"بە ھەوڵی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەت لیژنەیەک بۆ چارەسەری کێشەی زەوی جووتیاران پێکھاتووە"

کەرکووک -KDP.info- نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق گوتی: "بە ھەوڵی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لیژنەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەوی جووتیاران لە کەرکووک پێکهاتووە و دەست بەکاربووینە و پێویستە سوپا دەست دە کاری جووتیاران وەرنەدات، بۆیە ڕاپۆرتێکی ورد بە بەڵگەوە ئامادەدەکەین و پێشکەشی سەرۆکوەزیرانی عێراقی دەکەین، بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت."
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "دوای ھەوڵێکی زۆری سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم و پەیوەندیکردن بە حکوومەتی عێراق، بڕیاردرا لیژنەیەک لە فەرماندەی ھێزە ھاوبەشەکانی عێراق پێکبێت بۆ گەیشتن بە واقعی ئەو ڕووداوەی لەنێوان جووتیاران و ھێزی سوپای عێراق لەو ناوچەیە ڕوویدا، ئێمە چووینە شوێنی ڕووداوەکە، لەوێ رێگە نەدرا کاری خۆمان بکەین تا کێشەکە چارەسەر بکرێت، بۆیە گەڕاینەوە شوێنێکی نزیک گوندەکە و لەوێ خەڵکی گوندەکەمان بینی و باسی چۆنیەتی ڕووداوەکەیان کرد، ئێمەش دەیکەینە ڕاپۆرتێک و دەیدەینە سەرۆکوەزیرانی عێراق و تەواوی ڕووداوەکە و ھێرشکردنە سەر جووتیارێک لەسەر تراکتۆر و ھەموو وردەکاریەکانی بۆ باس دەکەین."
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت گوتیشی "لیژنەکە لە کاری خۆی بەردەوامە، ھەموو کوردەکان و ئەوانەی سوپای عێراق لای ئێمەن و ھەموو ڕووداوەکە بە بەڵگەوە ئامادە دەکەین و ئاگاداریشیان دەکەینەوە، بڕیاری دادگا و پەرلەمان ھەیە، ئەو زەوییانەی لە سەردەمی ڕژێمی بەعس لە کورد وەرگیراون بگەڕێندرێتەوە بۆ خاوەنەکانیان و سوپاش چیتر دەست لە کاری جووتیاران وەرنەدات، بەڵام کێشەکان بەردەوام دەبن، چونە ئەو زەوییانەی بەناوی کورد بوون، بەشێکیان لەڕێگەی شارەوانی کەرکووک خراونەتە سەر ناوی عەرەب، بۆیە دوای جێبەجێکردنی بڕیاری دادگا و پەرلەمان پێویستە سەرجەم زەویەکان بۆ خاوەنی ڕەسەنی خۆیان بگەڕێنەوە.
بڵند ئیبراھیم




