مەکتەبی سیاسی ساڵوەگەڕی دامەزراندنی یەکێتیی لاوان پیرۆز دەکات

هەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی (٧٢) ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستانەوە، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە.
ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە:
بەڕێزان/ سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتارییەت و هەڤاڵانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان
ئەمڕۆ بیرەوەریی (٧٢) ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستانە، ئەو ڕێکخراوەی وەک شوورای پۆڵایین و نوێنەری ڕاستەقینەی لاوان، هەمیشە ئاوێنەی خواست و ویستی ئەو توێژە خوێنگەرمە بووە و بۆ بەدیهێنانی ماف و ئامانجەکانیان درێخی نەکردووە.
یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، ڕێکخراوێکی گرنگ و کاریگەری ئەو توێژە بنیاتنەرەی کوردستانە، لەو ڕووەوە شانبەشانی سەندیکا و ڕێکخراوە پیشەییەکانی تر ڕۆڵی خۆی گێڕاوە و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر برەوی بە خەباتی مەدەنیی خۆی داوە.
مێژووی ئەو ڕێکخراوە هێژایە هەمیشە مایەی شانازیی لاوان و گەلەکەمان بووە تا دەستکەوتی زیاتر بۆ ئەو توێژە دەستەبەر بکات و هەر لەو پێناوەشدا بێوچان ژمارەیەک سەرکردە و کادیری دڵسۆزی پێگەیاندووە.
دامەزراندنی یەکێتیی لاوان دەستکەوتێکی دیکەی گرنگ بوو لە بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلەکەمان و هەمیشە لە سەنگەری ئەرک و داکۆکیکردن بووە لە خاکی پیرۆز و بەها شکۆدارەکانی نیشتمان و وڵاتەکەمان.
توێژی لاوان، توێژێکی بایەخدار و کاریگەر بووە لەناو کۆمەڵگەدا، ئەوان هەمیشە خاوەن گوڕوتین و وزە و توانای نوێکردنەوە و سەرلەنوێ بنیاتنانەوەن، بۆیە دەبێ وەک پێشەنگ و شانبەشانی ڕێکخراوەکانی دیکە رۆڵی خۆتان ببینن لە کاری مەدەنی و جەماوەریی خۆتاندا.
لەو هەلومەرجەی ئەمڕۆشماندا ئەرکی سەرشانی هەموو چین و توێژەکانی کومەڵگەی کوردەوارییە، دڵسۆزانە کار بکەن بۆ پتەوکردنی ستوونەکانی حوکمڕانی و ئەو ئەزموونەی هەرێمی کوردستان و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگەکەمان لەسەر بنەمایەکی ڕاست و دروستی هاوچەرخانە و داکۆکیکردن لە دەستکەوتەکانمان و قەوارە سیاسییەکەمان.
لەم بیرەوەریەدا گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی ئێوە و کادیران و سەرجەم ئەندامانی ڕێکخراوەکەتان و لاوانی ئازیزی کوردستان دەکەین، ئومێدەوارین بۆ ساڵی داهاتوو بە پلان و بەرنامەی باشتر و گونجاوتر لە خزمەت لاواندا بن.
لە یادی (٧٢) ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، پشتیوانیی خۆمان بۆ یەکێتییەکەتان دووپات دەکەینەوە بۆ هاندانی لاوە بەهرەمەندەکان و پشتگیری لە کار و چالاکییەکانتان و چارەسەرکردنی کێشە و دەستەبەرکردنی تەواوی ماف و خواست و ویستەکانتان.
سڵاو لە گیانی پاکی ئەو شەهیدە نەمرانەی ژیانی خۆیان لە ڕێگەی سەرفرازیی یەکێتییەکەتان بەخت کرد.
سڵاو لە (٧٢) ساڵ تێکۆشان و خەباتی نەپساوەی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
١٨ی شوباتی ٢٠٢٥




