕێوەچوو.




