٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: پشتگیریی بەردەواممان بۆ لاوان دووپات دەکەینەوە و متمانەمان بە تواناکانتان ھەیە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەبۆنەی حەفتا و دوو ساڵەی دامەزراندنییەوە، نێچیرڤان بارزانی، بە گەرمی پیرۆزبایی لە یەکێتی لاوان دەکات و دەڵێت، یەکێتییەکەتان لە دامەزراندنییەوە قوتابخانەی خەبات و ڕێکخستنی لاوان بووە، ھەروەھا بەشداریی لە پێگەیاندنی چەندین کادیر و سەرکردەدا کردووە کە ڕۆڵی گرنگیان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستاندا بینیوە.

دەقی پەیامی پیرۆزبایی نێچیرڤان بارزانی بۆ یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان.

بەڕێزان سکرتێر و ئەندامانی سکرتاریەت و ئەندامانی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان

یادی حەفتا و دوو ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، بە گەرمی لە ھەمووتان پیرۆز دەکەم، ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم لە خزمەتکردنی لاوان و بەھێزکردنی ڕۆڵیان لە بنیاتنانی داھاتوویەکی گەشتر بۆ کوردستان. 

یەکێتییەکەتان لە دامەزراندنییەوە قوتابخانەی خەبات و ڕێکخستنی لاوان بووە، بەشداریی لە پێگەیاندنی چەندین کادیر و سەرکردەدا کردووە کە ڕۆڵی گرنگیان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستاندا بینیوە. شانازی بەو ڕۆژانەوە دەکەم کە لە ڕیزەکانی ئەم یەکێتییەدا کارم کردووە، باش دەزانم گرنگیی ئەم ئەزموونە لە چەسپاندنی گیانی پابەندی و بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بە کۆمەڵگە و نیشتمان چەند گرنگ بووە.

لاوان وەک ھێزی کۆمەڵگە و گیانی داھاتوو، ئەرکێکی سەرەکییان لەسەر شانە بۆ پەرەپێدانی تواناکان و بەھێزکردنی ھەستی بەرپرسیاریەتی نیشتمانی و بنیاتنانی نەوەیەک کە توانای ھەبێت لەگەڵ پێشکەوتنە زانستی و تەکنەلۆجییەکاندا بڕوات. کارکردن لەسەر بڵاوکردنەوەی کولتووری فرەیی و پێکەوەژیان و لێبوردەیی، بەھێزکردنی گیانی داھێنان، بنەمای پێشکەوتن و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی سەقامگیرتر و گەشاوەترە. بۆیە پشتگیریی بەردەواممان بۆ لاوان دووپات دەکەینەوە و متمانەمان بە تواناکانتان ھەیە بۆ ڕێبەرایەتیکردنی ڕەوتی لاوان بەرەو داھاتوویەکی گەشتر.

لەم یادەدا، بە ڕێز و پێزانینەوە شەھیدانی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان و ھەموو شەھیدانی کوردستان بەبیر دەھێنینەوە. سڵاو لە ھەموو ئەو لاوانەی بەردەوامن لە بەخشین و کارکردن لەپێناو کوردستانێکی گەشاوەدا.

جارێکی دیکە پیرۆزباییتان لێ دەکەم و ھیوای سەرکەوتن و بەختەوەریتان بۆ دەخوازم. 

 

نێچیرڤان بارزانی

 ٢٠٢٥/٢/١٨

هەواڵی پەیوەندیدار