٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیوەندییەکانی دەرەوەی (PDK) پیرۆزبایی لە ڕێکخراوی (UNPO) دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- لە بیرەوەریی ٣٤ەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوی  UNPO  UNREPRESENTED NATIONS & PEOPLES ORGANIZATION-دا، مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) پیرۆزبایینامەیەکی ئاراستەی دەستەی سەرکردایەتیی ڕێکخراوەکە کرد، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:

لە هەرێمی کوردستانەوە سڵاوتان لێ بێت..

لە بیرەوەریی ٣٤ ساڵەی دامەزراندنی ڕێکخراوی UNPO دا کە لە ١١ی شوباتی ١٩٩١ لە هۆڵەندا و لەلایەن نوێنەرانی ١٥ نەتەوەی بێدەوڵەت لە جیهاندا بڕیاری دامەزراندنی درا و لە ئێستادا نوێنەرانی نزیکەی ٤٤ نەتەوەی بێدەوڵەت تێیدا ئەندامن، لەسەر ناوی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەکتەبی پەیوەندییەکان - بەشی دەرەوە و بە ناوی نەتەوەی کوردەوە وەک یەکێک لە گەورەترین نەتەوەکانی ژێردەستە و دابەشکراو لە جیهاندا، پیرۆزبایی گەرم  و سڵاوی دۆستانە و ئاشتیانە لە کوردستانەوە پێشکەش بە دەستەی سەرۆکایەتی و نوێنەرانی گەلانی ئەندام لە ڕێکخراوەکەتاندا دەکەین و هیوای بەردەوامی و پێشکەوتن و گەشەپێدان بە پەیوەندیی دۆستانەی نێوانمان لەگەڵ ڕێکخراوەکەتان بۆ دەخوازین، کە لە ٣٤ ساڵی ڕابردوودا و لە چەندین وێستگە و کۆنگرە و کۆنفراسی ڕێکخراوەکەتاندا بە هەڵوێستی مرۆڤدۆستانەتان توانیوتانە لەسەر ڕێچکەیەکی ڕاست درێژە بە پتەوترکردنی پەیوەندیی دۆستانە و ئاشتیانەی نێوان نەتەوە بێدەوڵەتەکان و خەبات و چالاکییەکانتان بدەن لە پێناوی یەکسانی و نەهێشتنی نادادپەروەری و بۆ هێنانەدیی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و مافی سەربەخۆیی بۆ نەتەوە بێدەوڵەت و هەڕەشەلێکراوەکان، کە لە پێناوی ماف و ئازادییەکان و بەها مرۆڤایەتییەکان و ئاشتی و یەکسانی خەبات دەکەن و لە چەندین شوێنی جیهاندا ڕووبەڕووی قڕکردن و پاکتاوی ڕەگەزی و پێشێلکاریی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ بوونەتەوە، کە خوازیارن بە ئاشتی و ئازادی و دیموکراسی لەگەڵ نەتەوەکانی تردا بژین و بگەن بە مافە ڕەواکانیان.

لەنێو ئەم نەتەوانەدا کورد لە ڕووی هەژمارەوە و کوردستان لە ڕووی ڕووبەری جوگرافییەوە، بە گەورەترین نەتەوەی ئیتنی لە جیهاندا هەژمار دەکرێت کە نەتەوە و نیشتمانەکەی بە بێ ئارەزووی خۆی بەسەر ٤ وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دابەش کراوە کە بە درێژایی مێژوو هەوڵی تواندنەوەی نەتەوەی کورد دەدرێت لەنێو جەستەی نەتەوەکانی تردا کە کوردستان بەسەریاندا دابەش کراوە.

کورد وەک نەتەوەیەکی ڕەسەن و هەڕەشەلێکراو و جینۆسایدکراو، بەردەوام سیاسەتی پاکتاوی ڕەگەزی و نامرۆڤانە بەرامبەری پەیڕەو دەکرێت و سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤی کورد لەم وڵاتانەدا پێشێل دەکرێت، کە خوازیارە لەگەڵ نەتەوەکانی تردا بە ئاشتی و ئازادی و دیموکراسی بژیت، لە کاتێکدا کورد خەبات دەکات لە پێناوی مانەوەیدا و بە مێتۆدی سیاسی و ئاشتیانە، خوازیارە سیستمی دیموکراسی و کۆمەڵگای مەدەنی لەم وڵاتانەدا پەێرەو بکرێت و ڕێز لە مافەکانی مرۆڤی کورد لە گەییشتن بە ئازادی و کەرامەت و مافی مرۆڤ و خواستی نەتەوەکەمان بگیرێت بۆ بڕیاردان لە مافی چارەنووس.

لە بیرەوەریی ٣٤ ساڵەی دامەزراندنی ڕێکخراوەکەتاندا، بۆ کورد وەک نەتەوەیەکی گەورە و بێدەوڵەت و ئاشتیخواز داوای پشتگیریی زیاتر لە ڕێکخراوەکەتان و بەشدارییەکی چالاکانەتری نەتەوەی کورد لە ڕێکخراوی  UNPO دا دەکەین. لە ڕابردوودا پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) بە فەرمی بەشدارییان کردووە لە کۆنگرەی ساڵانەی ڕێکخراوەکەتان کە لە کەتەلۆنیا بەڕێوە چوو، کە خوازیارین بەشدارییەکی چالاکانەترمان هەبێت لەگەڵ ڕێکخراوەکەتان و پەیوەندیی دۆستانەی بەهێزتریش لە نێوان ڕێکخراوەکەتان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت.

ئێمە لە مەکتەبی پەیوەندییەکان - بەشی دەرەوەی (PDK) خواستی خۆمان بۆ پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوانمان دووپات دەکەینەوە و هیوای سەرکەوتن بۆ ڕێکخراوەکەتان و سەرجەم نوێنەرانی نەتەوەکانی بەشدار لە ڕێکخراوەکەتان دا بە ئاوات دەخوازین.

 

سڵاوی دۆستانە و ئاشتیانەمان لە کوردستانەوە پەسەند بکەن.

 

پارتی دیموکراتی کوردستان    

مەکتەبی پەیوەندییەکان – بەشی دەرەوە

هەواڵی پەیوەندیدار