پارتی گەلی تورکمان: ئیدانەی بەکارھێنانی توندوتیژی دژی جووتیارە کوردەکانی شەناغە دەکەین

ھەولێر-KDP.info- پارتی گەلی تورکمانی ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی ڕێگریکردنی سوپای عێراق لە جووتیارانی کوردی ناوچەکانی پارێزگای کەرکووک بڵاوکردەوە و داوا لە لایەنە بەرپرسەکان دەکات لێکۆڵینەوەیەکی شەفاف و دادپەروەرانە لە ڕووداوەکه بکەن، و لێپرسینەوە لەگەڵ ئەوانەی بەرپرسن لە بەکارھێنانی توندوتیژی دژی جووتیاران بکرێت، و ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لە دووبارەنەبوونەوەی ئەم جۆرە ڕووداوانە لە داھاتوودا.
دەقی ڕاگەیاندراوی پارتی گەلی تورکمانی.
بە ناوی پارتی گەلی تورکمانەوە، بە توندی ئیدانەی بەکارھێنانی توندوتیژی دەکەین دژی جووتیارە کوردەکانی گوندی شەناغە سەر بە قەزای دووبز، کە ھەوڵی گەڕانەوەیان دەدا بۆ زەوییەکانیان و کێڵانیان دوای ئەوەی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە گەڕێندرانەوە بۆیان، دوای ئەوەی لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا بە زۆر دەستیان بەسەردا گیرابوو و دابەش کرابوون بەسەر ھاوردەکان لە پارێزگاکانی ترەوە.
ئێمە لە پارتی گەلی تورکمانی جەخت لەسەر مافی ھەموو پێکھاتەکان دەکەینەوە بۆ گەڕاندنەوەی زەوییەکانیان بەپێی چوارچێوە یاساییەکان، و ھەر کردارێکی سەرکوتکارانە ڕەت دەکەینەوە دژی ھاووڵاتیانی بێ چەک کە ھەوڵی گەڕاندنەوەی مافە ڕەواکانیان دەدەن.
ھەروەھا جەخت دەکەینەوە لەسەر پێویستی دەست تێوەرنەدانی سوپا لەم کێشانەدا، چونکە ئەرکی سەرەکی سوپا پاراستنی سنوورەکانی وڵات و بەرگری کردنە لێی، نەک دەست تێوەردان لە کێشە مەدەنییەکان کە دەبێت لە ڕێگای کەناڵە یاسایی و کارگێڕییە تایبەتمەندەکانەوە چارەسەر بکرێن.
داوا لە لایەنە بەرپرسەکان دەکەین لێکۆڵینەوەیەکی شەفاف و دادپەروەرانە لە ڕووداوەکانی دواییدا بکەن، و لێپرسینەوە لەگەڵ ئەوانەی بەرپرسن لە بەکارھێنانی توندوتیژی دژی جووتیاران بکرێت، و ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لە دووبارەنەبوونەوەی ئەم جۆرە ڕووداوانە لە داھاتوودا.
ھەروەھا داوای ھێورکردنەوە و زاڵکردنی زمانی دیالۆگ دەکەین بۆ چارەسەرکردنی ھەموو کێشە ھەڵپەسێردراوەکان بە شێوەیەک کە دادپەروەری بەدی بھێنێت و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان ھەموو پێکھاتەکانی کۆمەڵگای عێراقی بپارێزێت.
مەکتەبی سیاسیی پارتی گەلی تورکمان
١٧-٢-٢٠٢٥




