نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەم هەڵسوکەوتانەی سوپای عێراق پێچەوانەی دەستووره

ههولێر-KDP.info- نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندراوێکی لەبارەی رێگریکردنی سوپای عێراق لە جووتیارانی کوردی ناوچەکانی پارێزگای کەرکووک بڵاوکردەوە.
لە راگەیاندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە، "ئەمڕۆ سوپای عێراق بۆ جارێکی تر لە دەورووبەری کەرکووک و بە تایبەتی گوندی شەناغە و چوار گوندی دیکەی سەر بە شارەدێی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک، ڕێگری لە جووتیارانی کورد کرد بچنە سەر زەوییەکانیان."
ئاماژە بەوەش دراوە، "ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرەوپێشچوون هەبووە لە نەهێشتنی شوێنەواری بڕیارەکانی ڕژێمی پێشوو لە گۆڕینی دیموگرافیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و دەستبەسەرداگرتنی زەوی و موڵکی خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش، مانگی ڕابردوو پڕۆژە یاسایەکی تایبەت بە گەڕاندنەوەی زەویوزار بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان پەسەند کرد."
ڕوونیش کراوەتەوە، "ئەم هەڵسوکەوتانەی سوپای عێراق، پێچەوانەی دەستوور و ئەو بنەمایانەیە کە عێراقی نوێی لەسەر بنیات نراوە، چونکە بەکارهێنانی سوپا بۆ ئەم مەبەستانە، پێچەوانەی یاسا و دەستوورە و پێویستە هەرچی زووتر، ئەم هەڵسوکەوتانە کۆتایی پێ بهێنرێت بەر لەوەی لێکەوتەی نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە."




